ژن ژیان ئازادی
شاناز هیرانی – نووسەر
با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ
تاكو ژن ئازاد نەبێت، سەرچاوەی ژین لیخنە
«هێمن موكریانی»
ژن، ژیان، ئازادی تەنها دروشمێكی سادە، بێ ناوەرۆك نییە، بەڵكو رەهەندێكی كۆمەڵایەتی سیاسی قوڵی هەیە و بووەتە دروشمێكی جیهانی. ئێستا ژنانی نەتەوە جیاوازەكانیش بەرزی دەكەنەوە و لە سایەیدا بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان و مافەكانیان خەبات دەكەن.
ئەو دروشمە كوردییە و سەرەتا لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی باكووری كوردستانەوە سەریهەڵدا، كە لەتێڕوانینە فەلسەفییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە گەڵاڵە بووە، چونكە ئۆجەلان لە تێزە فیکری و سیاسیەكانی خۆیدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تا ژنان ئازاد نەبن، كۆمەڵگە ئازاد نابێت.
ڕیشەی چەمكەكانی ژن، ژیان، ئازادی پێشتر لە ئەدەبیاتی شۆرشگێڕی و نەتەوەیی كورددا هەبووە، بەڵام پێڕەوكردنەكەی بەو شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینە سیاسییە. ئەو دروشمە لەناو كوردەواریدا رۆژ دوای رۆژ گەشەیكرد و پەرەیسەند، تا كار گەیشتە سەر ئەوەی لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەكاربێت و لەوەش زیاتر هەندێکجار بەهەمان زمان(كوردی) و هەندێک جاریش بە وەرگێڕدراوی ببێتە وێردی سەر زمانی ژنان و ئازادیخوازانی گەلانی تریش، بۆ نمونە: (عەبیر سەهلانی) پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا و بە ڕەگەزی عێراقی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا لە (ستراسبۆرگ) بۆ پشتیوانی لە ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات و ئێران قژی خۆی بڕی و بە كوردی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی)ی گوتەوە. هەروەها میشیل ئۆباما، هاوسەری باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، هاوڕایی و پشتیوانی خۆی بۆ ژنە بوێرەكانی رۆژهەڵات دەربڕی و ئاماژەی بەوەشدا كە راپەڕینی ئەوان سەرچاوەی ئیلهامیانە.
لە بنچینەدا ئەو دروشمە دروشمێكی فەلسەفی، فیكری، كولتووری، كۆمەڵایەتی و سیاسییە، واتە فرە ڕەهەندە و میتۆدەكەی قەبارە و پانتاییەكی فراوانتری هەیە، ئەگەر بەراوردی ئەم دروشمە لەگەڵ چەند دروشمێكیتری شۆڕشەكانی رابردوو بكەین، دەبینین چەندە دروشمێكی هەمەلایەن و گشتگیر و جیهانیانەیە، تەنانەت خۆی بەهیچ ئایین و چینێك، یان گەل ونەتەوەیەكەوە سنوردار و بچوك نەكردووەتەوە، بەڵكو سەرجەم ڕەهەندە فراوانەكانی مرۆڤایەتیی هەڵگرتووە. (ئەی كرێكارانی جیهان یەكگرن) دروشمێكی جیهانییە و لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی كرێكاراندا لە ڕەوتی خەباتی سەندیكایی، سیاسی و رۆشنبیریدا برەوی سەند. ساڵی ١٨٤٨ هەردوو فەیلەسوفی گەورە (كارڵ ماركس و فریدریك ئەنگڵز) خستیانە ناو مانفێستی حزبی كۆمۆنیست و بەو دروشمە توانییان گیانی یەكگرتوویی لەنێو كرێكاران و چەوساوەکاندا قوڵتر بكەنەوە، بەڵام بەرەیەكی جیهانی فراوان و گەورەشی ڕووبەڕوو بووەوە، بە پێچەوانەی ژن، ژیان، ئازادی بەرەنگارییەكی گەورەی لە بەرامبەردا نابینرێت، چونكە بەهۆی گشتگیربوون و ناوەڕۆكە مرۆڤایەتییەكەیەوە لەگەڵ ئێستا و ئایندەی كۆمەڵی ئادەمیزاد دەگونجێ.
ئەگەر ئەو دروشمە بە دروشمی (برایەتی، یەكسانی، ئازادی)ی شۆڕشی فەڕەنسا بەراورد بكەین، كە سەرتاپای جیهانی گرتەوە، دەبینین ئەویش سێ رەهەندی وەرگرتووە (برایەتی، یەكسانی، ئازادی). دواجاریش كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە بەگشتی بەجێهێشت و تا ئێستاش وەكو نمونەیەكی زیندووئیلهامبەخشە، بەڵام پێگەی ژنان لەناو ئەو دروشمە بەناو باسی لێوەنەکراوە، سەرەڕای ئەو گرنگیەشی شۆڕشەكە بەلاڕێدا بردرا و كارەكتەر و شۆڕشگێرەكانیشی كەوتنە بەر نەشتەری لەناوبردن و كوشتن و بڕین، سەرەنجامیش ناپلیۆن دەستیكرد بە داگیركردنی وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و كردیە كاری لەپێشینەی خۆی و دروشمەكەش هەر تەنیا بە مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە.
ئازادیی ژن لە بنەڕەتدا كێشەیەكی قوڵی مێژوویی خودی كۆمەڵگەیە، بۆیە تا ژن ئازاد نەبێت و بەمافەكانی نەگات، كۆمەڵگەش بە ماف و ئازادییەكانی ناگات. چەندین هەزار ساڵە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەدەست قەیران و كێشەی زۆرەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێ تا كێشەكانی ماف و ئازادییەكانی ژن چارەسەر نەبێت، كێشەی كۆمەڵگەش چارەسەر نابێت. بۆیە ئێستا ژنی كورد لەناو ئەو شۆڕشەدا بۆتە پێشەنگ و كارەكتەری سەرەكی.
تازەترین نمونەش لەم سەردەمەدا بوونی ژنانە لەناو بزوتنەوە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەت چەپەكاندا وەک: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، حزبی دیموكرات، پەكەكە و پەیەدە. بەهێزترین دەركەوتنی ژنیش لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی چەكداریدا بەشداریكردنی یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بوو، كە توانیان ئەزموونێكی وا پیشانبدەن جیهانی بەخۆیان سەرسام بكەن.
لێرەدا دەپرسین: ئایا بۆچی جیهان سەرسامە پێیان؟ لەبەرئەوەی ئەوە تاكە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی ژنانەیە و بە ئایدیۆلۆژیایەكی ژنانەو بۆ بەرگریكردن رسكاوە.
دەركەوتنی ژنان لە جەنگی دژ بەداعش، سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا. میدیاكانی رۆژئاوا گرنگییەكی زۆریان بە رۆڵی شەڕڤانە ژنەكاندا و چەندین فیلم و بەڵگە دۆكۆمینتارییان لەسەر بەرهەمهێنان، كە توانییان هێزە ترسناكەکەی گروپی توندڕەوی داعش تێكبشكێنن و ناوەندی دەوڵەتەكەشیان كۆنترۆڵ بكەن و لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیایەك بوەستنەوە، كە پێیوایە ئەگەر پیاوێك بەدەستی ژنێك بكوژرێت، ناچێتە بەهەشتەوە. ئەم دیاردەیە، كە ژنێك دێت و بە پیاوەكان دەڵێت: من دەتوانم تۆ بكوژم و دەشیكوژێت و چانسی وەرگرتنی كلیلی بەهەشتی لێدەسێنێتەوە. ئا لێرەدا چركەساتی بێداربوونەوەی ئیرادەی چەند هەزار ساڵ خەوتووی ژنە لەسەر زەوی و ژن لەوێدا دێت و گوزارشت لەخۆی دەكات. كەواتە لێرە ژنان لە پێناوی ژیانێكی ئازاد و بەختەوەری كۆمەڵ خەبات دەكەن، نەك هەر بۆ یەكسانی و دەستەبەركردنی مافی ژنان، بەڵكو بۆ ئازاد كردنی كۆمەڵگە لەبیری توندڕەوی و بەتایبەتیش ژنان، كە لەناو ئەو ئایدیۆلۆژیایەدا هەمیشە دەبنە قوربانی و كەرەستەی بەكارهێنەرن بۆ بردنەوەو دۆڕانی شەڕەكان.
دیارە بەپێی هەلومەرجە كۆمەڵایەتییەكان رۆژ بەڕۆژ مانای ئازادی دەگۆڕێت و بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام لای ئێمە كەمترین ئاستی ئازادی دەستەبەر نابێت، تەنانەت فێربوون لە توركیا بە زمانی كوردی قەدەغەیە، كە سەرەتاییترین مافی هەر گەلێكە پارێزگاری لە زمان و كولتوور و فەرهەنگی خۆی بكات، بۆیە ژنان و پیاوان ناچارن بە شێوازی جۆراجۆر خەباتی بۆ بكەن، جا ئەو شێوازە خەباتە بە ڕادەی قوربانیدانیش بێت، چونكە لە كۆمەڵگە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا پێشێلدەكرێت، بەڵام ئێستا بە هاتنە مەیدانی ژنان و بەرزكردنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی خەریكە راپەڕین و جوڵانەوەی ئازادیخوازان مانایەكی قوڵتر و كاریگەرتر بە خەباتەكەیان دەدەن.
سەرچاوە: ژمارە ٦ی گۆڤاری نوێبوونەوە