" زمان ماڵی بوونە"

هەڤین کەمال شا - نووسەر


زمان ئەو ئامڕازەیە کە بەجیھانمان دەناسێنیت و لەلایەکی تریشەوە جیھانمان لە پێش چاودا دەکاتەوە، زمان ئامڕازی پەیوەندی گرتن و دەڕبرینە لە خودی خۆمان لە بەرامبەر خودێکی تر، ھاوکات زمان ئامڕازی بیرکردنەوەشە. لە " پەرستگای زمان" دا مرۆڤ ھەست بە بوون و کەینونەی خۆی دەکات، لەم پەرستگایەدا مرۆڤ خودی خۆی دەناسێت و دەتوانێت ھزر و بیر و بۆچونەکانی دەرببڕێت، ھەر بۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی "مارتن ھایدگەر" دەڵێت: زمان ماڵی بوونە، ماڵێکە مرۆڤ تیایدا نیشتەجێ دەبێت، ئەوانەی بە وشە بیردەکەنەوە و بە وشە بونیاد دەنێن پاسەوانی ئەم ماڵەن، ئەم پاسەوانی و خەمخۆرییەیان خستنە ڕوو و دەرخستنی بوونە.


ھایدگەر دەڵێت: مرۆڤ وا خۆیپیشاندەدات کە ئەو خولقێنەری زمان و سەروەرێتی، بەڵام لەڕاستیدا زمان سەروەری مرۆڤە، ھەر کاتێک پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زمان تێکچوو، ئەوە ھەستکردن بە نامۆ بوون لە سروشتی مرۆڤدا دەست پێدەکات.


زمان پەرستگا و ماڵە، ماڵیش مانای جێگیربوون و ھەستکردن بە ئاسودەیی و دڵنیاییە بۆ مرۆڤ. بەڵام دوژمنانی مرۆڤی کورد و بەیارمەتی خودی کورد خۆی بەچەندین شێوە ئەم ماڵەیان وێرانکرد، بۆیە دەرکراین لە ماڵەکەمان و بوین بە غەریبەیەک لە ماڵی خۆماندا و ماڵەکەمان پڕبوو لەوشەی بێگانەی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی...ھتد، لەو کاتەوە تا ئێستا نامۆبوون و ھەستکردن بە غەریبی مرۆڤی کورد بەردەوامە .


زۆربەمان وابیردەکەینەوە کە گوایە زمانی کوردی زمانێکی ھەژارە و ناتوانرێت بە زمانی کوردی زانست و چەمکە فەلسەفیەکان دەربڕینی تەواویان بۆ بکرێت، بەڵام ئەمە ھەڵەیەکی فکری گەورەیە کە لەمێشکی مرۆڤی کوردا چەسپاوە، نووسەری کوردی بە ناوبانگ "بەختیار عەلی" لە وەڵامی پرسیارێکی لەم شێوەیەدا دەڵێت: زمانی کوردی ھەژار نییە، ئەوە ئاستی مەعریفی نووسەر و ڕۆشنبیری کوردە ھەژارە و ناتوانێ بیربکاتەوە و فیکر بەرھەم بھێنێت، بۆیە دەیخاتە ئەستۆی زمان.


ئەم وتەیەی کاک بەختیار زۆر ڕاستەو تەمەڵی و بێخەمی ڕۆشنبیر و زانستکاری کوردە کە ھەوڵ نادات زمانەکەی دەوڵەمەند بکات، ئەویش بە زیاتر نوسین و بەکارھێنانی، دەنا پەرتووکە فەلسەفیەکانی د. محەمەد کەمال و گۆڤارە زانستیەکانی وەکو زانستی سەردەم، باشترین بەڵگەن و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە زمانی کوردی زمانێکە دەتواندرێت فەلسەفەو زانستی پێ بنووسرێت و زمانێکی ھەژار نیە، تەنها ئەوەیە کەمتەرخەمی لەلایەن پسپۆڕەکانی ئەم بوارانەدا ھەیە کە ھەوڵیان نەداوە بەزمانی کوردی شیرین زانیاریەکانیان بگەیەنن.


بێگومان هەموو زمانێک ئەگەر بەکار نەهێندرێت هەژارە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، تەنها بە بەکارهێنان و نووسین و بیرکردنەوە زمان دەوڵەمەند دەبێت، هەموو گەشەکردنێکی زمان پەیوەندی بە گەشەکردنی ھزر و فیکری ئەو گەلەوە هەیە.


ئێستاو لەم بۆنەیەدا کە ڕۆژی جیهانی پاراستنی زمانی دایکە دەشێت بە گرنگی زیاترەوە خزمەتی زمانەکەمان بکەین، ئەویش بەوەی ھەر یەک لە بواری خۆیدا بۆ نمونە من وەک پزیشکێک ھەوڵبدەم، زۆرترین زانیاری پزیشکی بە زمانی دایک کە ئەویش زمانی شیرینی کوردییە بگەیەنم, خزمەتکردن بەو مانایەی کاری پێ بکەین و بەکاری بهێنین و گرنگی بە وشەی زیاتری کوردی و دۆزینەوەی هاومانای زیاتری کوردی بدەین.

 

داواکارم لە ھەموو ئەو کەسانەی پسپۆڕی جیاوازیان ھەیە، ئایا پزیشکی بێت یاخود ھەر بوارێکی زانستی یاخود فکری جیاواز، ھەوڵبدەن بە زمانی کوردی بنووسن و زانیاری بڵاوبکەنەوە ئەگەر زمانی کوردیەکەشیان زۆر باش و تەواو نەبێت، چونکە زمانێک پێی نەنووسرێت و پێی بیر نەکرێتەوە ھەرگیز دەوڵەمەند نابێت و بەھەژاری دەمێنێتەوە.


من وەک پزیشکێک و مرۆڤێکی کورد شانازی بەوەوە دەکەم کە لە ئێستادا کاتێک بمەوێت بگەڕێم بۆ بابەتێکی پزیشکی یاخود زانستی، فکری، ھەر بوارێکی تر ، بتوانم ھەندێک زانیاریم دەستبکەوێت بە زمانی دایکی خۆم و ھەمیشە پەنا نەبەم بۆ زمانە بێگانەکانی وەک عەرەبی، ئینگلیزی..ھتد بۆ دەسکەوتنی زانیاری لەسەر بابەتێک.