ئەستۆپاکیی ئازادییخوازان لای گەلە

شنا فایەق- ڕۆژنامەنووس

 

'تێکدانی ئەمنی قەومی' ئاژاوەگێڕیی' سیخوڕیی بۆ وڵاتان' بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر' ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستیی و لەپشتەوەبوونی دەستی دەرەکی، ئەو تۆمەتە بێ واتا و بێ بنەما و دروستکراوانەی دەسەڵاتن، کە بۆ ئازادییخوازانی دادەتاشن و دەیکەنە هۆکاری ڕەوایەتییدان بە دەستگیرکردن، دادگایی، حوکمدان و ئەشکەنجە و تیرۆرکردنمان.

 

دروستکردنی ئەو سیناریۆ گاڵتەجاڕییانە، کە لە بنەمادا کاری ئەوانە و دەیدەنە پاڵ ئێمە، لەبەر ئەوەیە، کە ئێمە لێیان دەپرسین، ئەرێ بۆچی لەسەر دەریای نەوتین و خەڵکەکەمان برسییە؟، ئەرێ بۆ خانەنشینان لەسەرەی وەرگرتنی ٢٠٠ هەزار دیناریی ٥٠ ڕۆژ جارێک گیانیان دەسپێرن؟، ئەوە بۆ سامانی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن؟، ئەرێ بۆ ئەم خاکەتان پێشکەشی تورکیا کردووە و ؟، ئەی بۆچی بێدەنگن لەئاست تەراتێنی میت و ئیتڵاعات و تیرۆری شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانمان و سڵ لەهیچ پێشلەشکرییەک ناکەنەوە؟.

 

دەپرسین، بۆچی نیشتیمانتان لە گەنجان کردووە بە دۆزەخ و بۆ دەربازبوون ئیجە و دەمی نەهەنگەکان هەڵدەبژێرن؟، بۆچی کۆمەڵگاتان سپاردووە بە فەرامۆشی و خەڵکەکەتان بە دەیان قەیران سپاردووە، بۆ ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات؟، بۆچی نەخۆشخانەکان دەرمانی تێدانییە؟، بۆ پەروەردە وا وێرانە؟، کێ لەپشت بازرگانانی ماددەی هۆشبەرە؟ چۆن ئەو هەموو خۆراکە ماوە بەسەرچووە دێتە هەرێمی کوردستان؟ بۆ خەڵک زستانان نەوتی نییە و هاوین ئاوی نییە، کارەباش لە هیچیاندا نییە؟، بۆچی بەنزین و غاز، کە بە پارە دەیکڕین، ئەبێ سەرەی بۆ بگرین؟، ئەوە بۆ کە بارانێک دەبارێ، ئێمە دەستمان لەسەر دڵمانە و دەپارێیینەوە، خودایە بە هەواڵی خنکانی کەس ڕاماننەچڵەکێنی؟...

 

ئێمە دەپرسین و دەپرسین، پرسیارەکانمان وەڕەسی کردوون و دەیانەوێت خۆیانی لێ دەرباز بکەن، بۆ ئەوەش ئەو تاوانانەی خۆیان ئەنجامی دەدەن، دەیخەنە پاڵ ئێمە، بەو بەهانەیەش زیندانیی و دادگاییمان دەکەن و حوکممان دەدەن، بەڵام ئەوانە بەمە تەنیا خۆیان فریو دەدەن و هێندەی دیکە ڕووی خۆیان دزێو دەکەن، ئازادییخوازانییش ڕووسووری لای کۆمەڵگان و ئەستۆپاکییان لای گەلە.

 

بەم جۆرە کردەوە فاشیانە دەتوانن چەند دەنگێکی ناڕازی بۆ ماوەیەک دابمرکێنن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەر بەم شەپۆلی ناڕەزایەتیەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بگرن بۆ هەڵتەکاندنی ئەو سیستەمە فاشیلەی سێ دەیەیە خەون و خولیاکانی خەڵکیان تیایدا خنکاندووە، دەتوانن دادگاکان بەکاربهێنن بۆ سزادانمان، بەڵام بۆهەتا هەتایە رووی خۆیان ڕەشدەکەن و مێژوویەکی قەترانی دەنووسنەوە .