سیستەمى خۆراکى هەمەچەشنەیى و زیندوو، سەروەرى خۆراک و ئیکۆلۆژییە

د. ڤاندانا شیڤا

وەرگێرانى لە ئینگلیزییەوە: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

 

تۆڕی ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو زیندەوەرانەوە گرێدراوین. واتە سەروەری خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە هاوئافراندن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیان. سەروەری خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی هەموو زیندەوەران، پاراستنی هەمەچەشنەی زیندوو و تۆوی “زیندوو” بە مەبەستی گەشەکردن و پەرەسەندن، بریتییە لەوەی مافی خاک و خۆراک لەمڕۆدا بە ماددەیەکی بێهێز مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت.

 

پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراکە. سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو، واتە جووتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت. لەم چالاکییەدا گرنگیدان بە زەوی و خاک پێویستییەکی حەتمییە. ئێمە ناتوانین ئاواتەخوازبین سەروەری خۆراکمان هەبێت ئەگەر زیندەوەرانی خاک پەروەردە نەکەین، چونکە جۆراوجۆری بایۆلۆژی ئیکۆسیستەم پشتگیری لە هەمەچەشنەیی زیندوو دەکات لەناو *مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکانماندا. مەبەست لەوەیە تەندروستی هەسارەکە و تەندروستی ئێمە پێکەوەگرێدراون و لێک جیاناکرێتەوە.

 

سەروەری خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی جووتیارەکاندا. ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لە نێوان جووتیاراندا بەبێ پارە/بەخۆڕایی ئاڵوگۆڕی پێبکرێت. ئەو تۆوەی *پاتێنت/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە، دەستکاری بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە، یان لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی کشتوکاڵییەوە دەستیان بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتییان لێ نەکراوە. سەروەری تۆو لەسەر بنەمای وەرگرتنەوەی تۆو لە زەوی، هەمەچەشنەی زیندوو وەکو پێدراو و پێداویستییەکی هاوبەش و گشتی دامەزراوە.

 

سەروەری خۆراک واتە مافی ئەوەت هەبێت خۆراک/ گەشە بکات بەبێ ماددەی کیمیایی و دەستکاریکردنی ئەندامی/ ئۆرگانەکانی ئەو خۆراکە. سەروەری خۆراک واتە بەرهەمێنانی خۆراک و کشتوکاڵ بەبێ ئەوەی ژەهری تێدا بەکاربهێنرێت.

 

کاتێک تۆڕی خۆراک بەهۆی ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکانەوە و یاساکانی “بازرگانی ئازاد” و جیهانگیری دەشکێنرێت، هەمەچەشنەیی بایۆلۆژی دەسڕدرێتەوە و جووتیاران دەچنە ژێرباری قەرزەوە و خەڵک بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانەوە دەمرن، کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگە و خراپی کوالێتی خۆراکەوە هەیە. سەروەری خۆراک واتە گەشەکردنی خۆراک دوور لە ماددە کیمیاییەکان و دەستکارینەکردنی جینات و بۆماوەیی خواردن. سەروەری خۆراک واتە خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

 

لە ساڵی ١٩٨٧ بانگهێشت کرام بۆ کۆبوونەوەیەک لەسەر *بایۆتەکنەلۆژیا، لەو کۆبوونەوەیدا پێشبڕکێ بوو دەربارەی دەرفەتی بەدەستهێنانی پاتێنتکردنی پێداویستییەکانی ژیان بەمەبەستی قازانج کردن، بێگومان ئامانجی ڕاستەقینە و پاڵنەری خستنەبازاڕی ئەو ئۆرگانانەیە کە جیناتیان دەستکاریکراوە بۆ دەست بەسەرداگرتن و پاوانکردنیان. هەر لەو کاتەدا بوو بڕیارمدا لە ڕێگەی ئەو بزووتنەوەیەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستم پێکردووە، دەست بە پاشەکەوتکردنی تۆو بکەم و بزوتنەوەکەم ناونا نەڤدانیا واتە نۆ تۆو. هەر لەوکاتەوە زیاد لە ١٥٠ بانکی پاشەکەوتکردنی تۆومان لە هندستان دامەزراند. تۆوی ناوخۆیی، لەگەڵ کەلتوورە ناوخۆییەکان دەگونجێت، خۆراکی زیاتر دابین دەکات و بەرانبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر خۆڕاگر دەبێت.

 

لە کێڵگەی نەڤدانیا بە هاوکاری زانکۆی زەوی، ڕاهێنانمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن جووتیار کرد و  ئەوان ئێستا کشتوکاڵی ئەندامیی/ئۆرگانیک لەسەر بنەمای پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندوو بەرهەم دەهێنن، بەبێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دەستکرد.

 

بەم شێوەیە، گواستنەوە لە جیهانگیرییەوە کە لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە پێشڕەوەی دەکرا، گۆڕا بۆ هەنگاو بە هەنگاوی خۆجێیکردنی/بەناوخۆییکردنی ئابوورییمان؛ لە هەمان کاتدا بووە بە ئیمتیازێکی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی پێویست بۆ جێگیرکردنی سەروەری خۆراک. پشتگیریکردن لە ئابووریی ناوخۆیی مەبەست لەوەیە هەر شتێک لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت، لە ڕێی بەکارهێنانی لە سەرچاوە ناوخۆییەکان، پێویستە پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی هەم ژیانی خەڵک و هەم ژینگە بپارێزرێت. بۆیە سەروەری خۆراک بە واتای سیستەمی خۆراکی هەمەچەشنە و بازنەیی و ناوخۆیی. کە چەقەکەى بەرژەوەندى گشتى مرۆڤ و ژینگە و هەمەچەشنى زیندەوەرانە دوور لە تەماحى داگیرکارى و پاوانکردنى سەرمایەدارانە.

 

لەم دواییانەدا، سیستەمی خۆراکی پیشەسازی جیهانی ئەهریمەنێکی نوێی بەرهەم هێناوە، ئەویش پیشەسازی خۆراکی مۆدێرن و دروستکراو و ساختە و بەرهەمهاتووی ناو تاقیگەیە، تەنانەت بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، خۆراکی ساختە باشترین چارەسەرە بۆ تەندروستی هەسارەکە و مرۆڤەکان.

 

گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، خۆراکی دەستکرد بەرهەمی کشتوکاڵی پیشەسازییە. بۆ نموونە لەسەر کشتوکاڵی *مۆنۆکەلچەری سۆیا ڕێژەیەکی زۆری کیمیایی پێو و قڕکەری تێدا بەکارهاتووە و لە هەندێک حاڵەتدا جیناتی سۆیاکەش دەستکاری کراوە… سەروەری خۆراک واتە خۆراکی ڕاستەقینە، ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین.

 

مافی زەوی و مافی مرۆڤ هەوێنی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراک بن. لەمڕۆدا و لە سەرانسەری جیهاندا، جووتیارە *پەراوێزخراوەکان کشتوکاڵی ئەندامی/ئۆرگانیک لەسەر بنەمای هەمەچەشنەیی، خۆراکی ڕاستەقینە و ڕەسەن دوور لە ماددە کیمیاییەکان، بەرهەم دەهێنن. ئەوان لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژیای کشتوکاڵی خۆراک بەرهەم دەهێنن بە ئامانجی پاراستن و پەروەردەکردنی خاک و تۆوەکانیان. ئەو جووتیارانە خەریکی خۆراکدانی کۆمەڵگاکانیانن بە خۆراکی تەندروست بەسوود و لە هەمانکاتدا خاک و هەسارەکە دووبارە بنیاتدەنێنەوە. کشتوکاڵی ڕاستەقینە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یاساکانی سروشت ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دووبارە دروستبوونەوەی هەسارەکە لە ڕێگەی نوێبوونەوەی هەمەچەشنەیی زیندوو و خاک و ئاو. هەر بۆیە پێویستە پشتگیری لە کێڵگە بچووکەکان بکەین، کە گرنگی بە زەوی و  ژیان دەدەن، خۆراکی جۆراوجۆر، تەندروست، نوێ و  ژینگەدۆست بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنن.

 

پەراوێز:

-مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە: لە تریلیۆن بەکتریا و میکرۆبی دیکە پێکهاتووە و ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێن لە تەندروستیتدا بە یارمەتیدانی کۆنتڕۆڵکردنی هەرسکردن و سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگری لەش.

 

-پاتێنت مافێکی تایبەتە بۆ داهێنانێک دەدرێت، بەرهەمێک یان پڕۆسەیەکە بە گشتی شێوازێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی شتێک دابین دەکات، یان چارەسەرێکی تەکنیکی نوێ بۆ کێشەیەک پێشکەش دەکات. بۆ بەدەستهێنانی پاتێنت، پێویستە زانیاری تەکنیکی سەبارەت بە داهێنانەکە لە داواکاری پاتێنتدا بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.

 

–بایۆتەکنەلۆژیا بریتییە لەو تەکنەلۆژیایەی سیستەمی بایۆلۆژی، زیندەوەرە زیندووەکان بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدان یان دروستکردنی بەرهەمی جیاواز.

 

– لە فەرهەنگی کامبرجدا مۆنۆکەڵچەر واتە چاندنی تەنیا یەک جۆر تۆو یان ڕاگرتنی تەنیا یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی.

 

-جووتیاری پەراوێزخراو یان جووتیاری بچووک: ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵ لە ساڵی ١٩٧٨ بەم شێوەیە پێناسەی جووتیاری پەراوێزخراو دەەکات: کەسێک توانای دەستڕاگەیشتنێکی زۆر کەمی بە دەسەڵاتی سیاسی، سەروەت و سامانی بەرهەمدار لە ناو کۆمەڵگەدا نییە یان زۆر کەمە. ئەوان لە ناوچە گوندنشینەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا ئامرازیان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان یان لە ترسی بەردەوامدا دەژین بۆ لەدەستدانی تواناکانیان. لە هەمانکاتدا لە سەرچاوەی دیکەدا مەبەست لەو جووتیارانەیە کە ڕووبەری ٢ هێکتار زەوی کشتوکاڵیان هەیە.

 

-مەبەست لە Genetically Modified Organisms -ئەو ئۆرگان/زیندەوەرانەی جیناتیان دەستکاریکراوە، یان Genetically Modified Food-ئەو خۆراکانەی جیناتیان دەستکاریکراوە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، واتە دەستکاریکردنی جیناتی ڕووەک، ئاژەڵ و وردەزیندەوەران و تێیدا ماددەی بۆماوەیی (DNA) دەگۆڕدرێت، واتە بەشێوەیەکی سروشتی و بەهۆی جووتبوون و/یان پێکەوەگرێدانی سروشتی ڕوونادات. ئەم تەکنەلۆژیایە بە “بایۆتەکنەلۆژیای مۆدێرن” یان “تەکنەلۆژیای جین” ناودەبرێت، هەندێکجاریش بە “تەکنەلۆژیای DNAی پێکەوەلکاو” یان “ئەندازیاری جین” ناودەبرێت. ڕێگە دەدات جینە تاکەکەسییە هەڵبژێردراوەکان لە زیندەوەرییەکەوە بۆ زیندەوەرییەکی تر یان لە نێوان جۆرە ناپەیوەندیدارەکاندا، بگوازرێنەوە. ئەو خۆراکانەی کە لە زیندەوەری جینۆمۆدێرن بەرهەم دەهێنرێن یان بەکاردەهێنرێن زۆرجار بە خۆراکی جینۆمۆدێرن ناودەبرێن.