‎خوێندکار، شریانی کۆمەڵگە و داڕێژەری دواڕۆژ

د. پەروین عارف

 

لە پۆستێکی پارساڵدا باسم لەوەکرد کە وڵاتی میرنشینەکانی عەرەبیی یەکگرتوو، بڕی ٢٤ ملیارد درهەم، کە دەکاتە ٦.٥ ملیۆن دۆلاریان تەرخانکرد بۆ دامەزراندنی (٧٥) هەزار گەنجی وڵاتەکەیان لە کەرتی تایبەت و بۆ ماوەی (٥) ساڵ.

 

ئەم ڕۆژانەی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەم وڵاتەی ئێمە و هەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی دەرماڵەیەک، کە مرۆڤ لە ڕووی نایەت بڕەکەی بنووسێت، بابەتەکەی پارساڵی وەبیر هێنامەوە و جارێکیتر دووپاتی کردەوە کە لای ئێمە نادادی زۆر دەمێکە خۆرکەیەکە، دەمی چڵێسی ژەنیوەتە هەموو سووچێکی ئەم وڵاتە.

 

خوێندکار، هەتا خوێندکارە، دەبێت لەسەر شەقام بێت بۆ دەرماڵەکەی، کە خوێندنی تەواو کرد، دەچێتە ڕیزی ئەو هەزارەها گەنجەی کە پێش ئەو ڕیزیان بەستووە لە ژێر ئاڵای بێکاراندا!، ئەوانەی دەچنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن لە وەرگرتنی دەرماڵەدا، کوڕ و کچی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندەن بە نەوت وغاز!!

 

ئەمان بە کۆششی خۆیان و کەسوکاریان خوێندن تەواو دەکەن، هەندێکیان بە کولەمەرگی، خوێندکارێک پێی وتم: من دوو هەزار دینارم لە گیرفاندا بوو، کوڕەکەی پۆلەکەم هەر دوو هەفتە جارێک ئۆتۆمبیلێکی تازەی دەهێنا بۆ زانکۆ، ئەو ئۆتۆمبیلی نەدەویست، دەیویست دەرماڵەکەی بەبێ کێشە وەربگرێت.

 

گەنج خاوەنی وڵاتن، هەرچەند وا پیشانبدرێت کە ئەوان، خاوەنی ٢٥٠ دینارە چڵکن و دڕاوەکانن، کە ئێوەش نەتانەوێت، بیر و بۆچوونی سەردەم لای گەنجان، لای ئێوەی باپیرە و داپیرە نیین!

 

وڵاتێک زۆربەی گەنجەکانی هەروەلە بکەن بۆ خۆڕزگارکردن، دواڕۆژی تاریک بەخۆیەوە دەبینێت، بۆ چیمانە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانیی بین، کە دەرماڵەیەکی شەرمهێنەر ( ٦٠ هەزار دینار) دابین نەکرێت بۆ خوێندکار؟

 

وڵاتە پێشکەوتووەکان کێبڕکی دەکەن لە خزمەتکردنی گەنجەکانیان و گوێگرتن لە ڕا و بۆچوونیان، لە وڵاتی ئێمەدا، کەمینەیەک گەنج هەموو شتێکیان هەیە و بمبوورن لەم دەستەواژەیە (شەق لە پارە هەڵدەدەن)، زۆرینەش کە شریانی کۆمەڵگە و دواڕۆژن، یان سەری خۆیان هەڵدەگرن بۆ هەندەرانێکی بێبەزەیی، یان کرێکاری دەکەن  ئەگەر دەستیان بکەوێت، لەدوایدا دەڵێم، ئیدی بەسە، با بەس بێت وەلاخستن و فەرامۆشکردنی دواڕۆژمان، ئاوڕێکی جوامێرانە لە گەنج بدەنەوە هەتا کەشتییەکە بە جارێک ژێرئاو نەکەوتووە.