چارەنووسی پارتی بەرەو کوێ دەچێت؟

بێریڤان محەمەد – ڕۆژنامەنووس

 

کاتێک بە ئاشکرا لەتبوونی هێزە سیاسییەکانی دیکە دەبینی لە هەرێمی کودستان و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان پەل بۆ دەرەوە دەهاوێت، پێمان وا نەبێت دۆخی پارتی لەوانی تر باشتر بێت. بە پێچەوانەوە پارتی لەناو قوڵترین قەیراندایە و دۆخە هەرە سەختەکانی مێژووی خۆی بەرێدەکات، بە جۆرێک خەریکە بە تەواوی دادەڕوخێت.

 

هەرچەندە سی ساڵە سەرجەم جومگە گرنگەکانی ئەم هەرێمەی داگیرکردووە، دیکتاتۆرییانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هێزە سیاسییەکانیش دەکات، داخستنی پەرلەمان نموونەیەکی زیندووە، بەڵام ئەم شێرپەنجەیە ئێستا بەناو خۆیاندا بڵاوبووەتەوە و خەریکە خۆیان دەخوات.

 

ئەم پارتە پاشڤەڕۆ و دواکەوتووە کە خاوەن سیستمێکی بنەماڵەیی و ئاغاواتی چەقبەستووە، نە خاوەن دونیا بینی سیاسییە و نە خاوەن پرۆژەیە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی سیاسەت و ئەجیندای هێزە دەرەکی و داگیرکەرەکاندا هەڵسوکەوت دەکات، لە ئەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە سات دۆخی نێوخۆیی و دەرەکیشی خراپتر دەبێت.

 

دواین شکستێک کە هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکانی هێنایە لێواری لەناوچوون، ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بوو، کە پشتگیرییە دەرەکییەکانیشی نەهێشت و ئەمەش ئاڵۆزییە ناوخۆیەکانیشی زیاتر کرد. شەڕی دەسەڵاتپەرستی و پارە لە ناوخۆیاندا وەک شێرپەنجە بە گۆشت و دەماریاندا ڕۆچووە.

 

ناکۆکی قوڵ لە نێوان نێچیر و مەسروور لە پێناو دەسەڵاتپەرستی و هەژموونیان لەلایەک و شەری نێوان مەسعود و ئەدهەم بۆ هەمان مەبەست لەلایەکی تر بە جۆرێکە ئەگەر باش یەکتریان نەناسیبایە و هەموو تیرۆر و کۆمەڵکوژییەکانی پێشتری ناوخۆیان نەزانیبایە ئێستا لانی کەم دەبوون بە سێ حزب یاخود زیاتریش.

 

لەلایەکی تر مەسعود بارزانی و کور و برازاکانی لە هەڵبژاردن زۆر تەنگاوبوون، ئەوەش پەیوەندیی بە پێگە جەماوەرییەکەیانەوە هەیە چونکە باش دەزانن کە لە پەیوەندییان بە گەلەوە چی لە هەولێر بێت، یاخود دهۆک کە متمانەیان لەسەر ئەو دوو شارەیە، لە قەیرانێکی گەورەی جەماوەرییدان، باش دەزانن خەڵکی هەرێمی کوردستان نەفرەت لە پەدەکە و بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی دەکەن، لە ئەنجامی ستەم و زوڵم و نادادپەروەرییان، کە زۆر جار گەشتووەتە ئاستی ڕاپەرین و بە زەبری چەک سەرکوت کراون، نموونەی شیلادزێ و ڕۆژنامەوانانی بادینان.

 

پەدەکە دەزانێت لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و ڕێژەی دەنگەکانی چەند بووە، گەر زەبر و زەنگ و ساختەکارییەکان نەبێت بەجۆرێک دادەڕوخێت ئەستەمە پەرلەمانتارەکانیان لە پەنجەی دەست تێپەرێت، ئەم پارتە لەوەتەی هەیە بووەتە بەڵایەکی گەورە بۆ ئازادیی و دیموکراتی و چارەسەری پرسی کورد لە باشوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئەو دەرفەتە گرنگانەی بۆ باشووری کوردستان لە عێراقدا هاتە پێش لە هەر بەشێکی تری کوردستان بوایە، ئێستا پێگەی سەربەخۆیی خۆیان مسۆگەر کردبوو، بەڵام ئێمە وا خەریکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەوەشی هەمانبوو لە دەستی دەدەین.

 

ئێستاش بەرەو هەڵبژاردن دەچین، لەم هەڵبژاردنەدا ئەولەویەت بۆ کورد لاوازکردنی پەدەکەیە، چونکە لاوازکردنی ئەم پارتە واتای لاوازکردنی خەتی بەکرێگیراوێتی و نەتەوەپەرستی کلاسیک و فیوداڵی و بنەماڵەییە، هاوکات هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئازادیی، هەتا ئێستا ئاماژەکان وادیارن کەوتنێکی گەورە و دارووخان و دواتریش لەتبوون چاوەروانی پارتییە، چونکە زۆرێک لە ڕێگاکانی دزی و ساختەکاریی لێ داخراوە، پێدەچێت وەک هەڵبژاردنەکانی تر نەتوانن دەیان هەزار دەنگی مردوو و خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان بەکاربهێنن، کورسییە تاعینەکانیان لەدەست چووە و دیار نییە وەک پێشوو بتوانن سندوق بدزن و پڕی بکەن لە دەنگی چەندبارە. هەر بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، دەنگدانێکی چارەنووسسازە و لەگەڵ خۆیدا قۆناغێکی نوێ بۆ کورد دێنێت.