بۆچی قەت ناوترێت: پیاو شانبەشانی ژن..؟
شیاو نەوڕۆڵی- ماستەر لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزان
لەم ڕۆژانەدا گوێم لە وتارێکی سەرۆکی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی کوردستان دەگرت؛ وتارەکە جوان بوو، بەڵام دەربڕینی “ژنان شانبەشانی پیاوانی بچنە پێشەوە..” سەرنجێکی لای دروستکردم.
وشەی “شانبەشان” لە زمانەوانیدا واتە دوو شت هاوئاست بن و لە شانی یەکدا بن، بەڵام لە کۆنەستی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا، ئەم وشەیە بارگاوی کراوە.
کاتێک باسی گەشە و بەرەوپێشچوونی ژنێک دەکرێت، هەمیشە دەوترێت “شانبەشانی پیاوان کار دەکات”. بە ئاگایی یان نائاگایی، پیاو کراوە بەو پێوەر و هێڵە باڵایەی کە دەبێت ژن خۆی پێ بگەیەنێت. لە کاتێکدا، پێچەوانەکەی هەرگیز نابیستین؛ قەت نابیستیت کاتێک ژنێک پڕۆژەیەک یان ژیانێک بەڕێوەدەبات، بوترێت “ئەم پیاوە شانبەشانی ژنەکەی هەوڵ دەدات.”
پیاو پێوەر نییە بۆ گەشەی ژن، ژنیش بە هەمان شێوە. هەردوو ڕەگەز ڕۆڵی تەواوکاری دەگێڕن: (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ). هەریەکەیان خاوەنی ڕەسەنایەتی، بایۆلۆژیا و ڕێڕەوی گەشەی خۆیانن.
نەنکی رەحمەتیم "حاجی بەگزاد نادر" (دایکی باوکم)وەک یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی نەورۆڵی، ڕۆڵی سەرۆکی عەشیرەتەکەی بینیوە. ئەو هەمیشە لە مەجلیسی پیاواندا خاوەن بڕیاری کۆتایی بووە و لە سەروو قسەی ئەوەوە هیچ دەنگێک نەبووە .ئەو پێویستی بە هیچ “شانێک” نەبوو تا خۆی پێ بپێوێت؛ بەڵکو بە سەنگینی و ڕەسەنایەتیی خۆی، ئەدای سروشتیی خۆی دەکرد ئیلهامبەخش و رێنیشاندەر بوو.
لە سروشتی ڕەسەنی ژندا، پێشبڕکێ و منافەسە بۆ خۆسەلماندن بوونی نییە. ژن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناچار دەکرێت بچێتە ناو یارییەکی منافەسەوە کە خۆی داینەناوە، ئەم دەستەواژانەش ئەو ململانێیە تۆختر دەکەنەوە.
ژن کاتێک ژینگەکەی لەبار بێت، بەهەرجۆرێک ئەدای سەرکردایەتیی خۆی بکا تەنها ئەو خەڵات و داناییانە پەخش دەکاتەوە کە خودا پێی بەخشیوە، نەک بۆ ئەوەی لە پیاوێک بباتەوە یان بگاتە لای شانی. شانی پیاو، هێڵی کۆتایی نییە، بەڵکو سەرکەوتن بۆ ژن ڕێک گوزارشتکردنە لە خەڵاتە خوداییەکانی کڕۆکی خودی ژن.