ئۆپەراسیۆن و شکانی شکۆ
سۆزان حەمە تاتە - ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
ئۆپەراسیۆنە یەک لەدوای یەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو تا دواترینیان کە لە رۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، جگە لە داگیرکردنی خاکی زیاتر و ئەنجامدانی چەندین جۆری جینۆساید تیایدا، هاوکات جۆرێکە لە لەسەرخۆ شکاندنی شکۆی نەتەوەیی، زۆرینەیش لێی بێدەنگن.
تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا، هەرکامیان بن، دەزانن بەشێکی خاکی کوردستانیان لەلایەن زلهێزەکانەوە دراوەتێ، لەبەرئەوەی کورد هێزی لێوەرگرتنەوەیانی نەبووە لەماوەی سەد ساڵی رابردوو، بۆیە کاروانی خەباتی بەردەوام بووە، جەنگاوە و خۆی رادەستنەکردووە، تۆ واز لەوە بێنە لەهەر سەردەمێکدا خۆفرۆش هەبووە و هەشە، بەڵام هەمیشە کاروانی خەبات و چیاکانی کوردستان ئاوەدان بوونە و بڵێشەی شۆڕش زیاتر تاوی سەندووە.
شکۆی نەتەوە راستەوخۆ خۆی لە خاک، ئاڵا، زمان، کولتوور و ناسنامەدا دەبینێتەوە، هەرکام لەوانە کەوتە بەر شاڵاوی داگیرکەر و نەتەوەکەش توانای پاراستنی نەبوو، ئەوە یانی دەشکێت و ئیتر بەهای یەکسانی سفر دەکرێتەوە.
نەتەوەی شکۆدار رێگەنادات ئاسان ئاسان پێ بنێنە سەر شکۆی، بەڵکو دەجەنگێ و دەیپارێزێت، دەمرێ بۆ ئەوەی ئاڵاکەی بەشەکاوەیی بمێنێتەوە، ریزی پەرتبووی رێکدەخاتەوە و بەمەحاڵدا هەڵدەزنێ، رەوڕەوی خەباتی درێژەپێدەدات بۆ ئەوەی سەروەریی و سەربەرزیی خۆی لەدەستنەدات.
کورد مێژوویەکی لە بەرخودان هەیە، بەڵام بەردەوام پەرتبوو و نەسازاو بووە و لە شوێنێک بەشێکی یان هێزێکی سەرکەوتوو بێت، ئەوا هەوڵدراوە لەڕێگەی ناکۆکی ناوخۆیی یان پیلانی دەرەکییەوە کۆتایی پێبهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سوودی لەو مێژووە شکستهێنەرە وەرنەگرتووە و بەئێستایشەوە لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە.
تورکیا چەندینی شوێنی گرنگی لە سنووری دهۆک داگیکردووە، پەکەکەی گەمارۆ داوە و دەیەوێت لە چالاکییان بخات، زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، سوپای تورکیا لە چەندین شوێنی سنووری ئامێدی تەنانەت بازگەیشی داناوە، سەدان گوند چۆڵکراون و ژیانی خەڵکەکەی کەوتوونەتە مەترسییەوە، کەچی هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی رەسمیی دژی تورکیا رانەگەیاندووە و هەر سەرکۆنەی پەکەکە دەکەن.
شکۆی کوردستان بە بەرنامە دەشکێندرێ، یەکدەنگی نەتەوەیی و گوتاری سیاسیی هاوبەشی نیشتمانی بۆ ئێستا لە هەمووکات زیاتر گرنگە و نابێ لەوە زیاتر درەنگ بکەوین و کەمتەرخەم بین، مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە.