ئایا سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری دەكات؟

هەڵوێست عەبدوڵا كەریم

 

پەرتووكی (ئایا سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری دەكات؟) یەكێكە لەو بڵاوكراوانەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی ژنان لە پێناو ئازادی، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوە و بڵاوكراوەتەوە. ئەم پەرتووكە لە لایەن ئیڤلین ڕید نووسراوە و لە لایەن دەزگای پاسفایندەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

 

نووسەر، ڕای وایە، پێگەی ئەمڕۆی ژنان لە كۆمەڵگادا، بەهۆی پڕۆسەیەكی دوور و درێژی مێژوویی شكڵی گرتووە. لەگەڵ هەڵكشانی سیستەمی چینایەتی سروشتی جەستەی ژن دەبێت بە بەهانەیەكی ئایدیۆلۆژی بۆ هێشتنەوەی لە دۆخی كۆیلایەتیدا، واتە ئەوە سروشتی جەستەی ژن نییە بە دۆخی ئەمڕۆی گەیاندووە، بەڵكوو ئەوە دەرئەنجامی سروشتی سیستەمی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییە پێگەی ژنی وەك كاڵا و پاشكۆی پیاو لێكردووە. هەر ئەو كۆپەیوەندییەش ئەو زهنیەتەی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوەتەوە، کە پاشكۆیی ئەمڕۆی ژن گرێبدەینەوە بە جەستە و چارەنووسی كۆتایی ژن لە كۆمەڵگادا.

 

ئیڤلین جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هۆكارە ڕاستەقینەكانی ژێردەستەی ژنان لە ئەمڕۆدا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خودی سیستەمەوە هەیە، نەك كۆمەڵگا و پێدراوی سروشت.

 

نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ پەرتووكی "بنەچەی خێزان، خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت"، كە لەلایەن فرێدریك ئەنگڵسەوە نووسراوە. ئەنگڵس لەو بەرهەمەیدا، ئاماژەی پشت پەرەسەندنی پەیوەندییە خێزانییەكان ڕوون دەكاتەوە، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی پەیوەندییە ئابووریی و ئامرازەكانی بەرهەمهێنان.

 

زۆرێک لە ژنانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی، کە لێکۆڵینەوەیان لە کتێبەکەی ئەنگڵس کردووە، لەوە تێگەیشتوون، ڕەگەکانی پرس و سەرکوتکردنی ژنان سەرچاوەکەی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدایە و هەر لەوێشدا پێویستە بەدوایدا بگەڕێین، ئەوان دەستەواژەی "جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز" بەکاردەهێنن، بۆ وەسفکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری کە جیاکاری لە دژی ژنان لە هەموو وردەکارییەکی ژیاندا پەراوە(نمایش) دەکات. هەرئەوەش هەلومەرجێکی دروستکردووە، بەشێک لە ژنان و پیاوانیش وا تێبگەن ئەوە سروشتی ژن و ڕەگەزەکەیەتی، پلە و پێگەی وەک قەدەرێک لە مێژوودا دیاریکردووە، نەک سیستەم. هەر ئەم تیگەیشتنەیش ڕەنگدانەوەی هەبووە ژن وەک ڕەگەزی دووەم سەیر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

 

ئەم تێڕوانینە لە کۆمەڵگا جیاجیاکاندا ڕەنگی داوەتەوە و وەک تێڕوانینێکی سروشتی بۆ پێگەی ژن سەیر دەکرێت و زاڵە لە لایەن ڕەگەزەکەی دیکەوە/پیاو، کە نەک تەنیا مێژوو دەنووسێتەوە، بەڵکوو زاڵن بەسەر زانستیشدا، بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای ژن وەک خۆی بمێنێتەوە.

 

"ڕەگەزی دووەم" بەخۆی ناونیشانی کتێبێکە لەبارەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا و لەلایەن فەیلەسوفی بوونگەرایی فەرەنسی سیمۆن دی بۆڤوارەوە نووسراوە و لە ساڵی ١٩٤٩ چاپ کراوە. ئەم کتێبە بە خاڵی دەستپێکی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم دادەنرێت و بۆڤوار شیکارییەکی ورد بۆ مێژووی چەوساندنەوەی ژنان دەکات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ژن دەکرێت بە ڕەگەزی دووەم.

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لە بنەمادا ئاژەڵەكان كۆیلەی سرووشتن، ئەوان تەسلیمی هێز و پڕۆسەی بایۆلۆژی بوون، كە ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن. لە بەرانبەردا مرۆڤ ئەو پەیوەندییەی لە ڕێگەی كاركردنەوە هەڵگەڕاندەوە و كاریگەری لەسەر سروشت دانا، تا ئاستی پاوانكردن. هەربۆیە دوای چەندین سەدە لە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری پیاوسالاری و لە هەنگاوی یەكەمدا دەستی گرت بەسەر پیشەسازی فوسل فۆیل- (سووتەمەنی و پاشماوە بەبەردبووەكان)، هەنگاوی ناو و خەڵوز و پاشان نەوتی دۆزرایەوە. ئەم پرۆسەیە وەهمێكی دروست كرد، کە زەوی، سروشت و ژن ناچالاكن-پاسیڤن و تەنیا ئەركیان بەرهەمهێنانە. هەر ئەمەیە كە پێی دەڵێن داگیركردنی ژن و سروشت و لەو كاتەوەیە کە جەنگ دژی سروشت و ژن دەستیپێكردووە، بۆ ئەمەش زانست بە تەواوی بەكارهاتووە.

 

ئیڤلین لەم پەرتووكەدا، بە وردی باس لە هەیمەنەی سیستەی پیاوسالاری سەرمایەداری دەكات، بەسەر لقەكانی زانستی وەك بایۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا، ئەو دوو لقەی زانست بە زانستی لایەنداری پیاو دادەنێت و بەكارهێنراون بۆ كەمكردنەوەی پێگە و ئاستی فكری و عەقڵی ژن.

 

بیردۆزی منداڵدان و نزمكردنەوەی پێگەی ژن

زانستی بایۆلۆژیا وەك زانستی ئەنسرۆپۆلۆژیا زۆر بە خراپی و تا ئاستی ناڕاستی و دۆزینەوەی زانستی بە لایەنداری و بەرژەوەندی پیاوان و دژی ژن بەكارهێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زانایانی ئەم دوو لقە لە خێزانی بۆرژواكان بوون. ئەوان گریمانەی ئەوەیان دانا بەهۆی بوونی منداڵدان لە ژندا ئەوان ناتوانن خۆیان لە كۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕۆڵە بایۆلۆژییەكەی ئازاد بكەن، هەربۆیە دەبێت ملكەچی ئەركەكەی بێت، كە منداڵ بوونە. بۆیە ئەم ئەركە جارێكی دیكە دژی ژن بەكارهێنرایەوە و ژنان بە گێل لەقەڵەم دەدران بەهۆی ئەو ئەركانەی منداڵدان هەیەتی لە پڕۆسەی منداڵ دروستكردندا. لە بەرانبەردا هێزی بازووی پیاو بەرانبەر بە منداڵدانی ژن و وەك هێزێك بۆ پیاوان سەیركراوە و بەردەوام پێگەی پیاوی بەرزكردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و بەكارهێنانی ئامێر ئەو گریمانەیە تا ڕادەیەك لاواز بووە.

 

دواتر ئیڤلین باس لەوە دەكات، لەگەڵ هەڵكشانی سیستەمی پیاوسالاری چینایەتی، سروشتی جەستەی ژن كراوە بە بەهانەیەكی ئایدۆلۆژی تا بە بەردەوامی ڕێگری لە ژن بكرێت، بەشداری لە ژیانی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی نەكات و لە دۆخی كۆیلایەتیدا بهێڵدرێتەوە.

 

هەر ئەمەش هۆكاربوو لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەدا، کە ژنان دروشمی "سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری ناكات" بەرزبكەنەوە، پێویستە ئەم دروشمە ببێتە دروشی بزووتنەوەی ژنان، وەك ناونیشانێك بۆ تێگەیشتن و هەڵوەشاندنەوەی كۆپەیوەندییەكە و بەدیهێنانی ژیانێكی تر، ژیانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری.

 

ئیڤلین ڕید

ئیڤلین ڕید تیكۆشەرێكی سەرسەختی مافەكانی ژنان بووە، لە ساڵانی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوو پەیوەندی بە حزبی كرێكارانی سۆشیالیستی دەكات لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ساڵی ١٩٤٠دەبێتە سكرتێری حزب و لەساڵی ١٩٧٩ كۆچی دوای دەكات. ئەو یەكێك بوو لە ئەندامان و دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی نیشتمانی ژنان بۆ ئەوەی مافی لەباربردن بە یاسایی بكرێت، ئەندام و دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی نەتەوەیی ژنان بووە.

 

ئەم پەرتووكەی لەسەروبەندی سەرهەڵدان و تێكۆشانی ژنان لە حەفتاكانی سەدەی بیستەم نووسيوە. ئەم پەرتوکە بۆ سەر زمانەكانی فارسی، فەرەنسی، ئیسپانی، سویدی، ئیتاڵی، توركی و ئەندەنوسی وەرگێڕدراوە، ئیڤلین، نووسەری چەندین كتێبی ترە، وەك كێشەكان دەربارەی ڕزگاربوونی ژنان، كەرەستەكانی جوانكاری فاشن و پاوانكردنی ژن، سێكسیزم و زانست.