بەرزكردنەوەی ئاستی توانای كاندیدانی ژن خزمەتی گەورە بە دۆزی ژنانی کوردستان دەكات
هێڤی حسێن- شێوەکار
ئەوە ڕوونە و یەكلایی بووەتەوە كە بەپێی دەستوری عێراقی دەبێت ڕێژەی ژنان لە كورسیەكانی پەرلەمانی عێراق لە "٢٥٪ " كەمتر نەبێت، ئەمەش واتا پێویستە بەلایەنی كەمەوە ٨٣ ژن ببنە ئەندامی پەرلەمان، جا لێرەدا من نامەوێ قسە لەسەر ڕێژەكە و باشی و خراپیەكەی بكەم، بەڵكو دەمەوێ لە ڕوانگەی مەبەست و ئامانج لە دانانی ئەو ڕێژەیەوە هەندێ بیروبۆچوون بخەمە ڕوو دەربارەی كاندیدە ژنەكانی حیزب و سەربەخۆكان.
بێگومان دانانی ئەو ڕێژەیە بۆ ژنان لە پەرلەماندا بۆ ئەوەیە ژنان بتوانن نوێنەرایەتیەكی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن لەناو پەرلەماندا و یاسا و ڕێساكان دەربڕی ڕوانگەیەكی پیاوانە نەبێت بەتەنها، ئەم بابەتە دەرفەت و دەرگایەكە بۆ ئەوەی ژنان لە قۆناغێكی دیاریكراودا بە دەنگی كەمتر لە پیاوان بچنە پەرلەمان و كەمتر بكەونە ژیر منەت و ماندووبوونەوە بۆ گەیشتن بەو كورسیانە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە دەرچەیەك بۆ چوونە پێشەوەی خەڵكی ناشایستە، واتا تەنها "ژن" بوون لەبەرچاونەگیرێ بەبێ گوێدانە توانا و لێهاتووییەكەی، بەڵكو دەبێت كوالێتی كاندیدانی ژن بەتەواوی گرنگی پی بدرێت، بەجۆرێك بتوانرێت ژنانی وەها بنێردرێنە پەرلەمانەوە ببنە نمونە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ژنان بەتوانان و دەكرێ لەداهاتوودا لەدەرەوەی كۆتا و بەتوانای خۆیان بچنە پەرلەمانەوە.
ئێستا بە دیقەتدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی كوردستان تێبینی ئەوە دەكرێت بەشێكی زۆری كاندیدە ئافرەتەكان وەك ئەكتەری پڕكردنەوەی شوێن دانراون، تەنها بۆ ئەوەی ببنە میكانیزمی بەدەستهێنانی كورسیەك وەك دەستكەوت بۆ حیزب یان هاوپەیمانیە سیاسیەكەیان، نەوەك ئەوەی لێوەشاوەیی و تواناكانیان كرابێتە پێوەر ولەسەر بنەمای ئەوە هێنرابێتنە پێشەوە، هەر بۆیە لە هەموو كوردستان تاكە ژنێك سەرۆكی لیست نیە! هیچ حیزبێك لە هیچ بازنەیەكی هەڵبژاردن لە ژنێك زیاتری دانەناوە هەتا بتوانێ لەسەر توانای خۆی كێبڕكێ بكات و حیزب پاڵپشتی بكات، ئەمەش واتا ئەو حیزبانە متمانەیان بەژنان نیە و سەركردایەتی لیستیان پێ ناسپێرن، تواناكانیشیان بەهەند وەرناگرن و هەوڵ نادەن لەبەرانبەر پیاوێكدا لەسەر كورسیە گشتیەكان كێبڕكێیان پێ بكەن! لەلایەکی ترەوە بەشێك لە حیزبەكان بۆ دانانی كاندیدانی ژن تەنانەت پرەنسیپە حیزبیەكانی خۆیشیان لەبەرچاو نەگرتووە، ژنی وا كاندیدی حیزبەکانە نەك تواناكانی بۆ خەڵك نادیارن بەڵكو لەناو حیزبەكەی خۆیشیدا دەستكەوت و داهێنان و سەرمایەیەكی فیكری و ڕۆشنبیری نیە هەتا شانازی پێوە بكات و بیكاتە پاشخانی كاركردنی، ئاخر ژنێك نەیتوانیبێ ئەوەندە خاوەن توانا و ڕۆشنبیری وچالاكی سیاسی نە بێت لەناو حیزبەكەیدا كە بە پلەی پێویستدا تێپەڕبێ، و نەیتوانیبێ ببێتە جێگەی متمانەی كادیرانی حیزبەكەی خۆی، ئیتر چۆن بتوانێت ببێتە نوێنەری ژنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن و بتوانێت دەربڕی خواستەكانیان بێت! یاخود چۆن پارتی سیاسی ڕێگە بەخۆی دەدات بانگەشەی بۆ بكات و داوا لەخەڵك بكات متمانەی پی بدەن لەكاتێكدا ئەو نەیتوانیوە لە ناو حیزبەكەیدا خۆی بسەلمێنێت.
لێرەوە دەبێ بڵێین كۆتای ژنان لەبری ئەوەی بوبێتە دەروازەیەك بەڕوی تواناكانی ژناندا بووە بە ڕێگایەك بۆ گەیشتنی هەندێ كەسێ بێ توانا و كەم توانا بە پەرلەمان و دواجاریش خەوشداركردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ژنان. خاڵێكی تر كە جێگەی سەرنجە، زۆربەی كاندیدە ژنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كوردستان جەخت و تەركیزیان لەسەر بابەتە سیاسیەكانە و هەر بە قسەكردنیاندا دیارە پیاوەكان بەرنامەی كار و وتارەكانیان بۆ نوسییونەتەوە، ئاخر كەمترین بابەتی خواستەكانی ژنان باس دەكەن یان هەر باسی ناكەن، بۆنمونەی نەمان بینی كاندیدێك بێت و پێمان بڵێ چی دەكات بۆ هەڵوەشانەوە یان ڕاگرتنی یاسای جەعفەری كە ڕێگە بە شودانی منداڵی نۆساڵان دەدات؟ كەسیان نەهاتن پێمان بڵێن چۆن كاردەكەن بۆ دروستكردنی هاوسەنگی جێندەری لە دەزگاكانی حكومەتی عێراقیدا، هیچ ژنە كاندیدێك نابینی باسی ئەوە بكات بەرنامەی چیە بۆ ژنانی شەنگال و ئەنفال لەسەر ئەرزی واقیع و بەبێ تێكەڵكردنی بەسیاسەت تەنها وەك ئازار و پێشێلكاریەكی ژنانە، ئەی کێ لە نوێنەرە ژنەکانی کورد هاتە دەنگ و بڵێ من لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگێکی زووڵاڵانەی زمانی دایکم دەئاخفم کە مافێکی دەستووریمە، وە بەو زمانە پارێزگاری لە مافەکانی کوردو کوردستان دەکەم، بێگومان کەس ئەمەی نەکردووە و دیاریشە لە کوالێتی کاندیدەکانەوە لەخولی داهاتووش نایبینین بکرێت، ئەمانە و چەندین سەرنجی تر پێمان دەڵێت بەرزكردنەوەی كوالێتی و ئاستی توانای كاندیدانی ژن خزمەتی گەورە بە دۆزی ژنانی کوردستان دەكات، وادەكات تەنها ژمارەیەك نەبن و تەواو، بەڵكو دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی ژنان بن.