ئیسلامی سیاسی و پەچە

کیشوەر غەفور

 

دەمێکە پیلانگێڕێکی ترسناک لەلایەن تورکی شوڤێنی و عەرەبی ئەنفالچی و فارسی شیعەگەر لەئاردایە، بە هاوکاری سیاسیە ئاینییەکان بۆ دەستکەوتی کاری بازرگانی و پێگەی خۆیان، لە هەوڵی سڕینەوەی ناوی کوردی و بەرگی کوردی و کولتو ر و بۆنە کوردیەکاندان، سەرەتا لە مزگەوتەکانەوە هاواریان کرد کە نابێت ناوی منداڵەکان بە کوردی بێت، گوایە زمانی کوردی پیرۆز نییە و (الـلە) لە زمانی نەتەوەیەتیمان حاڵی نابێت، کە خۆی خەلقی کردووین و دەبێت بە عەرەبی و ناوی سەردەمی عەرەبی ئیسلامی بێت، بەداخەوە تا ڕادەیەک سەرکەوتن و تەواوی ناوی کوردییەکان، کە لە ساڵانی پیشوو ناوی باوکیان ڕزگار و ئازاد و هێمن و هۆشیار و بەختیار و ڕێبوار بوو، ئێستا ڕۆڵەکانیان ناویان ئەنەس، ئایە، بیلا و ئیلا، سیدرا، زوحا، ئیلیاس، یوسف، موبین، ئەیمەن، نسیم، نسمە و ئەحمەد و محەمەد و ئەسما و..، کە بە ڕاستی ئەمە سڕینەوەی ناونیشانی کوردییە.

 

لە ڕۆژهەڵاتیش فارسی شیعەگەر ناهێڵن کوردەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن و ناهێڵن کوردەکان بە ناوی کوردی تۆمار بکرێن، هەموو یەکی دوو ناویان هەیە، ناوێک کە خۆیان بە هەستی نەتەوایەتی ناوی کوردی لێدەنێن و ناوێک لەسەر پەڕە بە فارسی یان عەرەبی تۆمار دەکرێن، لە تورکیای شۆڤێنیش بەهەمان شێوە نەک هەرناوی کوردی و نەک هەر خۆیندن، قسەکردن بە زمانی کوردی و گوێگرتن لە گۆرانی کوردیش قەدەغەیە... لە ڕۆژئاوا کوردەکان لە بنەڕەتدا ناسنامەیشیان نەبوو و تۆمار نەکرابوون، هەتا گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ڕوویدا و ناونیشانیان دەرکەوت، ئەویش ئەردۆغان هەڵی کوتایە سەریان و نەیهێشت بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن.

 

بەم شێوەیەی وڵاتانی دەوروبەر لە سڕینەوەی ناونیشانی کودایەتیماندان... دیارە ئیسلامی ئیخوانیەکان بەوە نەوەستان و چوونە ناو خوێندنگا و پەروەردەوە تەواوی خوێندنگا سەرەتاییەکان نوێژی بە کۆمەڵیان پێدەکردن لە خوێندنگە ناوەندیەکانیان و تەواوی خوێندکارانیان کرد بە لەچک بەسەر هەتا دەستیان گەشتە زانکۆکان و هیچ دەسەڵاتێک نەبوو بیانوەستێنێت، بەردەوام بوون لە تەعریبکردنی کوردستان و سڕینەوەی سیمایی کوردایەتیمان، ئێستاش کار گەشتووەتە ئەوەی لەچکەکان بکەن بە پەچە، لە سەردەمی عوسمانی و سەفەوییەکانەوە نەیانتوانی ڕەشوە بکەن بە دەمی ژنی کوردەوە، بەداخەوە دەستێکی نۆکەری خیانەتکار خەریکە سیمای جوانی کوردانەمان دەشێوێنێت و دەیانەوێ بەم شێوەیە نەژادی کورد نەهێڵن.

 

مێژووی پەچە دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی ئیسلام، پەچە هی یەهودیەکانە و ئەوانەی پەچەیان دەکرد، پێیان دەوتن حەریم، دواتر بە پێی گۆڕانکاری ژیان لایان پەسند نەبوو و وتیان ئەم بەرگە دادپەروەری تیادا نییە و کەسێک لە ژێرەوە بە جوانی سەیرت دەکات و تۆش ناتوانی ئەو ببینیت، لەبەر ئەوە پەچەیان لابردووە، دواتر لە سەردەمی عوسمانییەکان برەوی پێدرایەوە، شوڕشی عیلمانیەت سەریهەڵدا لە تەواوی ووڵاتانی بن دەستی عوسمانی کۆتایی پێهاتەوە، لەم دوایانەش لە سعودیە لایانبرد، بەڵام بەداخەوە ئەو پەچە لابراوانە تازە بە تازە لە کوردستان هەڵیدەگرنەوە و ئۆفەری بۆ دەکەن، یەک نیقاب بەرامبەر بە نەفەرێک کەباب بە نرخی نیو نەفەر، ئەمە ئەوپەڕی بێ نرخی و بێ رێزییە بە ژنانەوە، جاران واباوبوو کاتێک کەسێ خێری دەکرد، دەدرا بەوانەی پێویستیانە، کاری خێر کوا مەرج و شەرتی لەگەڵدایە و بۆ کەسی نەبوو بوو.

 

خێر ڕەوایە .. باشە چەندین ساڵە دایک و نەنک و دایە گەورەتان موسڵمان بوون و نە حیجابی ئیخوانی بوون، نە نیقابی سەلەفی موسڵمانیش بوون بە بەرگی کوردی رەسەنی خۆیانەوە، واتا ئێوە لەوان موسڵمانترن، تکایەکی کوردانەم لە هەموو هاوڕێیان هەیە، مەبەستی سەرەکی من پاراستنی ناونیشانی کوردانەمانە، با نەهڵێین سیمای کوردایەتیمان بسڕنەوە، دژی هیچ دین و مەزهەبێک نیم بەڵام نامەوێت لە پێناوی هیچ دین و مەزهەبێکدا ناونیشانی کوردانەمان بسڕدرێتەوە، ئەم جارە ترسناکە چونکە کلکی تەورەکە لە خۆمانە و دەیانەوێت خۆمان بە خۆمان ئەنفال بکەن، وەک پیشەی مێژووییان کە میرنشینەکانیان بەیەکتر لەناوبرد، بە ڕاستی پێویستمان بە شۆڕشێکی فکریە یان فریاد ڕەسێکی نیشتیمانپەروەرە، لەپێناوی نەتەوایەتییدا بجەنگێت، نەک مانەوەی حیزبایەتی.