کوشتنی ڕێبێکا چێپتێگی و ژنانی دیکە لە سەرانسەری جیهان

دکتۆر ئیڤێلینا یو ئۆچاب - پارێزەر و نووسەری فۆربێسە.

مردنی دڵتەزێنی وەرزشکاری ئۆڵۆمپی ڕێبێکا چێپێتگی کە لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە ئاگری تێبەردرا، بانگەوازێکی بەئاگاهێنانەوەیە بۆ ئەو ژنکوژییە بێوچانە لە کینیا و جیهاندا. ئایا توڕەیی ژنانی ناڕازی دەتوانێت ئەمجارە گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە دروست بکات؟

 

ڕێبێکا چێپێتێگی، ڕاکەری مەودای دووری ئۆڵۆمپی خەڵکی ئۆگاندا، لە مانگی ئەیلولی ساڵی دوای چەند ڕۆژێک لە دوای ئەوەی خۆشەویستەکەی بە بەنزین لێیدا و ئاگری لە ماڵەکەیان لە کینیا بەردا، ٢٠٢٤ کۆچی دوایی کرد.

دوای مردنی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی کینیا و داوای ڕێوشوێنی دژی توندوتیژی ڕەگەزی بەتایبەتی ژنکوژی دەکەن. ڕێبێکا چێپێتگی سێیەم وەرزشکاری ژن بوو کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە کینیا کوژرا. لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەگنێس تیروپ، ڕاکەری ڕیکۆرد شکێن، لە ماڵەکەی خۆیدا بە چەقۆ کوژرا. هاوسەری پێشووی لە ئێستادا دادگایی دەکرێت بەڵام تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ تەرمی وەرزشوان داماریس موتوا لە ڕووداوێکی گومانی توندوتیژی خێزانییدا دۆزرایەوە. ئەم سێ ژنە تەنها بەشێکی کەمن لەو سەدان ژن و کچەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە کینیا کوژراون.

 

ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ شتێکی نوێ نییە. هەروەها لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ ژنان لە کینیا دوای شەپۆلێکی کوشتن ناڕەزایەتیان دەربڕی. هەر لەو مانگەدا دەیان ژن لەو وڵاتە کوژران. لەنێویاندا سکارلێت واهوو، یوتیوبێرێکی بەناوبانگی ئۆنلاین و ڕیتا ڤینی، خوێندکاری کۆلێژ کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا و قەساب کرا. بە گشتی کینیا لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر کوشتنی بەخۆیەوە بینیوە و یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەی کوشتن لە جیهاندا. بە درێژایی ئەم ناڕەزایەتیانە، ژنان لە کینیا تەنیا داوای پێناسەکردنی "ژنکوژی" دەکەن وەک تاوانێکی تاوانکاری جیاواز و سزای توندتر. لە ئێستادا تاوانی کوشتنی ژن بەلایەنی کەمەوە لە ١٦ وڵاتی جیهاندا، لەوانە کۆستاریکا و مەکسیک تۆمارکراوە.

 

ژنکوژی دڕندانەترین و توندڕەوترین شێوەی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان و کچان. ئەم جۆرە کوشتنانە، زۆرجار لە ئەنجامی ڕۆڵی ڕەگەزی کۆنەپەرستانە، جیاکاری لە دژی ژنان و کچان، پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات لە نێوان ژن و پیاو و نۆرمە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکاندا سەرچاوە دەگرن. سەرەڕای پەرەسەندنی هۆشیاری لەم بابەتە، ژنکوژی بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) دۆزینەوەیەکی مەترسیداری لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە سەبارەت بە قەبارەی دۆخەکە بڵاوکردەوە، لەوانە:

لەو ساڵەدا نزیکەی ٨٩ هەزار ژن و کچ بە ئەنقەست کوژراون، کە دەتوانرێت بە بەرزترین ئاماری ساڵانەی تۆمارکراو لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەژمار بکرێت.

 

هەرچەندە کۆی ژمارەی کوشتنەکان لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی بە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام ژمارەی کوشتنی ژنان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

 

نزیکەی ٤٨ هەزار و ٨٠٠ ژن و کچ لە جیهاندا لە لاتەن هاوژین، خۆشەویست یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیانەوە کوژراون. (بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٣ ژن یان کچ لەلایەن ئەندامێکی خێزانەوە دەکوژرێن).

 

ژنان و کچان لە هەموو ناوچەکانی جیهان؛ بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری ئەم جۆرە توندوتیژییە جێندەرییەیان لەسەرە.

 

پرسی ژنکوژی بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام هێشتا وەڵامێکی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا نییە.

لە ساڵی ٢٠١٥، دوبراڤکا شیمۆنۆڤیچ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ توندوتیژی دژی ژنان و کچان و هۆکار و دەرئەنجامەکانی، داوای دروستکردنی " چاودێری ژنکوژ"ی کرد بۆ چاودێریکردنی ئەو کوشتنەکانەی کە پاڵنەرەی ڕەگەزییان هەبووە.

 

ئامانج لەم جۆرە چاودێریکردنە تەنها کۆکردنەوەی زانیاری بەراوردکاریی لەسەر ڕێژەی ژنکوژی لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و جیهانی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی داتاکانە بۆ کاریگەری گۆڕانکاری و ڕێگریکردن لەم جۆرە توندوتیژییە. وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی دا، ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان وەڵامی ئەم بانگەوازە دەدەنەوە بە دامەزراندنی ڕوانگەی ژنکوژی لەسەر ئاستی نیشتمانی و دامەزراندنی میکانیزمەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کوشتنی ژنان و کچان لەسەر بنەمای ڕەگەزی.

 

 بەڵام ئەم دەستپێشخەرییانە هێشتا دوورن لەو شوێنەی کە پێویستە لێی بن بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بەردەوام. لەڕاستیدا ئەو ڕاستییەی کە لەم ساڵانەی دواییدا توندوتیژییەکی لەو شێوەیە لە زیادبووندایە، پرسیار لەبارەی ڕێبازەکانی ئێستاوە دەوروژێنێت.

 

جگە لەوەش لە ڕوانگەی دادپەروەری و وەڵامدەنەوە، هیچ دڵنیایی لێپرسینەوە و دادگاییکردنێکی دروست لەلایەن کەسانی بەرپرسیارەوە نییە. چونکە زۆرجار تاوانباران لە دادپەروەری هەڵدێن.

 

توندوتیژی دژی ژنان و کچان و ژنکوژی پەتایەکە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی هەمەلایەنە و خۆپارێزی هەیە. ئەو وەڵامانەی تا ئەمڕۆ نەبینراون. لە لایەکی ترەوە دۆزینەوەی ئەم جۆرە وەڵامانەش پێویستی بە یەکڕیزی و سەرکردایەتی هەیە کە تا ئێستا نەبینراوە.

 

-بۆ ڕیبێکا چاپتێگی و ژنانی کوژراو لە سەرانسەری جیهان.