ڕستن، نەریتێکی هەزار ساڵەی ژنان

بەهار ئەورین

 

ژنۆلۆژی زانستی ژن و ژیانە، مەبەست لێی دۆزینەوەی وەڵام و چارەسەرە بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ و ڕزگارکردنی هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگەیە لە هەر جۆرە هەژموونێک، بێگومان ئەم ڕێبازانە لە بۆشاییدا نادۆزرێتەوە، بەڵکو بە شیکردنەوەی ڕەگ و بناغەی مێژوویی ئەزموونەکانی ژنان دەدۆزرێتەوە، دۆزینەوەی هەریەکێک لەو ڕەگانە، بەرەو هەنگاوێکی دیکە و ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و لایەنەکانی مێژووی ژنانمان دەبات، بناغە مێژووییەکانی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، نەریتی بەرخۆدانی هەزاران ساڵەی ژنان، خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنانی کورد و بزووتنەوەی ژنانە، بێ گومان ئەو کۆمەڵگە و خەباتانەی کە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان تیادا بینیوە، یارمەتیدەر دەبن بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژووی ژنان. لەگەڵ دەستپێکردن و پەرەسەندنی چالاکیی و لێکۆڵینەوەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، پێویستی بە هێمایەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ژنۆلۆژی هەبووە، ڕستن و چنین بە یەکێک لە هونەر و زانستە کۆنەکانی ژنان دادەنرێت، کە مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و ژنۆلۆژی بە یەکێک لە هێمای بەرهەمە کۆنەکانی شارستانیەتی ئیلامی دادەنێت، کە لەو کاتەوە ماوەتەوە، ئەویش ڕۆڵی ژنێکە کە لەسەر پایەیەک دانیشتووە و ئامێرێکی بەدەستەوەیە، ئەم بەرهەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٦٠٠-٨٠٠ پێش زایین کە یەکێکە لە یەکەم بەرهەمەکان کە ڕستن وەک نەریتێکی کۆن نیشان دەدات.

 

خوداوەندەکان تایبەتمەندی دیاریکەری ژیان و مردن و چارەنووسیان هەیە و هێمای بەخێوکردن و زۆری و تەندروستین؛ لەگەڵ گواستنەوە بۆ قۆناغی کشتوکاڵ دەبێتە پارێزەری دانەوێڵە و گەنمەشامی و گەنم و ئاژەڵە ماڵیەکان، بۆیە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ڕێگاکانی ڕوونکردنەوە و بەخشینی مانا بە ژیان و ئەو دەستپێشخەریانەی کە بۆ پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی دروست دەکرێن، یەکێک لە کۆنترین شوێنەکان بۆ بەخێوکردنی مەڕەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٧٥٠٠ پێش زایین لە دەڤەری چایاونو لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، کە لە هەمان قۆناغدا ڕستن و خوری پەرەی پێدراوە. کۆنترین نموونەکانی پارچەی چندراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٠٠٠ پێش زایین، لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا چەندین خوداوەند و ئەفسانە هەن، کە دەریدەخەن کە چنین و ڕستن هونەری ژنانە، لەو گۆڕانەی کە دۆزراومەتەوە، ژنانێک هەن کە هەر بە ئامێرەکانی ڕستن و چنینەوە نێژراون، یەکێک لەو خوداوەندانەش مۆکوشە کە خوداوەندێکی سلاڤییە و وەک خوداوەندێکی دایکی هێمای بەخێوکردن و مێینەیی و هەروەها ڕستن و چنینە، مۆکۆش هێمای دایکی زەوی تەڕ و "خودای شێ"یە و ناوەکەی لە مۆکەوە هاتووە کە بە واتای شێدار دێت.

 

ڕستن و چنین نەریتێکی زۆر کۆنە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نیۆلۆتیک و سەرەڕای میکانیزەکردنی، هێشتا لە زۆر شوێنی جیهان بە دەست ئەنجام دەدرێت، هەروەها بە یەکێک لە نەریتە کۆنەکانی کوردستان دادەنرێت کە تا ئێستاش لە زۆربەی بەشەکانیدا لەلایەن ژنانەوە پارێزراوە، بۆ نموونە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ناوچەکانی عەفرین نموونەیەکی سەرنجڕاکێشە، دایکانی ئەم دەڤەرە ئاماژەیان بە بنەچەی ئەم ناوە کرد، کە لە (cindirêse an jindirêse) واتە ژنێک کە دەڕێسێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاشخانی ڕستن لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان.

 

یەکێک لە یەکەم ئامرازەکانی ڕستنی خوری بریتییە لە "تەشی" کە لە دوو بەش پێکهاتووە: سەر و دەست، درێژی دەستەکە ٣٠ بۆ ٥٠ سم، و بەشی سەری بەشێکی بازنەیی هەیە کە تیرەکەی نزیکەی ٥ سم دەبێت، لە بەشی سەرەوەدا قوڵفێکی هەیە بۆ جێگیرکردنی خورییەکە، بە بەکارهێنانی خوری شۆردراو و پاککراوە، بە هونەر و لێهاتووییەوە دەکرێتە دەزوو، کە ئەمەش هێشتا لە زۆر شوێنی کوردستان ژنان بە کۆمەڵ و هەندێک جار بە تاک تەشی ڕێسی ئەنجام دەدەن، له کوردستاندا هەموو ماڵێک کاری دەستی تیادایە و کە لەلایەن ژنانەوە ڕستن و چنینیان بۆ کراوە، وەک چادری هاوین، جاجم و فەرش و بەڕە و ...هتد، لە لایەکی ترەوە وەک پێداویستی ئابوورییش سوودی لێوەردەگرن.

 

لەسەر هەر تەشییەک ڕەنجێکی ناوازە دەبینرێت، هەر یەکێک لەو بەرهەمانە دەبێتە کولتوورێک کە نوێنەرایەتی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی نەتەوەیەک دەکات، لەناو کورددا تەشی جێگایەکی وای هەیە کە بووەتە بابەتی چیرۆک و حیکایەت، لە فەرهەنگی زارەکی و گۆرانییە ڕەسەنەکانی کورددا چەندین جار باسی تەشی کراوە و ئەم کولتوور و نەریتە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا تێکەڵ بووە، تەشی زیاتر لەو ناوچانە بەکاردەهێنرێت کە خەڵک سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵن، لەناو ئەو خێڵ و کۆچەریانەی کە سەرقاڵی ڕستنن، خوری مەڕ زیاتر بەکاردەهێنرێت.

 

لە هەموو خانووە گوندنشینەکانی کوردستاندا بە دڵنیاییەوە کەرەستەی ڕستن و چنین هەیە، ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو ئەم ئامرازەیان بەکارهێناوە بۆ ئامادەکردنی دەزوو لە خوری مەڕ، بەڵام لە ئەنجامی کارگەکانی قوماش و بەکارهێنانی تەکنیکە مۆدێرنەکان و ئۆتۆماتیکیکردن، وردە وردە ڕستن و تەشی گرنگی خۆی لەدەستداوە، لە ڕاستیدا بە میکانیزەکردنی زۆرێک لە چالاکییە دەستییەکان، بە جۆرێک بووە هۆی کاڵبوونەوەی نەریت و بەها کولتوورییەکان، هەروەها تەشی ڕستن بە چالاکیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دادەنرا، کە یەکێکە لەو نەریتانەی ناتوانرێت لە چالاکیەکی ئابووریدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەم نەریتە گوزارشت لە فەرهەنگی ژن-دایک و گێڕانەوەی ئازار و هەوڵەکانی ژنان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگە دەکات، هەریەک لە فەرش و جاجمەکان کە بە دەستی ژن ڕستراون، هێمای خواست و خەون و هیواکانی ژنانن و گوزارشت لە مێژوویەک و ڕاستییەک دەکەن،ئێستاش لە هەندێک ناوچەی کوردستان ژنان بەردەوامن لە کارکردن بۆ ئەوەی ئەم نەریتە لەبیر نەکەن و بیگوازنەوە بۆ نەوەی نوێ، هەندێک جار بە کۆمەڵ و بە گۆرانی خورییەکان دەڕێسن و کەرەستەی لێدروست دەکەن.