گفتوگۆ لەبری بازرگانیكردن بە خوێن

نیاز عەبدوڵا – ڕۆژنامەنووس

هەڵگیرساندنی شەڕ لەنێوان نەتەوەكانی كەركوك و هاندانی خەڵك بۆ بەیەكدادان، هیچ كات ڕێگاچارە نەبووە تا ئێستا بۆ خەڵكی كەركوك و داهاتووی كەركوك ڕزگاری و چارەسەر بێت.

 

بەهۆی زۆری تاوانەكانی ڕژێمی بەعس، پاشان ستەم و فشارەكانی پارتی و یەكێتی، لەگەڵ تاوان و سیاسەتە شۆڤینییەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراق، هەروەها ئەو دەستتێوەردانانەی ئێران و توركیا هەیانبووە بۆ سەر كەركوك و كەركوكییەكان، خەڵكی ئەو شارە كەوتوونەتە ناو ژیانێكی زۆر سەخت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و گۆڕینی دیمۆگرافی، بۆیە لای ئەوان بەرگریكردن لە ناسنامەی كوردبوون بۆتە خەباتێكی ڕۆژانە، ئەوەش ئەو دۆخەیە كە هەرگیز خەڵكی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەو جۆرە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەزموونیان نەكردووە.

 

جارێكی دیكە شەهیدكردنی چەندین كەس لەو شارە، جگە لەوەی سەلمێنەری ستەمی لایەنە شۆڤینییەكان و بۆشایی ئەمنییە، هاوكات دەرخەری لاوازی هێزەكانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی ستراتیژێكی نیشتیمانی ڕوونە لەبارەی ئێستا و داهاتووی كەركوك.

 

بەرەی توركمانی كە لە كەركوك دژ بە كورد و جموجۆڵە سیاسییەكانیەتی و خاوەنی حەشدی توركمانیین، لە كابینەی ٩ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارن و وەزارەت بەڕێوە دەبەن، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە لە پێناو ڕازیكردنی توركەكانی سەر بە دەوڵەتی توركیا، حكومەتی هەرێم سڵ لەوە ناكاتەوە لەناو دوو فاقی سیاسیدا لەگەڵ خەڵكی كەركوك و كوردستان سیاسەت بەڕێوە بەرێت.

 

لەبەرئەوە لەبری هاندان لە ڕێگای میدیا حیزبییەكان و بەیاننامە ناوەڕۆك لاوازەكان كە تەنیا هەست و سۆزی نەتەوەیی دەوروژێنن، پێویستە وتارێكی عەقڵانی و ئاشتیانەی نیشتیمانی بگەیەندرێت و پەخش بكرێت.

 

شەهیدكردنی دوو پێشمەرگە و هاوڵاتییەكی مەدەنی بە فیشەك لە ڕەحیمئاوا، لەگەڵ بوونی چەندین بریندار، خوێنێك نییە وەك كەفی سەر ئاو ببیندرێت و سیاسییەكانی هەرێم بازرگانی پێوە بكەن، ئەوە ئەو خوێنەیە كە بەردەوام لە كەركوك دەتكێت، بەڵام بازرگانەكانی نەوت و سیاسەت، خۆیان و نەوەكانیان پەنجەیەكیشیان نەڕوشاوە، لەم دۆخە هەستیارەدا، ڕاگرتنی شەڕی بە وەكالەت لە ڕێگای كەركوكییەكان و دەستكردن بە گفتوگۆ چارەسەرە، چونكە پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم وەك حكومەتی عێراق و لایەنەكانی دیكە لەبەردەم ئەرك و بەرپرسیارێتیدان، نەك تەنیا بەكارهێنانی سۆزی نەتەوەیی و بەنزین كردن بە ئاگردا.

 

ڕووحی شەهیدانی كەركوك شادبێت و هیوای چاكبوونەوە بۆ سەرجەم بریندارەكان دەخوازم، دەبێت بكوژانی ئەو شەهیدانە دەستگیر بکرێن و دادگایی بكرێن.