وەڵامی یەپەژە بۆ یەکگرتن – چاوپێکەوتن
ساریا عەفرین، فەرماندەی یەپەژە ڕایگەیاند، یەپەژە پێکهاتەیەکی سەربەخۆیە، تەنانەت ئەگەر هێزەکانی قەسەدە بچێتە ناو سوپای سووریا، یەپەژە بەردەوام دەبێت لە خۆبەڕێوەبەری.

ناوەندی هەواڵ
شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵانێکە ناوەندی گەڕانی ژنان و گەلان بۆ ئازادی و ناوەندی بەرخۆدان بووە. لەم جوگرافیایەدا خەباتی خۆپاراستن بە پێشەنگایەتی ژنان تەنیا خۆپاراستنی سەربازی نییە؛ هەروەها بەهێزترین هێمای بونیادنانی یەکسانی و ئازادییە، بنەڕەتیترین ئەکتەرەکەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"یە.
ساریا عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی بێریڤان ئیناتچی، نوژنها سەرنووسەری ئاژانسەکەمانی دایەوەو هەڵسەنگاندنی گرنگی لەبارەی گرنگی خۆپاراستنی ژنان، گۆڕان و گۆڕینی وشیاری پیاوان کرد کە ژنان لە ڕێگەی پاراستنەوە بەدەستیان هێناوە، بۆچی پێشهاتەکانی سووریا خۆپاراستن بەسەر ژناندا دەسەپێنن، پێشکەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کام ئاراستەدا سەردێڕی پێشکەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، چۆن ژنان بە دروشمی ژن، ژیان. ئازادی کۆدەبنەوە و چەندین پرسی تر.
-بۆچی خۆپاراستن بۆ ژنان گرنگە و بەو ئەزموونەی کە یەپەژە لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، ئەو گۆڕانکاریانە چین کە خۆپاراستنی ژنان لە هۆشیاری پیاواندا بۆ کایەی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە؟
خۆپاراستن بۆ ژن وەک بوونەوەرێکی زیندوو لە جیهاندا بوونی هەیە، بە تایبەت لە دوای عەقڵیەتی حاکم کە پیاوان زاڵ بوون و خۆیان لەسەر کاری ژنان بونیادنا، هیچ شوێنێک نەبوو ژن بتوانێت بوونی خۆی دەرببڕێت، هەر بۆیە خۆپاراستن زۆر گرنگە. ئەمەش زیاتر لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیارە. هەرچەندە زۆرێک لە ژنە تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و فەیلەسوف و زاناکان لە جیهاندا سەریان هەڵداوە و بوونی خۆیان سەلماندووە، بەڵام بەداخەوە بەس نەبوو و نەبووە پرسێکی گشتی کە هەموو ژنان بگرێتەوە و ئاگاداریان بکاتەوە لە مافەکانیان. ئەم ڕۆڵە تەنیا لە هەندێک وڵات و تاکدا سنووردار ماوەتەوە. ئەوەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە کوردستان دەژین، وا دەکات شۆڕشێک بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەکان بنیات بنێین، هەرچەندە پێویستی بە شۆڕشێک هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان، سەختی ئەم شۆڕشە کە بەهۆی شەڕ و ئەو سیستمەی کە لەسەر نەبوونی میللەتێک دامەزرابوو، قوربانی بوو و ئەوەی زۆرترین ئازاری بەرکەوت ژن بوو.
"بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە شوێنی ئازادی بۆ هەموو ژنان"
لەگەڵ ئەو خەباتەی کە لە کوردستان لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دەستیپێکرد، بوو بە مەیدانێک بۆ بەشداریکردنی ژنان لەو خەباتەدا و بوو بە شوێنێک بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەی ژن و سەلماندنی بوونی خۆیان. بیری ڕێبەر ئاپۆ کە ژنان دەتوانن لەسەر ئەم بنەمایە خۆیان ڕێکبخەن و جێگەی خۆیان لە بوارەکانی ژیاندا بدۆزنەوە، دەرفەتێکی گەورە بوو. هەروەها بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە شوێنی ئازادی بۆ هەموو ژنان تا بتوانن لەسەر ئەم بنەمایە نوێنەرایەتی خۆیان بۆ ژنان بەدیبهێنن، لەبەرامبەر ئەو سیاسەت و پێشهاتانەی ئێستا جیهان پێیدا تێدەپەڕێت و بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت مافەکانت بەدەستبهێنیت، تاکە ڕێگا خۆپاراستنە لە مەیدانی چەکداریدا. ئەگەر لەم پێشهاتانەدا هێزت نەبێت، کەس بە جددی وەرت ناگرێت و مافەکانت لەدەست دەچێت.
"شۆڕشی ڕۆژئاواش دەرفەتێکی گەورەی ڕەخساند"
بوونی ژن لە بواری خۆپاراستندا لەسەر ئەوە بوو، چونکە ئێمەی ژنان لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەیی و سەربازیدا بێ پاراستن ماینەوە و مافەکانمان چەوسێندرایەوە، بۆ ئەوەی بوونی خۆمان لەو بوارانەدا بسەلمێنین، پێویستی بە خۆپاراستن هەبوو بۆ ئەوەی خۆمان وەک هێزێکی چەکدار ڕێکبخەین، شۆڕشی ڕۆژئاوا هەروەها دەرفەتێکی گەورەی بۆ ژنان ڕەخساند کە بە ڕۆحی ناسیۆنالیزم و خۆشەویستی بۆ نیشتمان جێگەی خۆیان بگرن و نوێنەرایەتی بوونی خۆیان بکەن، لەو سیاسەتەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سووریا ئەزموونی دەکات، زۆر ئەستەم بوو پۆستی سەربازی بدرێت بە ژنان بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، چونکە ژنانی ڕۆژهەڵات سنووردار بوون بە داب و نەریت و یاسا و ماف و چوارچێوە کە بۆیان دیاری کرابوو.
"ژن دەبێت بە ئیرادە و ناسنامەی خۆیان مامەڵە بکەن"
سەرهەڵدانی هێزێکی ژنان و دامەزراندنی یەکەیەکی سەربازی ڕێکخراو لەلایەن کۆمەڵگاوە ئاسان نەبوو. چونکە شوێنی ژن لە کۆمەڵگادا دیاری کرابوو و نەدەکرا لەو هێڵە تێپەڕێنرێت. هەرچەندە هەندێک مافی وەک مافی خوێندن و فێربوون و میراتگرتن بە ژنان درا، بەڵام ئەمانە بەس نەبوون، ژنان دەبێ بە ئیرادە و ناسنامەی خۆیان مامەڵە بکەن. هەرچەندە هێزی ژنان لەلایەن کۆمەڵگەوە بە ناڕەزامەندی بەرەوڕوو بووەتەوە، بەڵام بە سەلماندنی بوونی خۆیان لە بەرەکانی شەڕ و ڕۆڵی پێشەنگایەتی لەم بوارەدا، ئەو چەشنە چەقبەستووانەی کە لە مێشکی کۆمەڵگەدا چەسپاوبوون، لەناوچوون. بە تێپەڕبوونی کات، خێزانەکان خۆیان پەیوەندییان بە منداڵەکانیانەوە کرد لە ڕیزەکانی یەپەژە. لەو شەڕانەی کە ژنان بەشداری تێدا دەکەن، بە ئیرادە و ئامادەبوونی خۆیان لە شەڕەکانیاندا سەردەکەون.
*ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەژە متمانەیان بەخۆیان پەیدا کردووە. ئەو ژنانەی چەکیان هەڵگرت و شەڕیان کرد بەهێز بوون و ئەمەش لە مەیدانەکەدا دەدرەوشێتەوە. چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنیت؟
ئەو بیرکردنەوە ڕەق و چەقبەستووانەی کە لە کۆمەڵگەدا دامەزراون، کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی ژن هەیە. چونکە لەم کۆمەڵگەیەدا گەورە بوون. سنووری ژن دیاریکراوە. بەهۆی ئەم بیرکردنەوە، بێمتمانەیی لە ژناندا بونیاد نراوە کە ناوێرن ئەو سنوور و چوارچێوە ببڕن، کاتێک ژنان لە بواری سەربازی و شەڕدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، متمانە بەخۆبوونیان لەگەڵدا دروست دەبێت و هێزیان سەرهەڵدەدات، هەروەها دەتوانن بەبێ ترس لە کۆمەڵگە و شوێنە گشتیەکاندا بۆچوونەکانیان دەرببڕن. ژنانی ناودار و پێشەنگ لە بواری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیدا سەریان هەڵداوە و پێشەنگایەتی کۆمەڵگەن، ژنان بە ناسنامەی خۆیانەوە وەک ژن و خۆبەڕێوەبەری سەریان هەڵداوە، متمانە بەخۆبوون بووەتە سەرچاوەی هێز.
لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ژنانی ئێزیدی تووشی بوون، لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ژنان لە سووریا ڕووبەڕوویان بووەوە، بەردەوامە. بەتایبەت ژنانی عەلەوی و دروز تووشی بارودۆخی سەخت بوون. لەم کەشوهەوایەدا ژنان چی پێویستە بەرگری لە خۆیان بکەن و ژنان چی بکەن؟
بە بۆچوونی من هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر جۆلانی و گروپە گرێدراوەکانی وەک حکومەتێک کە نوێنەرایەتی گەلی سوریا بکات پێناسە بکەین. چونکە مێژوو و بوونیان وەک جەبهەت نوسرە، پاشان حەیات تەحریر شام و ئێستا خۆیان وەک حکومەتی نوێی سووریا پێناسە دەکەن، شوێنی ململانێن. بوونی ئەو گرووپانە لە ئیدارەی سووریا مەترسییە بۆ سەر خەڵک و بەتایبەت بۆ ژنان. ئەم گرووپە جیهادییانە کە بە عەقڵییەتی ئیخوان و لەسەر بنەمای قبوڵنەکردنی مافی هیچ کەسێک لە نەتەوەکانی دیکە، ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی هەمەچەشنی سووریا بکەن. نەک تەنها بۆ خەڵکی عەلەوی یان دروز. بۆیە ئەم حکومەتە نوێنەرایەتی ناکات، نادادپەروەری بەرامبەر کۆمەڵگە بەردەوام دەکات. سووریا بە مۆزایکێک لە گەلان ناسراوە کە خاوەن شوناس و بوون و نەتەوە و داب و نەریتی هەمەچەشنن و بوونی ئەم حکومەتە هەڕەشە لە پەیکەری کۆمەڵایەتی سووریا دەکات.
"لەگەڵ حکومەتی جۆلانی، گەلی سووریا بە ئاسوودەیی ناژین"
ئاستی ڕێزگرتن بەرامبەر بە ژنان نابێت تێپەڕێنرێت، مافەکانیان نەچەوسێنرێتەوە و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگە و شوێنەکانی بڕیاردان مسۆگەر بکرێت، نەک تەنها لە ڕووی مافی خوێندن، فێربوون، مامۆستا بوون یان پزیشک بوون. هەروەها ژنان پێویستە نوێنەرایەتی ئیرادە و ئامادەبوونی خۆیان لە مەیدانی سیاسی و شوێنەکانی بڕیاردان بکەن و بە ئازادی خۆیان مامەڵە بکەن و کەس لە جیاتی ئەوان بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان نەدات. لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی جۆلانی، گەلی سووریا بە ئاسوودەیی ناژین. چاوەڕوانی داننان بە ڕۆڵ و ئەرکی ژنان لە گرووپە جیهادییەکان جێگای مشتومڕ و مەحاڵە، چونکە بە هۆشیاری لەناوبردنی ژن مامەڵە دەکەن. ژنان خۆیان خەبات بۆ مافەکانی خۆیان بکەن و چاوەڕێی حکومەتی جۆلانی نەکەن تا مافەکانیان بۆ دابین بکات.
"حکومەتی یەکڕەنگ لەلای کۆمەڵگە قبوڵ ناکرێت"
بە پێچەوانەی سیستەمی کۆماری عەرەبی سووریا، پێویستە سیستمێکی کۆماری سووریای دیموکراتیک دابمەزرێت کە هەموو مافەکانی گەل لەخۆ بگرێت و دەستەبەر بکات. حکومەتێکی یەکرەنگ لەلای کۆمەڵگە قبوڵ نییە، هەر بۆیە بەردەوام ڕووبەڕووی کودەتا دەبێتەوە. ئەوان لە هەوڵی یەکخستنی هێزەکانی قەسەدە لەگەڵ سوپای سوقریادان. بەڵام تا ئێستا هیچ فۆرم و ستراکتۆرێک نییە بۆ ئەوەی ئێمە بچینە ناو ئەم سوپایەوە. لەسەر چ بنەمایەک دەچینە ناو سوپاوە؟ لە هەندێک ناوچەدا تەنها هەندێک هێزی ئاسایشی گشتی هەن و ئەوانی تریش گروپی چەتە و بکوژی گەلی سووریان. سوپای سووریای فەرمی نییە.
‘تەنانەت ئەگەر قەسەدە بچێتە ناو سوپای سووریا، یەپەژە خۆبەڕیوەبەری دەپارێزێت"
زۆربەی ئەوانەی کە بەشێکن لە هێزەکانی سووریاش سوری نین. سەربازێک کە خەڵکی خاک و خەڵکەکەی نەبێت چۆن دەیانپارێزێت؟ بە ناوی جیهادییەکانەوە چوونەتە ناو خاکی سووریاوە. ئەمەش تەنها هێرش و تاڵان و وێرانکاری دروست دەکات. ئێمە وەک یەپەژە خۆبەڕیوەبەری خۆمان دەپارێزین، سیستمی ناوخۆمان جیاوازە و خۆبەڕێوەبەریمان هەیە. تەنانەت ئەگەر هێزەکانی قەسەدە بچێتە ناو سوپای سووریا، خۆبەڕیوەبەری ئێمە وەک یەپەژە خۆی دەپارێزێت. هەروەها خۆبەڕێوەبەری ئێمە دروست دەکات کە بتوانین هەموو ژنانی سووریا تێیدا ڕێکبخەین. ئێمە وەک هێزی ژنان عەقڵیەتی لەناوبردنی ژن قبوڵ ناکەین، چونکە ئەو عەقڵیەتەی کە جۆلانی بەرەوپێش دەبات، عەقڵیەتی داعشە، کە ئێمە لە دژی ئەوان شەڕمان کرد و دەیان هەڤاڵ و فەرماندەمان لە تێکشکاندنی داعشدا خۆیان بەخت کرد. ئەگەر ئەم عەقڵیەتە قبوڵ بکەین، بەهاکانی پاکڕەوانمان پێشێل دەکەین.
*ئێستا بە چەمکی خۆپاراستن لە ژێر فۆرمولەی ئەفسوناوی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکدەگرێت، چۆن ژنانی جیهان وەک نەتەوەیەک کۆببنەوە و تۆڕی هاوبەشی خەباتی خۆیان بنیات بنێن؟
دەتوانین بە ژن ئەو میللەتە ناو ببەین کە زۆرترین چەوساندنەوەی لە دژی سیستەمی حوکمڕانی کراوە. دروشمی 'ژن دەژی، ئازادی'، کە بۆ یەکەمجار لە لایەن ڕێبەر ئاپۆ گوترا و بوو بە فەلسەفەی هەموو ژنان، دەنگی دایەوە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا و سەرکردایەتی ژنان لە جیهاندا. بەتایبەت لە سەردەمی لەناوچوونی داعشدا، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، زیاتر لە جیهاندا بڵاوبووەوە و بوو بە دروشمی سەرەکی ژنان لە خەبات و یاخیبوون لە دژی ستەم. هەموو ژنانی جیهان، بەبێ گوێدانە ڕەنگ و نەتەوەیەک، لە ژێر یەک دروشمدا، کە بریتییە لە "ژن، ژیان، ئازادی" خەباتی خۆیان یەکخست.
سڵاو بۆ ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"
ئێمە یادی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پیشەنگایەتی ژینا ئەمینی دەکەینەوە و بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە کە بە ڕۆحی ئەم ڕاپەڕینە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی و زیندان بوونەتەوە و گەیشتنە ئاستی شەهیدبوون، وەک یەپەژە جێگای شانازییە کە هێزێک بین بۆ پاراستنی هەموو ژنانی جیهان، بە خەبات و بوون و دەستکەوتەکانمان دەتوانین ڕێکخراوەکەمان فراوانتر و بەهێزتر بکەین.