بۆ تانەدان لە دەسەڵات مەبنە پاڵنەری خۆكوشتن!

ئارەزوو نوری - ڕۆژنامەنووس


خۆكووشتن و سەرپێچی لە داخی حكومەت و یاسا، رێگەیەك نییە تا مرۆڤ ژیانی خۆی لەپێناودا بخاتە مەترسی و لەدەستدان.
هەمیشە ئەوانەی لەئەنجامی نەبوونی و بێ مووچەیی و بێ كاری و كرێچێتی و.... پەنا بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن دەبەن، بەجۆرێك دەبنە مانشێتی سەر شاشە و سۆشیال میدیا وەك ئەوەی كارێكی دروستی كردبێت و دەیكەن بە پاڵەوان لە دژی ئەو حكومەتەی ئەو پەسەندی ناكات.. ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ هەموو ئەوانەی بێ كار و نەبوون و كرێچی و داخ لە دڵن تا بۆ بوون بە پاڵەوان هەمان ڕێچكە بگرنەبەر..

پێویستە كاتێک رووداوگەلێكی لەم چەشنە روویدا، هەمیشە ئەو هەوڵانە ئیدانە بكرێن و كارەكەیان بەنابەجێ و نادرووست ئەژمار بكرێت. نەوەك ببنە پاڵنەرێك بۆ كەسانی دیكە تەنها بۆ تانەدان لە دەسەڵاتێك كە تۆ پەسەندی ناكەی..
ژیانی مرۆڤەكان زۆر لەوە پیرۆزترە بۆ دەردەدڵی خۆت ببیە هۆكاری زیادكردنی دیاردەی خۆكووشتن لە دژی دەسەڵات..

ئەگەر تۆ میدیاكاری، وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی پیشەكەت پێویستە چیرۆكی بڵاوكردنەوەی رووداوەكە وەك كارێكی نادرووست و نابەجێ بهۆنیتەوە و ئەنجامدەر نەكەی بە پاڵەوان و قوربانی نادادی سیستمێك.
ئەگەریش هاوڵاتییەكی و پێت خۆشە لە ئەكاونتی خۆت وێنە و هەواڵێكی لەم چەشنە بڵاو بكەیتەوە و سەرنجی هاوڕێكانتی پێ رابكێشی، ئەوە باشتر وایە نەیكەی..چوون هەموومان مرۆڤین و مافی ژیانمان هەیە، ئەم جۆرە هەواڵانە كاریگەری خراپ لەسەر دەروون و بیركردنەوەی خەڵكی جێدەهێڵێت جگە لەوەی لەمێشكی كەسانێك وەك بەدیلێك بۆ چارەسەری كێشەكان دەچەسپێ.

بۆیە وا پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە بڵاوكردنەوەی وێنە و هەواڵ و بەپاڵەوانكردنی ئەو كەسانەی خۆیان دەكەنە قوربانی وەك بەدیلێك بۆ چارەسەری گرفتەكانیان، تا نەبینە پاڵنەر بۆ ئەوانەی باری دەروونیان ناجێگیرە و هەمیشە رێی كرداری نادرووست لەهزریاندا بوونی هەیە.

 

ت.پ