ئەرک و مافەکانی ڕۆژنامەگەری

نەجیبە مەحمود

ئازادیی ڕۆژنامەگەری؛ یەکێکە لە پایە ئەساسەکانی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، کە ڕۆژنامەنووس نوێنەرایەتی کۆمەڵگە دەکات لە رێگەی گەیاندنی زانیاریەکان و ئەرکی گەشدان بە فکری تاک و دروستکردنی ڕای گشتی، هەر بۆیە لێرەوە باس لە گرنگی ئەرک و مافی ڕۆژنامەوان دەکەم :

 

١. ئەگەر پێناسەیەک بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری بکەین، دەبێت بڵێن پێویستە ڕۆژنامەوان بۆ بە دەستهێنانی زانیاری پێویستی بە بەدواچون و لێکۆڵینەوەی هەواڵ و بابەتەکان و سەرچاوەکانی هەواڵ هەیە بە بێ سنوردارکردن، هەروەها مافی بڵاوکردنەوە، نووسین و قسەکردن بە بێ مەترسی .

 

٢. گرنگی ئازادی ڕۆژنامەوانی کە دەور و نەخشێکی یەکجار گەورەی هەیە لە گەشەدان بە دیموکراسی زیادکردنی شەفافیەت و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی، پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ، ئەو ئازادییە ڕۆژنامەگەرییە یارمەتی ڕۆژنامەوانان دەدات کە هەواڵ و زانیاری گرنگ و دەقیق بدات بە هاوڵاتیان بە بێ سنوردارکردن. هەروەها هاوکات لەگەڵ بوونی ئەو مافە بۆ ڕۆژنامەوانان بەرپرسیاریەتیەکی تایبەتیشیان لە ئەستۆیە ئەویش، ئەخلاقی پیشەییە، وردی لە گەیاندنی ڕاست و دروستی هەواڵەکە، رێزگرتن لە مافەکانی بەرامبەر، ئەو بەپرسیارێتیە دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی گشتی بە ڕۆژنامەوانان و گەیاندنەکانیان..

 

٣. هەروەها ئازادی ڕۆژنامەگەری وەک پایەکی ئەساسی، بنەماکانی دیموکراسی، پێویستە لەسەر حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی پارێزگاری لە ڕۆژنامەوانان بکەن، تا کۆمەڵگە بتوانێت بە ڕێگەیەکی گەش و شەفاف و بەرەوپێش بروات .

٤. هەروەها ئەرکی حکومەتە کە پارێزگاری بکات لە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەوانان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک .

 

٥. ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و کاراکردنی یاساکانی ڕۆژنامەگەری.

٦. بڵاو کردنەوەی زانیاری و هۆشیاری لەبارەی گرنگی کاری ڕۆژنامەوانی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ...

٧. بوونی پەیوەندی نێوان گروپە مەدەنیەکان و ڕۆژنامەوانان لە ڕێگەی کۆر و کۆبوونەوە و کۆنفرانسات وپێکەوە کارکردن و گۆرینەوەی ئەزموونەکان، دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی فەزایەکی تەندروستی کارکردن ورێنماییی و پارێزگاری کردن لەیەکتر .

 

٨. هەروەها کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت ڕۆڵێکی بەهێزی هەبێت لە گەشەدان بە تواناکانی ڕۆژنامەوانان لە ڕێگەی فێرکردن و ڕاهێنان لە بەهرەمەندکردنیان لە بەهێزکردنی تواناکان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەرجۆرە کێشەیەکی پیشەیی، کە باشترین ڕێگەکانی ڕووبەڕوو بوونەوە هەڵبژێرن بە بێ زەرەر و زیان .

٩. کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بکات لەبارەی گرنگی ڕۆژنامەوانی و ڕۆڵ و ئەرکەکانییەوە.