بۆ شیعر دەنووسم؟
نەزەند بەگیخانی - شاعیرو نووسەر

لە گەرمەی جەنگ و جەرگسووتانی دایکەکان و ماڵوێرانی کورد و تێکشکانی خانەکانی بوونماندا، من شیعر دەنووسم، بە شیعر گوزارشت لە خۆم و سەردەم و دۆخەکە دەکەم و لە دید و زمان و فۆرمێکی دیکەوە جەنگ و مەرگ و ئاڵۆزییەکان بەیاد دەکەم. ئەمە شێوازی بەرخودان و گیانی یاخیبوون و خۆڕاگریی منە. لەم پرۆسەیەدا، جگە لە بەدەستهێنانی ئارامی و ئاسودەیی رۆحی، من دەتوانم ترۆمای تاک و ترۆمای گشتیی نەتەوەیی کوردی بهێنمە ئاستێکی هونەریی باڵا بە شێوەیەک کە بتوانێ مرۆڤ بدوێنێ، بێدەنگیی بشکێنێ، بێدەنگیی جیهانێکی ناشرین و دوفاق کە زلهێزەکان و سیستمی سەرمایەداری دەیانەوێ تێیدا بەندمان بکەن.
لە گەرمەی جەنگ و دوای مەرگ و کارەساتە خوێناوییەکان، لە سەردەمی لێکترازان و کەوتنی عەشق و بەها جوانەکان، شیعرنووسین لە هەموو کاتێک پێویستترە. بۆ من ئەمە مایەی خۆڕاگری و بەردەوامییە، فۆرمێکی دیکەی وتن-ە، وتن-ێکی جیاواز وەک زەنگوڵ، زەنگی بەئاگاهێنانەوەیە دژی ناڕەوایی و کوشتنی مرۆڤە بێتاوانەکان. لە رێگەی شیعرەوە، من دەگەڕێمەوە ناو چەقی ژیان و سەنتەری بوون و ئاشت دەبمەوە بە مرۆڤ و جیهان؛ لە رێگای شیعرەوە من دەتوانم لەوپەڕی هۆشیاری و هەستیارییەوە پەیوەندییەکی جوان و مرۆڤانە لەگەڵ دەوروبەر دروست بکەم، لە یەک کاتدا کارەساتە خوێناوییەکان و دژواری و پارادۆکس و ناسکیی مرۆڤ بەرجەستە بکەم، هاوتا سۆز و جوانییەکانی رۆژانەش بە هەند وەربگرم و جیهانی ناشیرینمانی پێ رەنگڕێژ بکەم. ئەزموونی هەر یەکێک لە ئێمە لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە؛ واتە وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤێک کە لەناو کورەی جەنگ و ئازار دەژی، مەرگی ئازیزانی بینیوە، برینەکانی ساڕێژ کردووە، عەشق و خیانەت و برادەرایەتیی ئەزموون کردووە، ئەمانە بابەتی گرنگن لە پرۆسەی داهێنان و بەرهەمهێنانی زانین-دا. ئەمانە ماهییەتی مرۆڤبوونی ئێمە و هەموو کەسێکە لەسەر گۆی زەوی. گوزارشتکردن لە زمان و فۆرمێکی شیعری یا هونەریدا لەم بابەتانە دەبێتە مایەی زانین- و هۆشیارییەکی هەستیار کە ئاشتمان دەکاتەوە بە خود و بە ئەوانیدیکە، وامان لێ دەکات شێت و دێوانە نەبین و جوانتر لە واقیعدا نیشتەجێ بین، واتایەک دەداتە جیهانی تێکشکاومان.
راستە شیعر و هونەر ناتوانن جەنگەکان بوەستێنن، ناتوانن برینی دایکە جەرگسووتاوەکان، برینی مرۆڤایەتی بە تەواوی ساڕێژ بکەن، بەڵام بەر رۆحمان دەکەون، لەگەڵمان دەدوێن، رزگارمان دەکەن، لە کۆتاییدا دەمانهێننەوە لای خود و لای یەکتری و ناو چەقی ژیان. ژیانی ئێمە ئەمڕۆ تەنراوە بە جەنگ و تۆقاندن، بە تووندوتیژی و لێکترازان و هەرای سیاسەت و سۆشیال میدیا، جگە لە ترسێکی گەورەش لە تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد کە نەک هەر کۆنترۆڵمان دەکەن، بەڵکو رۆژێک دێ لەجیاتی ئێمە بڕیاریش دەدەن: ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی تەکنەلۆژیا کە خەریکە مرۆڤەکان لە توانای بیرکردنەوە و هەست و سۆز دادەبڕێنێ و دەیانکات بە رۆبۆتێک. ئاڵۆزی و کارەساتەکان زۆرن و ژیانی ئێمەیان تەنیوە، جا داگیرکرنی هەست و سۆزی مرۆڤ و کۆیلەسازی و دابڕاندنی مرۆڤ لە توانای بڕیاردان ترسناکترین ئاکامە کە لەوانەیە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و لەناوبردنی ژیان بە تەواوی لەسەر گۆی زەوی کۆتایی بێ.
لەم رۆژانە وتارێکی پرۆفیسۆر جۆشوا بێنێت- م خوێندەوە بەناونیشانی بۆچی زۆربەی قوتابییەکانی ئێم ئای تی شیعر دەنووسن؟ ئێم ئای تی (ئەنستیوتی تەکنەلۆژی ماساچوسێتس) گەورەترین زانکۆی ئەمریکییە لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا دا. ئەو پرۆفیسۆرە لە وتارەکەیدا باسی گرنگیی شیعر دەکات کە چۆن شانبەشانی زانست و تەکنەلۆژیا بۆ سەرفرازیی و ئاسودەیی مرۆڤ، بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و بەهای مرۆڤبوونمان ئێستا لە گەشەدایە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەو زانکۆ مەزنەدا کە سەنتەری ئەمریکایە بۆ بەرهەمهێنانی زانست و تەکنۆلۆژیا، مامۆستا و قوتابییەکان گرنگییەکی زۆر بە شیعر دەدەن وەک پێویستییەکی هەنوکەیی و مرۆیی، هەروەها هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکی داینامیکی مرۆییانە لە نێوان پرۆسەی نووسینی شیعر و زیرەکیی دەستکرد دروست بکەن.
خوێندنەوەی ئەو وتارە بۆ من مایەی سەرنج بوو، چونکە ئەزموونم وەک کوردێک لە یەکێک لە گەورەترین زانکۆکانی فەڕەنسا، سکولی پاریس بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (سیانسپۆ)، هاوشێوەی ئەزموونی قوتابییەکانی ئەنستیوتی ئێم ئای تییە. سیانسپۆ و سکۆلی پاریس کە ناسراوە بە (پسییا) گەورەترین سەنتەری ئەکادیمیی فەڕەنسییە کە زۆربەی ئەندامانی نوخبەی سیاسی و رۆشنبیریی فەڕەنسای پەروەردە کردووە و پێی گەیاندوون (بۆ نموونە: میشێل فوکۆ، ئەندرێ سیگفرید، فرانسوا میتێران، فرانسوا هۆلاند، ئێمانوێل ماکرۆن). ئەم زانکۆیە لە ریزبەندی زانکۆکانی دونیا لە رووی کوالێتی و زانستی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە، لە دوای هارڤەرد پلە دووە و گرنگییەکی تایبەت بە داهێنانی ئەدەبی و شیعر و هونەر دەدات. من لەوێ لە بەشی جێندەر بابەتی دۆخی ژنان لە ئەنجامی جەنگ و ململانێ سیاسییەکان دەڵێمەوە، ساڵانە لەگەڵ قوتابییەکانم لە رێگەی شیعرەوە بابەتەکە رەوانتر و قووڵتر چەمکئامێز دەکەین و گوزارشتی لێ دەکەین. ئەم گرنگییە و هاندانی مامۆستا و قوتابییەکان وایکرد کە لە ساڵی 2023 سیانسپۆ (ماڵی هونەر و داهێنان) وەک سەنتەرێکی سەربەخۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر برەو بە شیعر و داهێنان و هونەری نووسین بدات، نووسەر و شاعیر و هونەرمەندان بەسەربکاتەوە و هاوکاری نەوەی گەنج بکات لە بەرەوپێشبردنی بەهرە و تواناکانیان و گرێدانەوەی بە داهاتوو بەشێوازێکی پۆزەتیڤ و مرۆڤانە.
لە لای کورد شیعر چ لە شێوەی زارەکی و دواتر وەک نووسین هەر لە کۆنەوە هونەرێکی رەسەن و باوی خۆدەربڕین و گێڕانەوە بووە؛ وەک یەکەمین فۆرمی نووسین، ژانرێکی هەمیشە جەماوەری و گرنگ بووە، مێژووی مرۆڤی بەیاد کردووە نەک وەک گێڕانەوەی رووداوەکان، بەڵکو رۆحی سەردەم و وردەکارییە زیندووەکان و ناکۆکییە وجودییەکان. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، گەشەی بێ سەروبەری سەرمایەداری لە کوردستان وای کردووە کە دەسەڵات و کەناڵەکانی میدیا و دەزگا ئەکادیمییەکان نەک هەر کەمترین گرنگی بە شیعر بدەن، بەڵکو بە بێ بەها و بێبایەخیشی دادەنێن. لە ئەنجامدا ئەم ژانرە گرنگە پەراوێز خراوە و لە خەیاڵی گشتیی زۆربەدا شیعر وەک لاوازی و هەستیارییەک هەڵدەسەنگێندرێ کە گوایە خزمەتی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی و سیاسەت و زانست ناکات. وەک ئەوەی ئەم بوارانە رۆبۆت بەڕێوەیان ببات نەک مرۆڤ! لەمەش خراپتر، بە پێی دید و گۆشەنیگای پیاوسالاری و نادۆستیی ژن، شیعر دەهێننە ئاستی ژنبوون و لە بەهای کەم دەکەنەوە.
ئەگەر لە ئەزموونی خۆمەوە قسە بکەم: زۆرجار رێککەوتی کردووە تەکنۆکراتەکان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێیان گوتووم تۆ شاعیریت بۆیە ناسکیت، ناتوانی لە بەڕێوەبردنی بزنێس و سیاسەت بچییە پێشەوە. ئەو گوتەیە بە ئەندازەی ئەوەی کە تێنەگەیشتنە لە شیعر و شاعیربوون، بە ئەندازەی ئەوەش رەنگدانەوەی پیاوسالارییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە ژن بە کەم و لاواز دادەنێ و لە دیدی پیاوانەدا (کە سیاسەت و ئابووری بە موڵکی خۆی دەزانێ) چوارچێوەڕێژی دەکات. من شاعیرێکی گەورەم، جگە لە کوردی، بە ئینگلیزی و فەڕەنسیش دەنووسم، هەروەها ئەکادیمیستێکی جددیم و لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا (بریستڵ –ی بەریتانی و سۆربۆن و سیانسپۆ) کارم کردووە، شیعر و توێژینەوەکانم دەخوێندرێن و وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەکاردەهێنرێن. جگە لەمەش، شیعرەکانم خەڵاتی نێودەوڵەتییان پێبەخشراوە. کەچی لە کوردستان و (لە دیاسپۆرای کوردیشدا)، شاعیربوونی من وەک خاڵی لاواز بەکاردێ و لە چوارچێوەی ژنبوونیشدا دەیانەوێ بە قەد بەڕەی کۆنی پیاوسالاری پێ راکێشم. لە ئەنجامدا لەو بوار و کایە و رووبەرانەی کە پیاوان بە جددی و بەهی خۆیانی دەزانن، ژن و شیعر هەمیشە دەهێنرێنە یەک ئاست و دواتر پەراوێز دەخرێن. وتار و قسە و حوکمی لەمجۆرە ئەوەندە زۆر بوون و لە ئاستێکی ئەوەندە نزمیش دان، کە کار گەیشتۆتە ئەوەی وەڵام و گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ ئەو جۆرە عەقڵیەتانە بێ سوود بێت.
شیعر حەقیقەتی منە، بەرخودانە، هۆکاری مانەوە و بەردەوامبوون و خۆڕاگریمە. هیچ راستییەکی بەڵگەداریش نییە کە بیسەلمێنێ شیعر ژانرێکی لاوازە و دەرەقەتی دژوارییەکانی سەردەم نایە. دیارە لە ئەنجامی سەرمایەداریدا، ئەم جۆرە گوتارە لە وڵاتانی دیکەش باوە و وای بۆ دەچن کە لەبەرئەوەی شیعر و ئەدەب باس لە ئەزموونی تاک و وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەکەن، ئەوە بێبایەخن و لە خزمەتی زانست و پێشکەوتندا نین. بۆ نموونە، جیل دولوز کە پیاوانی رۆشنبیری کورد (ئەوانەی هەر بەناو رۆشنبیرن!) پێی سەرسامن، لە فەڕەنسا رەخنەی زۆری لێ گیرا کاتێ لە دیدارێکدا وتی: "ئەزموونی شەخسی لە ئەدەبدا نابوت و بێ مانایە و هیچ سوودی نییە، دەبێ نووسەران باسی شتە گەورە و یونیڤێرسالییەکان بکەن". ئەگەر مەرگی ئازیزێک یونیڤێرسال نەبێ، ئەگەر ئەزموونی جەنگ و خیانەت و عەشق و دایکبوون بابەتی گەورە نەبن، چی یونیڤێرسال و گەورەیە؟ داهێنانی فیکریی قووڵ لە ئەزموونی ژیانەوە گەشە دەکا، ئەبستراکت نییە وەک بابەتگەلێک کە کۆمەڵێک پیاوی نێرسالار لە دەرەوەی واقیع بە پێی حەز و ئارەزووی خۆیان بەرهەمیان هێناوە و بەناوی 'مەوزوعییەت و ئەقلانییەت' دەیسەپێنن و دەسەڵاتزاڵیی خۆیانی پێ دەسەلمێنن.
مرۆڤ دەتوانێ لە رێگەی شیعرەوە فیکر و فەلسەفەیەک دەربڕێ کە ببێتە گەنجینەی زانین و مرۆڤایەتی ئێمە لەم سەردەمە دژوار و کێشەئامێزەدا بەرجەستە بکات. جۆشوا بێنێت لە وتارەکەیدا دەڵێ شیعر تەنیا جووڵە و بزاڤی مرۆڤ تۆمار ناکات، بەڵکو ئاڵۆزی و زەنگینی و وردەکارییەکانی ناخی ژیان بەرجەستە دەکات. شیعر دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئێمە باڵاتر بین، جوانبین بین، بتوانین لەگەڵ یەکتری بدوێین، مونیومێنتێک دابهێنین کە پێکەوە، نەک بە تەنیا، بیگوازینەوە بەرەو داهاتووی مرۆڤ و جیهان و گۆی زەویشی پێ رزگار بکەین.