زمانی دایک وایە...
شنۆ عوسمان

لەدەرونزانیدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە زمانی دایک ئارامی دەرونی بەمرۆڤ دەبەخشێت، بۆیە باشترە مناڵ سەرەتا بە زمانی دایک فێری گفتوگۆ بکرێت، بەڵام ئەمرۆ نەوەیەک لەکۆمەڵگەدایە زمانی دایک بەباشی نازانێت.
مەرجیش نییە هەموویان لەقوتابخانە ناحکومییەکان بن بەڵکو باسی زۆرینەی منداڵ ومێردمنداڵ و هەرزەکاران دەکەین کە پێیان خۆشە بەزمانی بیانی تەنانەت قسەش بکەن .لەبەرئەوەی دەربڕینەکانیان بۆ ئاسانترەو باشتر دەزانن گفتوگۆی جدی بکەن، ئەوان نەوەی ( یوتوب و زانیاری دەستکردن) بۆیە زمانی بیانیان زۆر بەهێزترە لەزمانی کوردی.
ئەمەش خاڵی پۆزەتیف و هیوایە بۆ داهاتوو بەڵام ، لەروی کەلتوری و دەرونی و نەتەوەییەوە گرفت بۆ کەسایەتی ئەونەوەیە دروست دەبێت. کە بەشێک لە ژیانی کە پەیوەستە بە ژیانی کۆمەڵگەکەی ونی دەکات، زۆربەی نەوەی تازە کێشە لە بەکارهێنانی وشە و دەربڕینەکانیان هەیە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە هونەر و رۆشنبیری ئەمڕۆمان بەشی ئەو نەوەیە ناکات و تێریان ناکات.
بۆ نمونە؛ لە نەوەی ڕابردوودا هەمووان سەیری فیلم کارتۆنە عەرەبییەکانمان دەکرد، ئاشنا بووین بە عەرەبی، بەڵام زمانی دایک لامان هەر پلە یەک بوو لەبەر ئەوەی ئاستی پێشکەوتن لاواز بوو، شتێک نەبوو هەیمەنەی هەبێت بەسەر ڕۆشنبیریماندا زۆرینەمان تەنانەت بە پەندی کوردی دەدواین.
دوای ڕاپەڕین ئەو فیلم کارتۆنانەی دۆبلاج دەکران بۆ کوردی، شانسێک بوو بۆ ناسین و چێژبینین لە زمانی کوردینان، بەڵام لە ئیستادا ئەو فیلم کارتۆنانە چونە لاپەڕەکانی مێژووەوە، هەرگیز نەوەی (یوتوب و دزنی و شاهید) پێی ڕازی نابن... کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات، سوکانی ڕۆشنبیری بەدەست کێوەیە؟ نە هەوڵدان بۆ بەرهەمێک هەیە کە جێگای سەرەنجی ئەم نەوە ژیرەی ئەمڕۆ هەیە و نە کەس بیر لە ئایندەی زمانزانی ئەم نەوەیە دەکاتەوە.
منداڵ چی لە زمانی دایک بکات کە زمانی دایک خاوەن بەرهەمێک نییە جیفای ڕازیبوونی ئەو بێت، زمانی کوردی بە ئەو چی کە بەرهەمێکی وەکو فیلمی کۆکۆی ئەمریکی مەکسیکی نەبێت، کە ڕۆبچێتە دەروونییەوە بە زانیاری و زانست و دنیای ڕۆح و عەدالەتیان پێ ئاشنا بکات، فیلمێک پێتدەڵێت کرۆمۆسۆمەکان چۆن خواستەکانمان بۆ دیاری دەکەن، فیلمێک بە جوانترین و باشترین شێوە کە دوور لە ترس باسی مردن و دنیای مردووان دەکات، کاتێک ئەم منداڵە ئەم فیلمە دەبینێت، ئیتر بۆچی سەیری بەرهەمە ساردوسرە کوردییەکان بکات لە یوتوب کە زۆر لە خوار ئاستی ڕۆشنبیری ئەم نەوەیەوەن.
لەلایەکی تریش ئەوەی هەیە لەسەر چاپکراوەکانیش هەمان ئازاری هەیە، بۆیە ناکرێت ئەوەندە بگوترێت خێزان بەرپرسە لە زمانی دایک بە تەنیا، ئەوە سیاسەتی پاراستنی زمانی دایکە کە ئێمە نیمانە و بەرپرسە لە پاراستنی زمانی دایک.