چۆن دراما توركییەكان كراون بە شەڕی تایبەت دژ بە گەلی كورد؟

ساكار عەبدوڵا – ڕۆژنامەنووس

 

دەوڵەتی تورك بە درێژایی مێژوو هەر لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە تا ئێستا بە بەردەوامیی لە هەوڵی داگیركارییدایە لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان و شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی نیشتیمان و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ڕێی درامای توركیەوە، هیچی كەمتر نییە لە مادە هۆشبەرەكان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕەكان پڕبوونە لە كاڵای توركی، خوێندنگەی توركی ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایەوە تا ئەو ڕادەییەی شارەكان پڕبوون لە میتی تورك و لێرە بوونەتە خاوەنی خانوو و زەوی و زاری زۆر و بەشێكی زۆریش لە مۆڵەكان كارەمەندەكانیان توركە، هەروەها لە ڕێگای سۆشیال میدیاو و دراما توركییەكانەوە جارێكی تر شەڕێكی سارد بەرامبەر بە تاك و گەلی كورد بەڕێوەدەبەن.

 

دەكرێت بڵێین، بە داخەوە لە بەشێك لە میدیا كوردییەكانی باشوری كوردستان ڕۆژانە خەریكی ژەهر ڕژاندنن بەسەر ماڵەكانماندا، ئەویش بەهۆی پەخشكردنی دراما توركییەكانەوە بە بەردەوامیی و بێ ئەوی گوێ بە هەستی خەڵك و كۆمەڵگە بدەن و بزانن لێكەتە خراپەكانی دراماكان چییە.

بێگومان كارمەند و بەڕێوەبەری كەناڵەكانیش خۆیان باش دەزانن كە ئەم دراما توركیانە نەك لەگەڵ كولتور و كۆمەڵگەی ئێمەدا ناگونجێ بگرە زۆریش خراپ و تێكدەرانەییە، بەڵام ئەوان بە مەبەست ئەو كارە دەكەن و ساڵانەش دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخان دەكرێت بۆ كڕینی زنجیرە توركییەكان و سەدان كارمەندیش دادەنرێن بۆ كاری دۆبلاژكردنیان، بە گوێرەی چاوپێكەوتنێكیش لەگەڵ دەرهێنەرێكی كورد لە بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان، جەختی لەوە كردوەتەوە: كە تێچوی دۆبلاژی هەر دراماییەكی توركی زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆلاری تێدەچێت. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێكی سایتی مدونات جزیرە، كڕینی هەر ئەڵقەیەكی توركی هەزار دۆلاری دەوێت. بۆ نمونە درامای توركی هەیە ١٥٠٠ ئەڵقەیە، ئەگەر هەر ئەڵقەیەق بە ١٠٠٠ هەزار دۆلار كڕدرابێت، ئەوا دەكاتە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار.

 

ئەگەر بێت و ئێمە باس لە زیانە خراپەكانی ئەو درامایانە بكەین زۆر زۆرن، بە پلەی یەكەم بۆ سەر منداڵان و گەنجانە، لە كاتێكدا ئەوەی شەوان لە دراماكاندا پەخشدەكرێن بە ڕۆژدا منداڵ و گەنجەكان و بە تایبەت خۆێندكاران لاسایی دەكەنەوە.

 

لە زۆربەی وڵاتان منداڵ و گەنج و خوێندكار بە بڕبڕەی پشتی هەر وڵاتێك دادەنرێن بۆ دروستكردنی داهاتووییەكی گەش و ڕۆشن و كاری پێشكەوتوو، بەڵام لە كوردستان بەهۆی ئەو دراما توركیانەوە بەشێكی زۆری خۆێندكارەكانمان و گەنجەكانمان بە تایبەت ئەوانەی لە زانكۆن، ئەوانەی گرنگی بە جوانكاریی جەستە و روخسار و پۆشاك دەدەن نیو ئەوەندە گرنگی نادەن بە زانست و مەعریفە و پێشكەوتن، ئەمەش وایكردوە ساڵانە هەزاران خوێندكار خوێندن تەواو دەكەن بەبێ ئەوەی بتوانن داهێنانێكیان هەبێت، چونكە تەنها گرینگیان داوە بە پۆشاك و جوانكاریی و شتە ڕووكەشییەكان، بێگومان هۆكاری هەموو ئەمانەش دراما توركی و بیانییەكان.

 

ئەوەی جارێك دراما توركییەكانی بینبێت لەوە تێدەگات چ جۆرە ژەهرێك دەڕێژن، ئەگەر چەند نمونەیەك بخەینەڕوو: لە زۆەبەی ئەو درامایانەدا ژن لاواز و زەعیف نیشاندەدرێت و ڕۆڵی خراپەكاریی و بێ كاریگەری پێدەدەن.

ئەوەی لەو درامایەندا نیشان دەدرێت ئەوەیە، منداڵ تا تەمەنی ١٨ ساڵی نازانێت كێ دایك و باوكی ڕاستەقینەیەتی، گەنجێك شەوان لە دیسكۆ و باڕەكانە و بەڕۆژیش خەوتووە، كچان ڕۆڵی بێكاریگەیان پێدەدرێت و لاواز و عاشقی پارە و مۆدێلات و جونكاریی دەموچا و جەستەیان دەكرێن.

 

دراما توركییەكان نەك تەنها سوكایەتی بە ژنان و گەنج و منداڵان دەكەن، بەڵكو زۆربەی جار ژن و پیاوە بە تەمەنەكانیش بەدەر نیین لەو سوكایەتییە و ڕۆڵی قێزەون و خراپیان پێدەدرێت و سوك دەكرێن.

ئەو درامانایە پێمان دەڵێن، ژن لاوازە و بێ ئیرادەیە، ژن تێكشكاوە و ناتوانێت بێ یارمەتی پیاوێك ژیان بكات و كچانیش خەریكی جوانكاریی و دەستكاریكردنی جەستەیانن و گەنجانیش خەریكی سەرگەرمكردنی خۆی و ئارەزووە سێكسیەكانییەتی، منداڵانیش دوورخراونەتەوە لەو دونیا پاكەی منداڵییان و ژن و پیاوە بەتەمەنەكانیش بێ سودن لە كۆمەڵگە و بێ ڕۆڵ و كاریگەرن و پێمان دەڵێن بوون و نەبونیان یەكە و لە بەشێكی زۆری دراماكانیش هیچ گرینگیان پێنادرێت.

 

لێرەدا دەتوانین بە چەند خاڵێك و ئاست و لێكەوتە خراپ و نەێنییەكانی ئەو دراما توركیانە بخەینەڕوو:

یەكەم/ روحی هونەریی فیلم دەكوژێت.

دووەم/ ناتوانێت بە جوانی ئەو هەست و سۆزە دەرببڕێت و لە ڕووی هونەرییەوە لاوازن.

سێیەم/ لە رووی ئابوورییەوە زەرەرێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەدات و پارەیەكی زۆر دەچێتە دەرەوەی وڵاتەكە، ئەمەش وادەكات وەبەرهێنانی هونەریی فیلم و درامای كوردیی لە گەشەكردن دەوەستێنێت.

چوارەم/ دراماكان لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بەتایبەت دراما دۆبلاژكراوە تووركییەكان هۆكارێكن بۆ شێواندن و تێكدانی كولتووری كوردیی، هەموو دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان لە دەوری ئەوە دەسوڕێنەوە، ژن وەك كێشەیەكی گەورە و بەڵاییەك نیشان دەدەن، هەروەها تەوەرێكی تری دراماكان كاركردن و وروژاندنی غەریزەكانە.

پێنجەم/ دراما دۆبلاژكراوەكان بە ئامانجی سیاسی و ڕەگەزپەرستی بەرهەمدەهێنرێن، وەك درامای دۆڵی گورگەكان، كە سوكایەتی بە گەلی كورد و تێكۆشانی ئازادیی گەلی كورد دەكرد.

 

وەك ئەنجام:

دەمەوێت لێرەدا باسی چارەسەریی و چۆنێتیی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دراما توركی و بیانیانە بكەم.

دەبێت ئاماژە بەوە بكەین، كە كوردستان وڵاتی تراژیدیا و چیرۆكە نەبیسراو و نەوتراو و نە نوسراوەكانە، وڵاتی كەرەستەی خاوی بەرهەم هێنانی هەزاران فیلم و درامایە.

 

بۆیە پێویستە هونەرمەندانی كورد دراما لەسەر ئەو چیرۆك و تراژیدیایانە دروست بكەن كە لە كوردستاندا روویان داوە وەكو ئەنفال، كۆمەڵكوژیی دەرسیم، كیمیابارانی هەڵەبجە، كۆمەڵكوژیی سەر ئێزیدییەكان، كۆمەڵكوژی و داستان و بەرخودانەكانی ڕۆژئاوایی كوردستان، كۆچی گەنجانی باشوری كوردستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، چیرۆكی  وێرانكردنی هەزاران گوند لە سەرانسەریی كوردستان، وەك سینەماكاری كورد بەهمەنی قوبادی دەڵێت: دەتوانرێت لەژێر هەر بەردێكی كورستاندا فیلمێكی لێ بەرهەم بێنرێت.

بەم شێوەیە بەدیلێك دروست دەكرێت لە بەرامبەر درامای توركی و بیانی.

 

بۆ ئەوەش دەبێت دەرهێنەر و سیناریست و فیلمساز و ئەكتەر و هونەرمەندانی كورد لە هەموو كوردستان هان بدرێن بۆ ئەوەی ڕوو لە بەرهەمهێنانی فیلم و درامایی كوردی بكەن، هەروەها  لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی كوردیش هاوكار بن بەوەی داوایان لێبكرێت كە تێچووی ئەو پڕۆژە هونەریانە بگرنە ئەستۆی خۆیان.

 

ئەو هەوڵ و كارانە دەبێنە بەدیل و هۆكاری ئەوەی جارێكی تر بینەری كورد لە سەرانسەریی كوردستان ئاشنا بكرێنەوە بە  كولتور و مێژوو و بەرخۆدان و قوربانیدانەكانی گەلی كورد، ڕابردوو و مێژووی خۆیان بناسن، چیرۆك و بەسەرهات و تراژیدیا و داستانەكانی خۆیان ببینن.

 

بەو شێوەیە دەتوانین بینەری كورد ڕزگار بكەین لەو ژەهرەی ڕۆژانە لەلایەن دراما دۆبلاژكراوەكانەوە و دەڕژێنە ناو خێزان و كۆمەڵگەكەمانەوە.