ژن و سیاسەت

شنە بەرزنجی - نووسەر و ڕۆژنامەنووس

 

ڕووبەری سیاسیی ئێمە، ڕووبەرێكی پیاوانەیە. ڕووبەرێكە لە كەمترین شوێن و كەمترین وێستگەدا ژن ئامادەیی هەیە تێیدا. نائامادەیی ژن لەم ڕووبەرەدا پەیوەندی بە كێشەی جێندەرییەوە نییە، پەیوەندی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، ڕەگ و ڕیشەكانی لەناو كەلتوور و پەروەردەدان. حزبی كوردی لە باشوور (بە هەموویانەوە) حزبگەلێك نین توانیبێتیان لە ڕێگای ئایدۆلۆژیاكەیانەوە لەم تێگەیشتنە بێنە دەرەوە، بەڵكو تەواوی وزەی ئایدۆلۆژیی حزبی كوردی خزمەتكردن بووە بەو تێگەیشتنە نەریتی و كەلتووری و پەروەردەییەی، كە ژن دەكاتە دەرەوەی ڕووبەری سیاسیی. ئێمە ناپرسین بۆ ئامادەیی ژن كەمە لەم ڕووبەرەدا، ئێمە دەپرسین ئەو عەقڵە نێرانەیە چی لەناو ڕووبەری سیاسییدا بەرهەمهێناوە، توانای زیاتربێت لە توانای عەقڵی ژن؟ ئەزموونی ڕابردووی سیاسەتكردن لەم هەرێمە دەریخست ئەزموونێكی سەركەوتوو نەبووە، ئەزموونێكی شكستخواردوو بووە، ئەزمونێك بووە نەك هەر نەیتوانی دەست بۆ گۆڕینی تێگەیشتنە نەریتییەكان ببات، بەڵكو نەیتوانی بونیادی كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش چارەبكات. هەر ئەو عەقڵەی پێی وایە، كێشەی ژن لەم مەملەكەتە كێشەیەكی جێندەرییە، هەر ئەو عەقڵە ناتوانێت بنەوانی كۆمەڵگە و بنەوانی كەلتوور و پەروەردە وەك خۆی بناسێت.

 

ئێمە نیگەران نیین لەو نوخبە سیاسییەی وێنای سیاسەت ئەكێشن، نیگەرانین لە تەواوی پێكهاتەی عەقڵی سیاسیی و فەرهەنگیی، چونكە كێشەكان لە خودی عەقڵەكانەوە سەرچاوە دەگرن، نەك لەو نوخبە پیاوەی ناو ڕووبەری سیاسیی. ئەشێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە گرنگە، جارێكی كە خوێندنەوە بۆ تەواوی كەلتوور و پەروەردە و ئایدۆلۆژیای حزبی بكەین. ئەو تێگەیشتنە هەڵوەشێنینەوە كە ژن دەكاتە دەرەوەی ڕووبەرێكی گەورەی سیاسیی، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تەواوی كۆمەڵگەوە هەیە. نموونەی چەند ژنێك لەناو ئەم ڕووبەرەدا، نابێتە ئومێدێك خۆمانی پێوە هەڵبواسین، چونكە ئەو نموونانەش گیرۆدەن بە دەست هەمان تێگەیشتنە نەریتییەكەوە، ڕۆژانە دەرگیری ئازار و تانە لێدان دەبنەوە و خۆیان بە نامۆ دەبینین لەو ڕووبەرەدا.

 

بۆ ئەوەی ڕووبەری سیاسیی ئێمە ڕووبەرێكی یەك ڕەنگی نێرانە نەبێت، بۆ ئەوەی كێشەی نائامادەیی ژن لەم ڕووبەرە كۆتایی بێت، پێش هەمووشت دەبێت ئەو كێشەیە لە دیدی جێندەری ڕزگار بكەین، بیكەینە كێشەیەكی كەلتووری و پەروەردەیی. هەتا تێگەیشتنە نەریتی و كەلتوورییەكەی دەستكاری نەكەین، تا جارێكی كە پەروەردەی كۆمەڵگە نەگۆڕین بۆ پەروەردەیەكی پێكەوە بوون، پێكەوە كاركردن، پێكەوە بیركردنەوە، بێگومان ئەم كێشەیە بە دیدگای جێندەری چارە ناكرێت.

 

كەم نین ئەو ژنانەی بەردەوام هاواری نائامادەیی ژن دەكەن لە ڕووبەری سیاسییدا، كەمیش نین ئەو پیاوانەی ئەم بروایەیان هەیە و نیگەرانن لێی، ئەما هێشتا زۆر كەمن ئەوانەی بتوانن بنەوانی كێشەكە وەك خۆی ببینن. ژن بۆ ئەوەی لەماڵ بێتە دەرەوە و ببێتە هێزێكی كاریگەر و كاركەری ناو كۆمەڵگە، پێویستە فەزای بۆ دروستبكرێت. ژن بۆ ئەوەی لەناو ڕووبەری سیاسیدا شوێنێكی گرنگی هەبێت، پێویستە ئەو تێگەیشتنە نەریتییە پیاوانەیە گۆڕانی بنەرەتی بەسەردا بێت. ژن بۆ ئەوەی نەبێتە سێبەری پیاو، سێبەری تێگەیشتنی پیاوانە، پێویستە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بیركردنەوەكانی و تواناكانی بكرێت. ستایشكردنی ژن وەك دایك و وەك مەخلوقێكی میهرەبان، دادی ئەم بۆ شاییە گەورەیە نادات. بینینی ژن بە چاوێكی پیاوانەوە بۆ جوانییەكەی، بۆ ناسكییەكەی، دادی ئەم خەمە گەورەیە نادات.

 

خەمی نائامادەیی ژن لە شوێنە گرنگەكان، لەو شوێنانەی چارەنووسی كۆمەڵگەیان بەدەستەوەیە، خەمێكە لە دەرەوەی نمایشی ڕێكخراوەیی و نمایشی گوتاری فریودەرانەدایە. خەمێكە پێویستە پێكەوە كاری بۆ بكرێت و پێویستە پێكەوە بیری لێبكرێتەوە، تا ئەم دیوە بەهێزەی كۆمەڵگە كە ژنە بچێتەوە شوێنە ڕاستەقینەكەی خۆی. شوێنی ژن تەنها ماڵەوە و ناو جیهانی میهرەبانی و دایكایەتی نییە، شوێنی ژن هەموو ئەو شوێنانەیە كە كۆمەڵگە و سیاسەت و ئابووریی تێیدا شوێنن. هەرچۆن ژن بەشێكی گرنگی كۆمەڵگەیە، ئاواش بەشێكی گرنگی ڕووبەری سیاسیی و فەرهەنگی و ئابوورییە. بەشێكی گرنگە ئەدەب و نووسینە. بەشێكە دیوێكی كۆمەڵگە وێنا دەكات، پەراوێزخستنی ئەم دیوە گرنگەی كۆمەڵگە، پەراوێزخستنی وزەیەكی گەورەی كۆمەڵگەیە.

 

ئێمە ناڵێین با تەواوی ڕووبەری سیاسیی و بریاردان و ئابووریی ببێت بە ژن، بەڵام دەڵێین: نا ئامادەیی ژن لەم شوێنە گرنگانەدا و كەم ڕەنگی ژن لەم شوێنانەدا، بۆ خۆی دروستكردنی درزێكی گەورەیە لەناو پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسییدا. بۆشایەكی گەورەی عەقڵییە كە ئەم بۆ شاییە تێگەیشتنە نەریتییەكە دروستی كردووە و حزب و ئایدۆلۆژیاش بەردەوام خزمەتی ئەم تێگەیشتنە دەكات، بەبێ‌ ئەوەی ئاگاداربێت كۆتایی ئەم چیرۆكە چ قڵیشانێكی كۆمەڵایەتی دروست دەكات.