پیاو وەک ئاغا و ژنیش کۆیلە و خزمەتکار

ئارەزوو نوری

 

بەردەوام لە دراما تورکی و بیانییەکان کاتێک باس لە مێژووی کۆن دەکرێت، لە سەدەکانی ڕابردوو، دەبینین پاشا و ئاغای ئەوکات چۆن کەنیشک و ژنیان ڕیز کردووە و هەرکات دڵی یەکێکی گرت دەیکات بە دۆستی خۆی و دەشبێت هەمووان وەک کۆیلە خزمەتکاری بن و هەمو و هەوڵێکیان مناڵ خستنەوە و دڵخۆشکردنی کابرا بێت..

 

خەریکە لێرەش لەنا و میللەتی کورد ئەم عەقڵییەتەی سەدەکانی ڕابردوو و بە شانازییەوە دووبارە دەبێتەوە و زۆرێکیش دەستخۆشیان لێدەکەن..

 

قسەی جەوهەری ئەوەیە، چی وا دەکات ژن خۆی وەک کۆیلە ببینێت و تەنها بۆ حەز و ئارەزووی مێردەکەی هەوڵدات؟ یا پێی وابێت ئەرکی ژن تەنها ئەوەیە خزمەتی هاوسەری بکات و هیچیتر؟ ئەی دڵ و حەز و ماف و ئارەزووی خۆی؟ یا هەستکردن بەمرۆڤبوونی خۆی؟ ژنێک دەیەوێت بەم رەفتارانە وانیشانی خەڵکی بدات کە بیرکردنەوەی جیاوازی هەیە؟، نەخێر ئەوە بیرکردنەوەی جیاواز و ئازادی نیە کاتێ بە دووان خەریکن خزمەتی پیاوێک دەکەن و وەک خزمەتکار خۆیان نیشان بدەن.. ژن پێش هەرشتێک شاژنی عەرشی خۆیەتی و لە نێوان خۆی و هاوسەریشی بە تەنیا هاوسەر و هاوژین و هاوڕێی یەکترن، جا هەرچی بۆ یەکتر بکەن ئەوە لە نێوان خۆیاندایە نەک بۆ خەڵک.. دەبێت ژنان ئەوەیان لەیادبێت کە ئەرکە قورس و پیرۆزەکە بەوان دراوە کە بە پیاو ناکرێت، لەیەک کاتدا ئەرکی دەرەوە و ماڵەوە، خزمەتکردنی ماڵ و مناڵ، بەڕێوەبردنی ئیش و کار و میوان و لە هەمووی قورستر پەروەردەکردنی منداڵ.. ئیتر بۆ دەتەوێت وانیشان بدەی کە ئەرکی تۆ تەنها و تەنها ئەوەیە کە ببنە دووان و سیانیش و دەبێت کابرا شانی لێ داداتەوە و ئێوەش خزمەتی بکەن و چەپ و ڕاستی بگرن؟

 

دەتانەوێت ڕەوایی بە پرۆسەیەک بدەن بۆ خەڵکی کە دەبێ ژن ئاوابێت بۆ هاوسەری؛ نەخێر. وەک کابرا وتی ئەوە حەزی هەموو پیاوێکە.. باشە بە حەزی ئەوان بێت، مەبەستم تەنها ئەم جۆرانە. خۆ ژنی هەموو دنیایان بۆ ڕیز بکەیت تێر نابن.. ژنێک بەو جۆرە هاوسەری خۆی خۆشبوێت؛ ئەی چۆن ئەو توانی ژنێکی تر بکاتە هاوبەش؟ ژنێک کە هیچ عەیبێکی نەبێت و هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت کەی رێپێدراوە تەنها بۆ حەزی ناوگەڵ بیکاتە دووان و دواتریش بڵێ یەکەم قایل بوو بۆ تۆ، تۆش دەبێر قایل بیت بۆ سێیەم و هتد..

 

لێرە تەنها بەپێویستم زانی بیخەمە ڕوو کە هەق نەبوو میدیا ئەمە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن نیشانبدات، لەکاتێکدا خۆی پرۆسەیەکی قەدەغەیە و ڕێ پێنەدراوە.

 

دەبوو بچنە قوڵایی بابەتەکە کە چی وا دەکات ژنێک لە هەڕەتی جوانی و گەنجێتی بچێت هاوبەشێک بۆ خۆی بێنێت.. ئەی چی وایکرد ژنێک قایل بێت بەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی ژندار بکات؟ ئەی چی وا دەکات پیاوێک تەنها بیر لە حەزی خۆی بکاتەوە و ئەوەی لە مێشکیدایە تەنها فرە ژنی بێت؟ گەر ئەمانە هەموو هیچ بەهایەکیان نیە و پرۆسەکە ئاساییە، کەواتە ئەم هەموو یاسا و رێنماییانە بۆ هەن کە کاریان پێناکرێت؟