نابێ بهێڵین بانگەشە بۆ خاکفرۆشی و خیانەتی نیشتمانی بکرێت
دێرین عزەدین - نووسەر
قەڵای هەولێر میراتێکی مێژوویی کوردستانە و هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێ بە بیانووی دیپلۆماسی دەستی بە سەردا بگرێت، دانانی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر , قەڵای هۆلاکۆ بەزێن شەرمەزارییە، ئیدی کاتیەتی لە دەستووردا پێناسەی خیانەت بکرێت و یاسای بۆ دابنرێت، کاتیەتی دادگایەکی باڵای نیشتیمانیمان هەبێت کە لێکۆڵینەوەکان لەوێ بکرێن، نەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیاکاندا هەموو شتێک یەکسان بکرێت و خیانەت ئاسایی بکرێتەوە و بانگەشەی بۆ بکرێت .
خیانەتی نیشتمانی تەنیا پەیوەندی بەبواری سەربازی و ئاسایشی نیشتیمانییەوە نییە، پەیوەندی بەبەرژەوەندی باڵای وڵات و نەتەوەیەکەوە هەیە، بوارەکانی دیپلۆماسیش بەشێکە لە بەرژەوەندی باڵا،بۆ نموونە روپۆش کردنی قەڵای دێرینی ھەولێر بەئاڵای تورکی فاشیست شەرمەزارییە و دیمەنێکی عەیبەیە بۆ دەسەڵاتداران و بە خیانەتی نیشتیمانی دادەنرێ، سەرەڕای ئەوەش ڕاگەیاندن و دەزگا چاواشەكارەكانیان بە پارەی نەوت و سامانی وڵات دەخەنە خزمەتی پەردەپۆش كردن و شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەشانازییەوە لەشاشەكانەوە باس لەو کارە خراپە دەکەن و قەتماغەی برینەكان هەڵئەكەنن و خوێ لەبرینی كەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم وڵاتە دەكەن.
هەموو ململانێیەکی سیاسی دواجار دەگاتە خاڵێك کە یەکلا ببێتەوە، زۆر کەم ڕێکدەکەوێت کە ئەو ململانێیانە هاوسەنگ کۆتاییان بێت، هەمیشە لایەك لە ململانێکەدا شکست دەخوات یان پاشەکشێ دەکات، هەندێك چارەسەر و ڕێککەوتنیش لە ئەنجامی لێوەدیار بوونی شکستەوە ئەنجام دەدرێن کە ئەوەش هەر بە شکست هەژمار دەکرێن ئەگەرچی ململانێکەش تاخاڵی کۆتایی نە ڕۆشتبێ.
هەرێمی کوردستان لە پرسی ناکۆکیەکاندا نەیزانی وەك پێویست مامەڵە بکات، بە تایبەت پارتی دەیتوانی بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەدەست بدات زۆر شت بەدەست بهێنێت!
لای ھەموان ڕون و ئاشکرایە یەکێک لە هۆکارەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی پرسی کورد، بریتییە لە چاوپۆشیکردن لە خیانەتی هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەم چاوپۆشیکردنە وادەکات خیانەتی نیشتیمانی ئاسان تێپەڕێت بەسەرمان و لە کات و شوێنی جیاواز خۆی دووبارە بکاتەوە.
لە كۆتایشدا دەڵێن ڕێگە چارەی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو کارە قێزەونانە لەرێگەی بەدامەزراوەیی كردنی دام و دەزگاو موئەسەساتەكانی كوردستان و هەبوونی دەستوورو دادگاو هێزی نیشتیمانیەوە دەبێت، کە ئەوەش ئەقڵیەتی دەوڵەتداری و میتۆدی نیشتیمانی و بیری پاکی کوردایەتی و هیمەت و بازووی دڵسۆزانی خاک و ووڵاتی دەوێت، چونكە ئەم ئەم هەرێمە بچوكەو ئەم دەستكەوتە كەمەی خەڵكی باشووری كوردستان بەدەستی هێناوە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و ئازاری سەد ساڵی میللەتێكە, حەیفە قەدەرو چارەنوسی لەدەستی كەسانێك بێت، كە ئیفتیخار بە خیانەت و نۆکەرایەتی بۆ بێگانە بکەن و بەدەستکەوت و شانازی گەورە لەقەڵەمی بــدەن.