ڤیان جاف: تەنها گۆڕینی یاسا کێشەی ژنان چارەسەر ناکات

١٧ ساڵ بەسەر چالاکییە گیانبازییەکەی ڤیان جافدا تێپەڕدەبێت، ڤیان میراتێکی لەدوای خۆی بە ژنان بەجێهێشت و لە وتارێکیدا دەربارەی دۆخی ژنان دەڵێت: تەنها گۆڕینی یاسای (غسل العار) نابێتە ڕێگر لەبەردەم تیرۆری ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەیلا والی حسێن ناسراو بە (ڤیان جاف) لە هەندێک نووسینەکانی خۆشیدا بە(ڤیان کاروخ) و (ڤیان سۆران) ناسراو بوو، لەساڵی ١٩٨١ لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لەو شارەدا قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکان، لە ساڵی ١٩٩٧ی بەشداری لە شۆڕشی ئازادی کوردستان دەکات، پێش ١٧ ساڵ و لە چالاکییەکی گیانبازیدا، ڤیان جاف گیانی خۆی فیدای نیشتمان و خاک و ژیان دەکات و دەڵێت: "لە گیان زیاتر هیچی دیکەم نییە بیبەخشم".

 

ڤیان جاف، دەربارەی پرسەکانی ژنان لە وتارێکیدا بە ناوی "تەنها گۆڕینی یاسای (غسل آلعار) نابێتە ڕێگر لەبەردەم تیرۆری ژنان" دەڵێت:

 

ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەکەماندا کێشەی ژنان بۆتە گرێ کوێرەیەکی وەها کە چارەنووسی تەواوی کێشەکانی دیکەشی بەخۆیەوە بنبەستکردوە، ئەم ڕاستیەش لە مێژوویەکی پێنج هەزار ساڵە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە سیستەم و یاسا پیرۆزەکانی قۆناغی دایکسالاری کۆیلەکردنی ڕەگەزی ژن سەریهەڵدا لەگەڵ چەوساندنەوەی چینایەتی، کلتوری، نەتەوەیی، دینی، مەزهەبی، ئیدی پیاوسالارێتی بوو بە یاسایەکی دەست لێبەرنەدراوی سیستەم ئەمڕۆکەش لەگەڵ خۆیدا قەیرانێکی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی کردوەتەوە.

 

 بێگومان ئەمەش پێویستی بە چارەسەرێکی مێژووی هەیە، وەلێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە مێژووییە دەبێت زۆر بە وردی و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە ئەم کێشانە هەڵبسەنگێندرێن، لەسەر ئەم بنەمایەش ئاوڕدانەوە لە ڕەوشی ژنان و گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکاری و چاکسازی و یاسا و ڕێسای کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ لە گۆڕین یان نەگۆڕینی یاساوە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن، بیروبۆچونێکە کە تەواوی چارەسەری کێشەکانی ژن لەخۆ ناگرێت.

 

چونکە کێشەی ژن تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە بەڵکو بە تەواوەتی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیدا پێویستی بە شۆڕشێکی هزری و بونیادنانەوەی سیستەمێکی دیموکراسی و ئازاد هەیە، بە تایبەتیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا یاسا و ڕێسا پیرۆزکراوەکانی عەشایەری و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی پیاوسالاری باڵادەستە، وە ئەگەر هەتاکو ئێستاکە چەمکی پێشمەرگایەتی و حیزبایەتی زمان حاڵ و سەنگەری پاراستنی ئەو پێودانگە خێڵایەتیانە بێت ئەوا ئێمەی ژنان دەبێت بە هێزو متمانە و گەرەنتی ژیانێکی ئازاد، بەجێهێنانی ئەم یاسایە تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر چارەنووسی ژنان دەکات لە نێو کۆمەڵگەکەمان.

 

لە کاتێکدا لە نێو پەرلەمانی حکومەتی هەرێمدا تەنها دوو ژن نوێنەری هەموو ژنانی گەلەکەمانن و تەنیا ئەو دوو ژنە مافی ڕادەربڕین و بڕیاردانیان هەیە کە نیوەی کچان و ژنانی کۆمەڵگەکەمان بگرە زیاتریش بەدەستی نەزانی و نەخوێندەواریەوە دەناڵێنن، هەتاکو ئێستاکەش لە پراکتیکدا هیچ هەوڵێکی بۆ نەدراوە، سیستەمی پەرەوردە و فێرکردنی منداڵان لە نێو خێزان و قوتابخانەدا لەسەر بنەمایەکی پێشکەوتوو ڕێکنەخراوە، بە تایبەتیش بۆ کچان چەمکی ناموس و قسەڵۆکەکانی شەرمە، عەیبە، زەعیفەیە و حەیامان نەبەی تێنەپەڕاندووە.

 

لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی ڕێکخستنێکی بەهێزی کار و خەباتی ژنان و هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لە نێو کۆمەڵگەکەماندا کە تەنها لە ناو شارەکاندا، لە ناو شارەکانیشدا تەنها بە توێژێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوارەوە سنوور و بەندبوون و دەستی ڕێکخستن و خەباتی خۆیان سەبارەت بە ڕەگەزی ژن ناگەیەننە هەر لایەکی کۆمەڵگەکەمان بۆ ئەمەش تێکۆشانی ئازادی و زیندووکردنەوەی ئیرادەی ژنان زۆر بە ڕێڕەوێکی لاوازدا بەڕێوەدەچێت و لە بەرامبەر توندوتیژی ژناندا نابنە خاوەن هەڵوێستی بوێرانە، بۆ ئەمەش بە ڕۆژانە گوێمان لە سوتان و کوشتنی ژنانە.

 

بێگومان گۆڕینی یاسای (غسل العار) بۆ ژنان شتێکی باشە و نکۆڵی لێناکرێت، بەڵام پێویستە تەنها لە ئاخافتندا نەمێنێتەوە و پراکتیزە بکرێت، لە پێناو پراکتیزەکردنیشدا دەبێت ژنان خاوەنی تێکۆشان بن، ئەگەر نا ئەوا چارەنووسی ژنان ڕووبەڕووی زۆری و زەحمەتیەکی یەکجار زۆر دەبێتەوە،  کە بە ناو یاسا گۆڕابێت لە عەمەلیشدا هیچ دیار نەبێت، پێویستە یەکگرتووی ڕێکخراوەکانی ژنان چیدی کەمتەرخەمی تیدا نەکرێت بە پەلە هەنگاوی بۆ بنرێت هەتا بە هەموومانەوە بتوانین گوزارە لە ئێش و ئازارەکانی ژنان بکەن و داوای دەستەبەرکردنی مافەکانیان بکەن، چونکە کۆمەڵگەکەمان تا دوا ڕادە کۆمەڵگەیەکە کە مۆرکی پیاوسالاری پێوە دیارە بە ڕۆژانە دەیان ڕووداوی دڵتەزێنی وەک تیرۆری ژن ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆ ئەمەش ئەرکی زیادەتر دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەی ژنان.

 

دەبێت ڕێکخراوەکانی ژنانیش خۆیان لە سنوری تەسک و دیاریکراو ڕزگار بکەن و دەستی تێکۆشان و خەبات بگەیەننە هەر لایەک، دەبێت بگەنە ئەو باوەڕیەی کە ڕزگاری ژن تەنها لە جەستەدا نەمێنێت و ڕزگاری ڕۆحی و هزریش لە خۆی بگرێت، بۆیە خەباتی ژنان لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر زۆر گرنگە، چونکە هێشتا کۆمەڵگەکەمان بە پێودانگی خێڵەکی هەڵدەسەنگێنرێت، نەک تەنها یاسا پێشێل کراوە بەڵکو مافی سروشتی مرۆڤیش لەم کۆمەڵگەیەدا لەبیرکراوە و ڕووبەڕووی زۆرداری بووەتەوە، هەر بۆیە دەبێت گۆڕانکاری یاساکانی سەبارەت بە ژن لەسەر بنەمای ڕاستینەی ئەم کۆمەڵگایە بێت نەک تەقلیدی ڕۆژئاوا بێت.

 

پێویستە هەوڵ و کۆششی ژنانی کوردیش لە پێناو گۆڕینی یاسادا هەبێت، چونکە ئەگەر پاڵپشتی هەموو ژنانی کۆمەڵگەکەمانی لەپشتەوە نەبێت ئەوا گۆڕێنی ئەم یاسایە نابێتە تەواوکەر و زامنکەری هەموو ئێش و ئازارەکانی ژنان، هەرچەندە وڵاتە ئەوروپیەکانی وەک سوید گوشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ گۆڕانکاری یاسای سەبارەت بە ژنان بێگومان باشە، وەک لەسەرەوەش ئاماژەمان پێکرد بە بێ پشتگیری ژنانی کورد گەرەنتی سەرکەوتن مەحاڵ دەبێت، جا هیچ دیار نییە فشار و زەحمەتی و پێکنەهێنانیش ببێتەوە.

 

بۆیە دەبێت ژنان هەوڵ بدەن لە گۆڕینی ئەم یاسایەوە(غسل‌‌ العار) هەموو یاساکانی دیکەی دژ بە ژنان و دوور لە مافی ژنان بکەنە ئامانج و لە پێناوی گۆڕانکاری سەرتاسەریدا تێبکۆشن و هەوڵ بدەن، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیش لە قۆناغی ئەمڕۆدا، پێویستە ژنان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی هاوچەرخدا هەنگاو بنێن و لە پێناویشیدا چالاکی جۆر بە جۆر ئەنجام بدەن، سەبارەت بە کێشە و چارەسەری مافی ژنان کۆڕ و سیمینار ساز بکرێت.

 

بتوانن لە هەر لایەک بۆ پێشخستنی هۆشیاری و ئاستی فیکری ژنا پەرەپێبدەن بە بوارەکانی هونەر و کولتور و وەرزشی تایبەت بە ژنان، هەروەها پەروەردەی تایبەت بە ژنان و منداڵان بنەمایەکی گرنگە بۆ بەدەسهێنانی مافەکانی ژنان، دەبێت ژنان بێ هەڵوێست نەبن لە بەرامبەر هەر جۆرە مامەڵەیەکی توندوتیژی پیاوسالارانە و خاوەن بیروڕاو هەڵوێستی بوێرانە بن، لە چوارچیوەی مافی سروشتیاندا، دەبێت ڕێکخراوەکانی ژنان بوون بە سەنتەری چارەسەری کێشەی ژن بە گرنگ بزانن بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن ئامێزی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان بکەنەوە و ببنە زامنکەری برین و مەینەتیەکانی بە ساڵەهای تەواوی ژنان.