چەند ڕۆشنە ئۆجاغی تێکۆشان و کۆمەڵگەکەم!
نەجیبە قەرەداغی
لەرۆژی قەسابخانە- کۆمەڵکوژیەکەی ١٦ ئایاری ١٩٩٧ی هەولێر بۆ یادی ڕووکەن، ڕەوشەن، پەیام و بەرخودان و هەموو کچانی ڕۆژ و ئاگر....
هەمیشە لە خۆت بپرسە، ئەوەندە بەسە هەست بە ستەم و ناشرینیەکان بکەی؟ رایەڵەی هەستت بە مێشک و ئەقڵتەوە چەندە؟ دیمەنێک دەتوانێ ژیانت بگۆڕێ و خۆت لە زۆر کەسی دیکە و زۆر کەسی دیکەدا لە خۆت دا ببینیەوە؟ لەو گەڕانەشدا فێر ببی بەردەوام لە دایک ببیتەوە و چۆک دانەدەی؟ دەرفەت بەوەش نەدەی بتکڕن و هەرزان فرۆشت بکەن؟ دەرفەت بەوەش نەدەی کە پێناسەت بکەن بەڵکو خۆت، خۆت پێناسە بکەیت و خۆت ببیتە ئۆجاغی رۆشنی کۆمەڵگەت. ئەی چی دەڵێی مرۆڤگەلێک لەم کۆمەڵگەیەدا بە دیتنی دیمەنێک ڕایەڵەی هەستیان بە ئەقڵیان بەستەوە تا ئاستی قوربانیدان بە ژیانیان کە شیرینترینە لای مرۆڤ و دوینێ و ئەمرۆیان بە ئایندە بەستەوە و فێریان کردین چۆن لە ژیان و مردن بڕوانین، فێریان کردین، هەندێ ژیان هەیە هەموو رۆژێک مردنێکە، بەڵام هەندێ مردنیش هەیە هەموو رۆژێک لەدایکبوونەوەیە. کچانی ئەم بەشەی وڵاتەکەمان کەم نین کە ئۆجاغی رۆح، ژیان و تێکۆشانیان لە پێناوی ئازادی دا رۆشن کردنیەوە و ئاگردانی جەنگی هەبوونیان جۆشدایەوە.
ئەمرۆ لە هیرانی واری هیران و مەلسای خۆشناوەتی و سیلڤانی واری حەیران و لاوکی دایکان، لە شارەکەی ڕووناهی کە چیاکانی گارێی بەرد بە بەرد تەی کرد و کردیە واری خۆجۆشدان، لەو شیلادزێیەی بەدەنگی سەعادەت ڕێکانی بەئاگاهاتەوە، لەو بادینانەی لە سەر گوێسوانەکانەوە بانگی بۆ بیستنی قارەمانێتی بەرماڵ بەرواری، بێریتان دیبەگە، مزگین شیلادزێ، وڵات خۆشناو بکات.
لە پیرە قەڵای ژیندا هەولێری کە مەگەر هەر ئەو بزانێت کە نۆکەر و خائینەکان تەنانەت لە جەستەی پارچەکراوی کچانی رۆژ و ئاگر دەترسان و ئەویش سوێند و بەڵێنی بۆ ژیانێکی ئازاد دایەوە.
بەو سلێمانیەی کە هێشتاش خەلکەکەی نازانن ئێسک و پروسکی ڕوکەن ، پەیام ، بەرخودان و رەشەون لە چ کونجێکدا شاراوەیە و هێشتا رۆحیان کوانوی تێکۆشانەکەی ئێمەیە، بەڵام زۆر باش دەزانن کاری دەسەڵاتدارەکان تەنیا پاسەوانیکردنی ئەو ئێسک و پروسکانەیە کە بەشەوی تاریک ژێر خاککران و تا ئێستاش لە تارماییەکانیان دەترسن.
چۆن کەرکوک ، کەلار وگەرمیانم بیر دەچێتەوە، گەرمایی تێکۆشانەکەی ئەو دەڤەرە نەبێ من کەی دەتوانم لەسەر پێ ڕاوەستم. تام و بۆی خاکەکەی نەبێت، سێ تەشیەکەی کفری نەبێت چۆن چیرۆکی بەرخودانیان بهۆنمەوە. چیرۆکی بەرخوانیان لە قەرەداغەوە هەتا قەندیل ، هەڵەبجەی خۆڕاگر تا ڕانیەی کڵپەی ڕاپەڕین، چۆمانی ئەلەنیا کە جگە لە قەندیل رۆحی بە هیچ جێیەک نەدەبوو و و دەیگوت سەیرم لێدێ قەندیل هەبێ چۆن دەبێ ژن خۆی بسوتێنیت.
کە دوژمنان و داگیرکەران باسی لۆزانیان دەکرد جەنگاوەرانی ئازادی دەنیز دێرەلوک، بێریتان دهۆک ، ڤەژین ڕزگەیی ، دەستینا قەندیل، دەریا زێباری ، ڕۆشنا کەرکوکی ، داستان کەرکوکی مەیدانیان لە دوژمن دەخوێند. ئیتر ئەوان خۆیان شیعر، رۆمان و گۆرانی و لاوانەوە بوون بۆ ئازادی، بۆ ژیان و هەبوون. لە گۆڕێکدا درێژکران سەرێکی لە کۆبانێ، سەرەکەی تری لەدەرسیم ، ئەوی دیکە لە بۆتان بوو. ئەوان لە مێژووە بوو هەرچی پەیمان، رێکەوتننامە هەیە توڕیان دابوو. ئەو تەنیا لە سەر کتێبەکان بە دوای نەخشەی دەرسیم، بۆتان ، ئامەد و کۆبانێ و عەفرین دا، لە مهاباد و کرماشان و ئیلام نەدەگەڕان ئەوان سوێندیان خواردبوو بەخاک، بە ئاو و داروبەردی کوردستان و بەهەرچی پیرۆزییەکانی دایکە خوداوەند و بەهاکانی جوانی چیاکان و رۆحە ڕامنەکراوەکانیان کە بەجەستەی خۆیان خاک و مرۆڤی کوردستان بپارێزن و جەستەیان بکەنە بەردەباسی گەیشتن بە ئازادییەک کە مەگەر چیاکان کاتێ بێتەگۆ، باسی داستانەکانیان بکات و دوژمن و نامرۆڤە بچوکەکانیش تەنیا بە پەردەی بەرچاوی ڕەشی خۆیانەوە ماردۆک ئاسا، ئەنکیدۆ ئاسا سەیریان بکەن و لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووشدا جێیان نەبێ.
پێشکەشە بە گیانی ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە بەشێکی زۆر لە ژنە چالاکوانەکانی باشور هەر نایانناسن!!!
هیران هیرانی 1993-2003 بناری قەندیل
ڕووناهی سلێمانی 1996-1997 ئۆپەراسیۆنی گارێ
سەعادەت رێكانی 1995-1996 بادینان
بەرماڵ بەرواری 1994-1997 بادینان
بێریتان دهۆك 2010-2013 رۆژئاوا
دەنیز دێرەلوك 2009- 2017 ئامەد
مزگین شێلادزێ 1995-1997 بادینان
بێریتان دیبەگە -1996-1999 زاگرۆس
وڵات خۆشناو 1996-1997 باسیا بادینان و نزیكی زاگرۆس
رۆژگار كەلار 1997-1997 باشور
سۆلاف رانیە 1997-2013 گارزان
ڤەژین رزگەیی 2001-2012 بۆتان
دەستینا قەندیل 2001-2014 كوبانی
ڤیان جاف 1997-2006 لەحەفتانین
دەریا زێباری 2008-2011 مەتینا لەسەر سنوری باكور
مەلسا خۆشناو (هیرانی )1996 -1997 حەفتانین
ژیندا هەولێر خۆشناو 1996-1998 قەندیل
خەڵات سۆران سلێمانی 1997-2003 قەندیل
ئاوات رانیە 1997- 1998 بادینان
روكەن سلێمانی 1996-1997هەولێر
بەرخودان سلێمانی 1996-1997هەولێر
پەیام سلێمانی 1996-1997هەولێر
رەوشەن سلێمانی 1996-1997هەولێر
رۆشنا كەركوكی .2017-2019 رۆژئاوا
خوێندا سلێمانی 1998-2001 خنێرە
ئەلەنیا چۆمان 1997-2002 دۆڵەكۆكێ
داستان كەركوكی 1997-2005 دێرسم
گەشبین كانیماران 1994- 1998 گارێ
روهەیڤ روناهی 2017-2019 كارۆخ
نیشتیمان سلێمانی .1997—1997 خواكوركێ
سیلڤان هەولێر 1997 -1997 بادینان گارێ
لەیلا سلێمانی 1997 -1997 بادینان
سارینا گەرمیان (دوزخورماتوو) 2015-2019 خواكوركێ