لە ستایشی ئانی ئێرنۆدا (Annie Ernaux)
نەزەند بەگیخانی – نووسەر
ئانی ئێرنۆ بۆچی گرنگە و بۆ تا دوێنێ لە زۆر وڵاتان و لای زۆربە بەنەناسراوی مابووەوە؟
ئەم هاوینە لەگەڵ دوو هاوڕێی فڕەنسی، نیکۆل باریێری شاعیر و رینا زانۆری بە رەچەڵەک ئیتالی، باسی ژینگەی ئەدەبیی فرەنسیمان دەکرد. ئەوان دەیانوت فەڕەنسا چیتر بەرهەمهێنەری شاکاری ئەدەبی و نووسەری گەورە نییە. من لەگەڵیان کۆک نەبووم و وەک نموونەش ناوی ئانی ئێرنۆ-م هێنا. بە رای ئەوان، ئێرنۆ کە دوێنێ خەڵاتی ئەدەبیی نۆبلی پێبەخشرا، نووسەرێکی زۆر گرنگ نەبوو، چونکە لە ڕۆمانەکانی تەنها سەرگوزەشتەی خۆی دەگێڕێتەوە. گفتوگۆکەمان قووڵ بووەوە و بردینی بۆ باسی پەیوەندیی نێوان فیکر و جێندەر، ژن و داهێنان، بۆ زاڵبوونی کایەی فەرهەنگی بە فیکر و روئیای پیاو و بەربەستەکانی بەردەم ژنان بۆ رزگاری و ئازادی و بوون بە بکەر و خاوەن دیسکۆرس، بۆ دانهێنان پێیان وەک داهێنەر و بیرمەند، نەک وەک جەستە و مۆڵگە بۆ ئارەزوو و چێژ و لە خزمەتی پیاو.
بە ڕای من ئەزموونی تاک ناواخنی هەموو داهێنانێکە، گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن گوزارشی لێبکەین و لە چ ستایل و فۆرم و ژانرێکدا و بە چ مێتۆدێک دەریبڕین. ریلکە دەڵێت: ئەگەر لە زیندانێكیشدا بیت، شۆڕ بەرەوە ناو ناخی خۆت، لای منداڵییت و لەوێدا هەموو ئەو شتانە دەدۆزییەوە کە پێویستە بۆ نووسین و داهێنان. شاکارە فیکری و ئەدەبییەکان هەموویان گوزارشن لە ڕووانینی نووسەر/داهێنەر بۆ بوون، بۆ مەرگ، بۆ زەمەن و پیربوون، بۆ سیاسەت، بۆ ژیان، بۆ خۆشەویستی و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ. میشێل دو مۆنتەین جوانترین گوتاری (لە کتێبی گوتارەکان، ١٥٨٠) دەربارەی هاوڕێیەتی نووسیوە و باس لە پەیوەندیی خۆی و ئازاری مەرگ و هاوڕێ جوانەمەرگەکەی دەکات کە بە شاکارێکی گەورەی فیکریی فوڕەنسی و سەرەتای ژانرێکی نوێی نووسین لە قەڵەم دەدرێت.
لە سەدەی بیستەم ژنانی نووسەری وەک ڤیرجینیا وۆلف، سوزان سۆنتاگ و ئەنایس نین بە ڕابەری ئەدەبی نووسینی مێمۆری/سەرگوزەشتە دادەنرێن. ئانی ئێرنۆ ئەو رێچکەیەی گرتەبەر و زۆری ویست تا خۆی سەپاند. لە لای ئەو خود لەم جۆرە ژانرەی نووسیندا فراژوو دەبێت و دێت ئازارە وجودی و ئەزموونەکانی خۆی دەگێڕێتەوە وەک ژنێکی هۆشیار و سەر بە کایەی فیکری. ئەزموونی تاک بەرزدەکاتەوە و دەیهێنێتە ئاستی ئەزموونی من، تۆ، ئەوان. وەک ژنێک ئەو زیاتر باس لە چەمکی ژنبوون و ژیان و ناسنامەی ژنایەتی و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو لە شەستەکان و رووانینی پیاوان و ئەزموونی توندوتیژی و لاقەکردن و مەرگ و ئەو گۆڕانکارییە سیاسیی و ئایینیانە دەکات کە لەو کاتەوە روویانداوە: ئەو دەڵێ من سەیری زەمەن دەکەم کاتێ تێدەپەڕێ.
لەبەرئەوەی کایەی فیکر و کولتوور بە گشتی هەزاران ساڵە بەرجەستەی رووانین و بۆچوون و فیکری پیاوان دەکات بۆ ئەم بابەتانە، کاتێ ژنێک دێ دەبێتە بکەر و خاوەن گوتار و دیسکۆرسی خۆی، زۆر بە ئاسانی ناتوانێ جێگەی خۆی لەناو کایەی فەرهەنگیدا بکاتەوە. ئەزموون و بۆچوون و فیکری ژن لای زۆربە واتە ئەزموونی تایبەت و پرایڤێت و ناکرێ بهێنرێتە ئاستێکی فیکری باڵا و لە کایەی گشتیدا رەنگ بداتەوە. بۆ ئەوەی دانی پێدا بهێنرێ، دەبێ وەک پیاو بیربکاتەوە و بنووسێ و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەودا بێت... لەم کۆنتێکستەدا، فێمینیستەکان هاواریان دەکرد: (The personal is political) واتە ئەزموونی تاک، رەهەندی سیاسی هەیە و هەر ناوماڵ و خزمەتی منداڵ و چێژبەخشین نییە بەپیاو. ئانی ئێرنۆ نەوەی ئەو سەردەمەیە، وەک تەواوکەری وولف و ئەنایس نین هاوکێشەی پرایڤت/ گشتی قەلب کردەوە. ئەو دەڵێ من خۆم دەنووسمەوە. واتە هات ئەزموونی خودی وەک تاک کردە کەرەسەی سەرەکیی داهێنان و هونەرێکی گێڕانەوە کە وردە وردە خۆی سەپاند. ئەو فۆرمە جیاوازەی نووسین لای ئەو بەهیچ شێوەیەک ئارەزوو نییە بۆ نمایشکردنی خود، بەڵکو دۆزینەوەی مێتۆدێکی نوێیە، هەستیارییەکی جیاوازە بۆ شۆڕبوونەوە بۆناو زەمەن و ئەو جیهانەی کە لە خودەوە نزیکە و خود بەناویدا گوزەر دەکات.
من لە سەردەمی ماڵنشینی کۆڕۆنا ئانی ئێرنۆم بە چڕی خوێندەوە. نووسینەکانی وەک هونەرێکی باڵا شاگەشکەیان کردم و دوای خوێندنەوە رۆشن بوومەوە، حەقیقەتێکی دیکەیان دەربارەی ئەو جیهان و ئەو زەمەنە پێناساندم کە ئێرنۆ بەناویاندا گوزەری کردبوو: ئەزموونی کچێکی لاو دوای جەنگی جیهانیی دووەم و سەردەمی شەڕی ساردی نێوان هێزی کۆمیونیست و سەرمایەداران، ئەزموونی سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای توندڕوە لە فۆرمی راستڕەوە رەگەزپەرستەکان و ئیسلامییە سیاسییەکان، ئەزموونی گەڕان بەدوای ناسنامە و شەپۆڵی دووەمی فێمینستان و خەباتی بەردەوامیان بۆ رزگارکردنی جەستەی ژن لە خاوەندارییەتی پیاوان، بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتیان، بۆ ئازادی و خۆبنیادنانەوە دوای ئازارە کوشندەکان، بۆ سەربەخۆیی و بەشدارییەکی کارا و بوون بە بکەر نەک تەنها جەستەیەک بۆ چێژ و ئارەزووی پیاوان. ئەم خەباتە گەردوونییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان دەگوزەرێ پێمان دەڵێن کە دۆزینەوەی مێتۆد و هەستیارییەکی نوێی ئەدەبی و هونەری بۆ گوزارشکردن و نووسینەوەیان، داهێنانە لە هونەرێکی باڵا کە رۆح فراژوو دەکات.