بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەهێز بێت
سۆزان حەمە تاتە- نووسەر
جموجووڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان، دەرفەتێکی گونجاو و لەبارە بۆئەوەی لایەنە کوردستانییەکان "بە بەشداریی پێکهاتەکان" بۆ گفتوگۆ کۆببنەوە و بڕیار لەسەر جێگیرکردنی ئەجێندایەکی کوردستانیی-نیشتمانی بدەن بۆ ئەوەی هێز و دەنگیان دابەش و لاواز نەبێت.
ریسک بەرامبەر نەیارەکان و سازشکردن بۆ یەکتر لەنێوان هێزە کوردستانییەکان، میکانیزمی گونجاون بۆئەوەی ئاسانتر لەسەر ستراتیژە کوردستانییەکە رێکبکەون، هەڵبەت ئەوە پەیوەندیی بە ریشەیەکی مێژووییشەوە هەیە، چونکە بینیومانە لەو کاتەی کوردستان پەرتەوازە بووە و هێزەکانی خەریکی رکابەریی تووندبوون لەنێوان خۆیاندا، دوژمن دەرفەتی وەرگرتووە و ئەجێندای خۆی بەسەردا سەپاندوون. ئەمە بووەتە ئەزموونێک و دەکرێت سوودی لی وەربگیرێت لەم کاتەی گفتوگۆکان گەرمن بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق.
سێ خاڵ هەیە کە گرنگە هێزە کوردستانییەکان لەسەری بووەستن:
یەکەم: جێبەجێکردنی دەستوور وەک پاکێجێکی یەکگرتوو، نەک جێبەجێکردنی بە بەش بەش، ئەوەی عیراق لە بەرژەوەندییەتی جێبەجێی بکات و ئەوەشی بۆ کوردستان جێگەی بایەخە پشتگوێی بخات و بیانووی بۆ بدۆزێتەوە.
دووەم: مەسەلەی پێشمەرگە و بوونی کارای کورد لەناو سوپای عیراق و سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتەدا، ئەوەش بۆ دوو بابەت گرنگە، یەکەمیان پێشمەرگە زیاتر خۆی پێ بەهێز بکات و وەک سوپای عیراق ببێتە خاوەن چەکی پێشکەوتوو، دووەمیان بۆئەوەی رێگربێت لەوەی هەموو جومگە هەستیارەکانی سوپا لە دەستی غەیرە کورددا بێت و هیچ ئاگاداری پیلان و پلانەکانیان نەبێت.
سێیەم: کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بکرێتە کاری لەپێشینەی گفتوگۆکان و هەوڵی جددی بدرێت و مەرج و کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دابنرێت و بەو ماددەیە ناوچەکان بگەڕێنرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، راستە ئەوە کارێکی قورسە و پەیوەندیی بە فاکتەری نێودەوڵەتیشەوە هەیە، بەڵام ناکرێت نەبێتە کاری گرنگ و لەپێشینە.
لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ بەهێزبوونەوەی پێگەی کورد، وەک ئەزموونی خۆم لە یەکەم خولی پەرلەمانی عیراقدا، گرنگە لایەنە کوردستانییەکان پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردستانی بکەنە کاری لەپێشینەیان، ئەوە نیشانەی یەکگوتاری و بەهێزبوونی دەنگی کورد و پێگەکەی دەبێت لە داهاتوودا و ئەو دەستکەوتانەش کە هەبوون، بەشێکی زۆریان بەرهەمی یەکگرتوویی و یەک ستراتیژیی ئەوکاتی هێزە کوردستانییەکان بوو.
گرنگە بۆ سیاسییەکان، ئەزموونە سەرکەوتووەکان دووبارە بکەنەوە و سوود لە هەڵە و کەموکووڕیی ئەو قۆناغ و ئەزموونانەش وەربگرن کە دۆزی کوردی دواخستووە و بووەتە هۆی بێهێزکردنی پێگەی کورد.