زمانی کوردی زامێکی کوردیە

نیگار نادر - نووسەر

 

زمانی کوردی مەزنترین شۆڕشگێرە ، لە زۆربەی سیاسیەکانی کارامەترو لە بازرگان و رۆشەنبیرە ساختەکان شکۆمەندترە، هەرچەندە زۆر زامدارە، بەڵام زۆر زیرەکە، زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین بە درێژایی مێژووی کورد، هەرگیز هێندەی ئەو سەردەمە زمانی کوردی بە خراپی بەکارنەهێندراوە و وەک ئامرازێکی کوشندە کەسایەتی مرۆڤی پێ تیرۆر نەکراوە، بەداخەوە ئێستا ئەو زمانە پڕ بووە لە دەستەواژەی تۆمەتبارکردن، لەکەدارکردن و خەوشدارکردن، ڕوونتر بێژم، لە سۆشیال میدیای کوردی دا، تا ئاستێکی سەرسوڕ‌‌‌‌‌هێنەر ناوزڕاندنی پێ ئەنجامدراوە، هەر لە ناوزڕاندنی سیاسی ڕا تا ناوزڕاندنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕۆشەنبیری و تاکەکەسی.

 

زمانی کوردی بە بەردەوامی هەم دوژمنەکانی زەبری لێدەدەن و هەم خاوەنەکانیشی زیان، ئەو زمانە لە زمانی شۆڕشگێڕیەوە بووەتە زمانی شەوتاندن و خەوشاندن، تیکتۆچی و لایڤچیەکان زۆر بە نەشیاوی هەم جوانیەکانی زمانی کوردی دەشەوتێنن، هەم ناوبانگی هاوڵاتیانی پێ دەخەوشێنن و بە زمانێکی زۆر بێزەوەر هێرشی پێدەکەن.

 

لەگەڵ ئەوەی ئەو زمانە زمانێکی بێ خزمەت و سەرکوتکراوە، بەڵام هەر زمانێکی نەبەزە، بە درێژایی مێژوو بە سەدان مرۆڤی شکۆداری، لەسەر بووەتە قوربانی و ئەنفالکراوە و بەسێدارەدا کراوە، بە دەیان ڕوناکبیری لەسەر پەرتەوازە کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو زمانە، زمانێکە تا ئێستاش وەرنەگێڕدراوەتە ناو ئەدەب و سیاسەت و زانست لەو جیهانەدا و زمانێکی تەواو لە شارستانیەت بەجێماوە.

 

لێرەدا کاتی ئەوەیە بپرسین بۆ تا ئێستا وڵات زانکۆ نا بەڵکو تاکە ئەکادیمیایەکی تێدا نیە بۆ فێربوونی زمانی دایک، لە هەمان کاتیشدا بۆ چەندین زانکۆی ئەمەریکی و فەرەنسی لە کێبڕکێی دامەزراندن دان؟ سەرباری ئەوانەش بڕیاری دادگاکان و نووسراوی فەرمیەکان لە دهۆک بە کرمانجی دەنووسرێن و لە هەولێرو سلێمانی بە سۆرانی، هەندێک لە ڕوناکبیرەکانی ئەنستیتۆ بۆ پاراستنی دادەمەزرێنن و هەندێک لە بەرژەوەندیبیرەکانی دەچن هەڵیدەوەشێننەوە!.

 

هەموو ئەو ئاماژانە پێماندەڵین، گەورەترین ئەرکی نیشتمانی و بناغەی نەتەوەسازی لە هەرێمی کوردستاندا، دامەزراندنی وەزارەتێکە بەناوی وەزارەتی پاراستنی زمانی دایک، وە لەناویشیدا هەر دەستەی زمانپاکی نا، بەڵکو دەرکردنی یاسای زمانپاکیە، بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی سیاسی و سەقامگییری، وە فەراهەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کەسی بە مەبەستی پێکەوە ژیانی فرە زمانی و فرە ئایینی سەلامەتتر بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.