بۆ گەشتن بە یەکسانی جێندەری تەنیا کارکردن نییە لەسەر یاساکان بەس نییە

شادی نەوزاد - پەرلەمانتار

کارکردن لەپێناو گەیشتن بە یەکسانی جێندەری تەنیا کارکردن نییە لەسەر یاساکان و دەستبەردار بوونی ئەو لایەنانەی دیکە کە کردارەکین و پێویستیان بە کارکردن هەیە لە جەوهەری بڕوا بوونەوە بە مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری، بە پێچەوانەوە ئەوەندەی کارکردن لە بابەتە ژیانییەکان گرنگن، ڕەنگە بە هەموارکردنی یاساکان و داڕشتنی یاسای نوێ نەتوانین کارێکی ئەوتۆ لە کۆمەڵگەکاندا بکەین.

 

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی ئەم ڕۆژانە کاری لەسەر دەکرێت لەجیهاندا لەپێناو گەیشتن بە یەکسانی جێندەری، بابەتی ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانەیە.

 

سوڕی مانگانە وەک بەشێک لە ژیانی مێینە بە درێژایی مێژوو بەردەوام جێی باس و خواس بووە لەسەر ئاستە جیاوازەکان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کارکردن بۆ ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانە وەک دۆخێک کە لە بەشی زۆری تەمەنی هەموو مێیینەیەکدا بوونی هەیە، زۆر کەمبوون تاکوو ئێستا، ئەم وتەیە بۆ هەموو جیهان ڕاستە، هەربۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئوسترالیا کۆڕبەندێکی تایبەت بە بابەتەکە دەبەسترێت، تاکوو هێڵە گشتییەکان دیاریبکرێت و حکومەتەکان کار لەسەر ئەو ئاساییکردنەوەیە بکەن لەسەر هەموو ئاستەکان بەتایبەت بۆ تەمەنەکانی هەرزەکاران و منداڵان، بە دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت بە بابەتەکە بۆ قۆناغە جیاوازکانی خوێندن بەتایبەت و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی شوێنی گشتی و تایبەت.

 

ئاسایی کردنەوەی سوڕی مانگانە بەدەر نییە لە دەستبردن بۆ تێرمە کۆمەڵایەتییە باوەکان بۆ ڕوانین لە سوڕی مانگانە بەپێی کۆمەڵگە جیاوازەکان، دەتوانین بڵێین بەشی زۆری کارەکە پەیوەندی بە تێرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە نەک بابەتی دیکەی کردارەکی، بە مانایەکی دیکە سوڕی مانگانە دەبێت وەک دۆخێکی ئاسایی سەیر بکرێت و دواتر بچینە سەر بابەتە کردارەکییەکانیان.

 

ئەم بابەتە دەیان تێرم و بەشی جیاوازی هەیە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە و چۆنییەتی دروستبوونی ئەو تێرمە کۆمەڵایەتی و دینییانەی پابەندن بە بابەتەکەوە، بەڵام وەک هەموو بابەتەکانی دیکەی پەیوەند بە بابەتی یەکسانی جێندەرییەوە ( هەژاری) بەشی هەرەگەورەی پێکدێنێت، هەژاری لەم بابەتەدا تەنیا مادییات نییە، بەڵکوو هەموو ئەو پێداویستییانەیە کە سوڕی مانگانە پێویستیەتی لە زانیاری ڕاست دەربارەی سوڕی مانگانە و شێوازەکانی مامەڵەکردنی خودی مێینە و دەوروبەر لەگەڵ ئەو دۆخە، هەروەها ڕاستکردنەوەی تێرمە کۆمەڵایەتی و دەرونی و دینییەکان دەربارەی سوری مانگانە، کە بابەتەکە بەشێوەیکی گشتی بە (هەژاری سوڕی مانگانە) ناوزەند دەکرێت و باسی لێوە دەکرێت.

 

بۆ تێگەیشتن لە هەژاری سوڕی مانگانە دەبێت خۆمان لە جێی ئەو کیژۆڵەیە دابنێین کە لە خوێندنگەیە و دەکەوێتە سوڕی مانگانە و هیچ جۆرە پێویستیەکی نییە بۆ پاککردنەوەی خۆی و پارێزگاری لە بە خوێنبوونی جلەکانی، هەروەها زانیارییەکی تەندروستی نییە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.

 

بە واتایەکی دیکە هەژاری سوڕی مانگانە نەتوانینە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پێویستیەکانی سوڕی مانگانە، هەر لە سانتی و حەبی ئازارشکێنەوە تاکوو دەگاتە ڕێنمایی پێویست بۆ تێپەڕاندنی چەند ڕۆژی سوڕی مانگانە و ئامادەکردنی خود بۆ سوڕی مانگانەی داهاتوو، لە چۆنیەتی ئاگاداربوونی خود و پاکوخاوێنی و مامەڵەی تەندروست و زانیاری پێویست، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە زۆرێک لە کولتوورە باوەکاندا وەک دۆخێکی قێزەون و ناشرین تەماشا کراوە و تەماشا دەکرێت، ئەوەشمان بیر نەچێت لە هەر (٥ کچ) کچێک لە خوێندن بێبەش دەبێت، بەهۆی ئەم جۆرە هەژارییەوە، ئەمە داتایەکی دەرئەنجامی توێژینەوەیەکە کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە.

 

کۆمەڵگە و تێڕوانینی کولتووریی وایکردووە هەندێک بیر و ڕای هەڵە و باو باڵ بەسەر دۆخەکەدا بگرێت کە زیانێکی زۆر بە مێینە دەگەیەنێت، وەک نەچوونە گەرماو و بەکارهێنانەوەی دووبارەی پێویستییەکانی سوڕی مانگانە بێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بەو پێداویستیانە و خراپی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژانی سوڕی مانگانە و بەکارنەهێنانی ئازارشکێن و شاردنەوەی سوڕی مانگانە و نابێت کەس بزانێت و بە شەرمەوە باسکردنی بابەتەکە و نەخواردنی هەندێک خواردنی تایبەت و قەدەغەکردنی لەلایەن دایک و خوشکانی گەورەتر و خەتەنەکردنی مێینە، یاخود ئەو بۆچونەی کە پێیوایە خوێنی سوڕی مانگانە هەندێک مادەی ژەهراوی تێدایە بۆیە نابێت ژنان و کچان نزیکی خواردنگە و چێشتخانە ببنەوە لەکاتی سوڕی مانگانەدا، ئەمانە و دەیانی دیکە (بەپیی کۆمەڵگەکان ئەم بابەتانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت) کە دەبنە هۆکاری تووش بوون بە دەیان جۆری جیاواز لە نەخۆشی و بەکتریا بۆ مێینە، هەروەها شەرمکردن لە میینە بوون کە دەبێتە هۆکاری چەند جۆر لە گرێ دەرونییەکانی کە دواتر کار لە کەسایەتی مێینە دەکات.

 

دینەکانیش لە ڕوانینی تایبەتی خۆیان بۆ ئەم بابەتە بەدەر نین و هەریەک لە دینەکان ڕوانینێکی تایبەتیان هەیە بۆی، وەک نەتوانینی ژن بۆ سەردانی پەرستگاکان و گۆڕستانەکان لەو ڕۆژانەدا.

 

ئەوەی جێی تێڕامانە لە هەرێمی کوردستاندا تاکو ئێستا کارێک بۆ ئەم بابەتە نەکراوە لەسەر ئاستی حکومی و هەندێک جاریش بەشدار بوون لە درێژەدان بە دۆخەکە، وەک تەرککردنی بەشێک لە ماددەکانی زیندەوەرزانی و زانستەکان کە باس لە سوڕی مانگانە دەکات و لێنەپێچینەوە لە دۆخەکە (هەرچەندە بەشێک لە ڕێکخراوەکان کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بەڵام تا ئێستا بە دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەگەیشتوون)، هیچ ئامادە باشییەک نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی ئەو دۆخە لە نێوان هەموو ڕەگەزەکاندا، بەو پێیەی لەنێوان ڕەگەزی نێرینەشدا ئێمە پێویستمان بە هەڵمەتی هۆشیاری و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە هەیە تا بتوانن هاوکاری مێینەکان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە بەشێکە لە ژیانی هەموو مێینەیەک.

 

وەک هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە ژنانەوە دەستپێک پێویستمان بە ڕوئیایەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە تا بتوانین ستراتیژ دابنێین و دواتر لەپێناو ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانە و نەهێشتنی هەژاری سوڕی مانگانە کار بکەین.