لە نیوان نیقاب و بێ نیقابیدا…
مژدە عەلی - نووسەر و مامۆستای مێژوو
زیاد لە سەدەیەکە، یان ڕوونتر بڵێین بە درێژایی چەندین سەدە، ژنان لەناو وەهمی کولتوور و ئایندا خۆیان قەتیس کردووە. نەتوانراوە بە پێی پێویست ڕاستینەی دیرۆکی ژن بوون و ناسنامەی ڕاستیان بهێننە زمانی واقع و هەم خۆیان لەو چەق بەستووییە فکرییە بهێننە دەرەوە، هەم قبول نەکەن بە ناوی هەر دین و دیانەتێکەوە هەر ڕۆژە و لە ژێر ناوێکی جیاوازەوە لە نێوان مەرگ و ژیان، ڕاستی و خەیاڵ، لە نێوان ئەو تیرانەی بە دایکە خوداوەندەوە نراا، ناسنامە ی ژن بونییان پی ونکرا…!
دەسەڵاتداری بە دریژای میژووی خۆی کاری نەک لەسەر شێواندنی بیر و هەبوونی ژنان کردووە، بەڵکو بە بەردەوامی وەک کاڵایەکی بینیوە بۆ برەو پێدانی باڵێک لە باڵەکانی، ئەویش بەربڵاوکردنی سیستمی سەرمایەداریە لە تەواوی جیهاندا، هەڵبەت تا ئاستێکی هەرە زێدە ئەو قۆناغەی بڕیوە.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، بابەتی پۆشاک بە گشتی مژارێکە و هەر کۆمەڵگە و کولتوورێک شێوازی جل و بەرگ و پۆشاکی خۆی هەیە، لە وڵاتان و کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا ئەم بابەتە زۆر زەق نابینریت، بەو واتایەیی لە تێڕوانینی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیانەدا ئەوەی زۆر گرنگی پێنادرێت ئەو بابەتانەیە، هەڵبەت ئەم دۆخە هەمیشە بەو شێوەیە نەبووە و لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تری گۆڕانکارییەکان لەو جوگرافیایە جێگەی مشتومڕ و باس بووە.
لە وڵاتانی جیهانی سێ ئەم دۆخە، وێنایەکی دیکە و باس وفکریکی جیاواز تر لەخۆدەگرێت، چونکە هەمیشە کولتووری ئەم وڵاتانە تێهەڵکێش بە دین و دیانەت و مەزهەبە جیاوازەکان کراوە، ئایدۆلۆژیای چاو بینین پێش فکر و گەشەکردنی لایەنی زهنی تاکەکانی کۆمەڵگە کراوە، بەو واتایەی ئەوەی زۆر گرنگی پێنەدراوە بابەتی پەروەردە کردنێکی تەندروست بۆ بنیادنانی تاکێکی تەندروست زۆر گرنگ نەبینراوە.
جا لەو تیڕوانینە باگراوندە دینییەوە تایبەت رێبەرانی توندرەوی ئاینەکان لەم ناوچەیە هەمیشە بۆ پێشخستنی مەرام و بەرنامەی خۆیان و حزبسازیان ژن و کاڵاو جل و بەرگیان هێناوەتە بەر باس و زیاتر مێشکی گەنجان و کۆمەڵگەی نووستویان پێ داپۆشیوە، تا نەک ڕێگە لە بەرەوپیش چوون و فراوانی زهن بگرن، بەڵکو ڕێگە نەدەن پەروەردەیەکی دروست و یەکدی قبوڵ کردن و گیانی رێز و خۆشەویستی لە نێوان هەموو دید و بۆچوونە جیاوازە ئاینییەکاندا دروست ببێت.
کەواتە هیواخوازم تاکی ئەم کۆمەڵگەیە بە خامە بەدەست و ڕۆشنبیرانەوە، بە مرۆڤە ژیر و بە ئاگاکانەوە، بە تەواوی ئەو مرۆڤانەی بە دوای هەق و جوانی ژیاندا وێڵن، ڕێگە نەدەن مژاری نیقاب و جل و بەرگ ببێتە هۆی لێکترازانی ڕێز و پەیوەندی نێوان تاکەکان بە هەردوو ڕەگەزەوە، چونکە دواجار پێم وایە بابەتی جل و بەرگ ئەوەندەی پەیوەندی بە کولتوور و فەرهەنگ و پاراستنی ئەو کولتوورە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندی بە ئاستی تێگەشتنی ئەو کەسە هەیە بۆ ئەو پۆشاکەی دەیپۆشێت، کەواتە دەکرێت مرۆڤ ژیر و بە بەها و پەروەردەکارێکی بەتوانا و تێگەشتوو بێت، دایکێکی ڕۆشنبیر و زهنیەتێکی فراوانی هەبێت دوور لە چەق بەستووی و دەمارگیری دینی جیاوازی نییە، ئەو خانمە پۆشاکەکەی، پۆشاکێکی عەرەبی و نیقاب بێت..، یان پۆشاکێکی گونجاو و قبوڵی ئەو کولتوور و ژینگەیە بێت کە تیایدا دەژی، گرنگ بیرێکی فراوان و کرداری جوان لە هەگبەی بێت، نەک چەق بەستووی و خۆ ونکردن لە ناو بۆتەی ئایدۆلۆژیایەکی دروست بوو بە وەهمی پڕ خورافیات
هەلبەت هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبووم کولتووری وڵاتانی عرەبی بە تایبەت و پۆشاکە زۆر جیاوازەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی تیکەڵ بە کولتووری ئێمەی کورد ببێت، بەڵام لەگەل ئەوەشدا، پاراستنی ناسنامە و پۆشاکی کوردی و دیدی فراوان و ئاستی بەرزی تێگەشتن و مرۆڤ دۆستی و ژیان دۆستی لە هەر شتێک گرنگترە، تا کۆمەڵگەیەکی تێگەشتوو و دوور لە چەق بەستووی و دەمار گیری و تونرەوی بەرهەم بێت.