"پێویستە منداڵانی ئۆتیزم لەلایەن دایک و باوکەوە قبوڵ بکرێن"

بۆکان تۆفیق، بەڕێوبەری سەنتەری پەپولەکانی کوردستان دەڵێت: هۆشیاری زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکان هۆشیاربن، زووهەست بە منداڵەکانیان دەکەن و ڕێگە چارەسەریەکان دەگرنەبەر.

هێرۆ عەلی 

 

سلێمانی- ئۆتیزم حاڵەتێکە کە پەیوەندی بە گەشەکردنی مێشکەوە هەیە و کاریگەری لەسەر چۆنیەتی هەستکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە کارلێکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردندا، هەروەها ئەم نەخۆشییە شێوازە سنووردار و دووبارەبووەکانی ڕەفتار لەخۆدەگرێت، کە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت.  

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧، ڕۆژی ٢ی نیسانی وەک ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دەستنیشانکرد، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژە دا، جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی ئۆتیزم دەکاتەوە وتێیدا وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی بەرامبەر ئەم نەخۆشییە دەکەن. 

 

"ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکەی تێیدا دەژی هۆکارە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان" 
بۆکان تۆفیق، بەڕێوبەری سەنتەری پەپولەکانی کوردستان، باسی نەخۆشی ئۆتیزمی کرد، وتی: حاڵەتی ئۆتیزم تێکچوونی گەشەی دەمارەکانی مێشکە، ئەگەر باسی هۆکارەکانی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم بکەین جیا لە لایەنە پزیشکیەکەیەوە، لایەنی کۆمەڵایەتی و ژینگەییمان هەیە کە جاری وایە حاڵەتن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەگەر نیشانەکان و لایەنی ژینگەیی پێکەوە ببەستینەوە دەبینین، جۆری مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەدا وئەو ژینگەیەشی کە منداڵەکەی تێدا دەژی هۆکارن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان، کەیسمان هەبوە لە تەمەنی دوومانگیەوە مۆبایل دراوە بەدەستی منداڵەکەوە، ئەمە بەئەگەرێکی زۆرەوە نیشانەکانی ئۆتیزمی تێدا دەردەکەوێت، لەکاتێکدا منداڵەکە خۆی هەڵگری حاڵەتی ئۆتیزم نییە، بۆیە ژینگە و حاڵەتەکەم بەستەوە بەیەکەوە، چونکە ئێستا تێکەڵکێش بوە، ئەگەر کەسێک زۆر ورد نەبێت لە هەڵسەنگاندنی منداڵەکە و کاتی باشی بۆدابین نەکات دەکەوێتە هەڵەوە کە ئایە ژینگەکەی هۆکار بووە یان بۆماوەییە. 

 

"دەرکەوتنی نیاشانەکان لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی ترجیاوازە'' 
وتیشی: ئەگەر نیشانەکان دابەش بکەین بۆ چەند بەشێکەوە، ئەوا بەم شێوەیە دەبێت: نیشانەی کۆمەڵایەتی، ئەم منداڵانە ئەوەندەی پەیوەندی لەگەڵ شتە بێگیانەکاندا دەبەستن، پەیوەندی لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان نابەستن، دواتر لە ڕووی تەرکیز و ئاگاییەوە، ئەم منداڵانە ئاوڕدانەوەیان نیە بۆ بانگکردن، هەروەها لەڕووی جووڵەوە، پێداکێشان بە دەمووچاوی خۆیاندا و خولانەوە و شت سوڕان بەدەستیان هەیە، دواتردواکەتنی قسەکردن، هیچ وشەیەک ناڵێن یان تەنها یەک وشە دەڵێن یاخود زمانی ئاماژە بەکاردەهێنن، شێوازی ژیانی منداڵەکە، خەو و خواردنیان، خەویان ڕێکنیە یان کاتێکی کەم دەخەون، هەروەها کێشەی کەم خواردنیان هەیە، منداڵاکە یەک جۆر ڕەنگی خواردن دەخوات، هەندێک حاڵەتی تریشمان هەیە وەکو ڕەقبوونی ماسولکەکان بەتایبەتی ماسولکەی پەنجەکانیان، ئاماژەشی بەوەکرد دەرکەوتنی نیاشانەکان لە هیچ منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر وەکو یەکنیە و جیاوازە، یەکێکی تریش لە نیشانەکانیان هەستیاریە، ئایا منداڵەکە ئەو نیشانەی تێدا بەرزە یان نا، جا هەر شەش هەستیاریەکە بێت یان کەمتر، منداڵمان هەیە ئەگەر تۆزێک قۆڵی کراسەکەی تەڕبێت، ئەگەر کەسێک لێێ تێنەگات بۆ ئەو زۆر ئازار بەخش ومایەی بێزارکردن دەبێت، لەبەرئەوە دەبێت دایک یاخود ڕاهێنەر زۆر ئاگاداری ئەو حاڵەتەبن، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاچەند هەست بە منداڵەکە دەکات و لێیتێدەگات و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات . 

 

 ''چەند کەیسێکمان هەیە کە لەکاتی لەدایک بووندا، دکتۆرەکان منداڵەکەیان لەدەست کەوتۆتە خوارەوە، دواتریش بە ئۆتیزم لە قەڵەمیان داوە'' 

بۆکان تۆفیق، ئاماژەی بە هۆکارەکانی نەخۆشی ئۆتیزم کردو وتی: من لای خۆمەوە دابەشکاریم بۆکردوە و کردومە بەدووبەشەوە، بەشێکیان بۆماوەیی و پزیشکین کە دیاریکراون و خەڵک پێیان ئاشنان، بەشیکیشیان ژینگەین، ئەو ژینگەیەی تێیدایە تاچەند ژینگەیەکی تەندروستە، چونکە هۆکارە بۆئەوەی نیشانەکانی تێدا بەرزبێتەوە یان کەم بێتەوە، ئەگەر هۆکارە بۆماوەیی و پزیشکیەکەش باس بکەم، لێرەداچەند کەیسێکمان هەیە کە لەکاتی لەدایک بووندا، دکتۆرەکە منداڵەکەی لەدەست کەوتۆتە خوارەوە، دواتریش کە لیژنە لێکۆڵینەوەی لێکردوە بە ئۆتیزم لە قەڵەمیان داوە، هەروەها منداڵمان لابوە کە لەکاتی لەدایک بونیدا ئۆکسجینی کەم یان زۆریان داوەتێ، ئەمانەش هەندیک هۆکارن کە جێگەی گومان و پرسیارن، بۆیە چەنێک کاتی دووگیانی دایکەکە گرنگە، ئەوەندەش کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەش گرنگە. 

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە چارەسەریەکان کردو ڕایگەیاند: ‌هۆشیاری زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکان هۆشیاربن، زووهەست بە منداڵەکانیان دەکەن و قبوڵیان دەکەن و ڕێگە چارەسەریەکان دەگرنەبەر، وەک سەنتەریش ئەو چارەسەریانەی دەیگرینەبەر ڕاهێنانە، کە باشترین چارەسەرە بۆ منداڵەکان، چونکە منداڵی ئۆتیزم بەردەوام پێویستی بە ڕاهێنانە، چونکە ناکرێت بڵێت بە دەرمان فێری قسەی دەکەم، هەروەها گرنگە بۆ ئە و توانستانەی یارمەتی خۆین وەکو ئیشی ڕۆژانە،  چونە تەوالێت، نان خواردن و کەوچک گرتن.

 

 "کێشەو گرفتەکانمان لەگەڵ شێوازی ڕاهێنان و مامەڵەی خێزانەکانە"

بۆکان تۆفیق، وتی: کێشەو گرفتەکانمان لەگەڵ شێوازی ڕاهێنان و مامەڵەی خێزانەکانە، منداڵەکە لە سەنتەرەکەی ئێمە دووسەعات دەمێنێتەوە، ئەوەی تری ڕێنمایکردنی خێزانە بەوەی چۆن مامەڵەبکەن لە ماڵەوە لە گەڵ منداڵەکانیان و چۆن کاتەکانیان دابەشبەکەن، لەگەڵ ئەو تەکنیکانەی کە مامۆستاکان فێریان دەکەن بۆئەوەی لەماڵیشەوە بەردەوامی پێبدەن، یەکیکی تر لەو کێشانەی تر کەهەمانە، تەداخولکردنی خێزانەکانە، بەتایبەتی خێزانی گەورە کە ماڵەباوان دەگرێتەوە، جاری واهەیە دایک و باوکەکە دێن و دەڵین ئێمە ڕاهێنانەکان دەکەین و ڕینمایەکان جێجەجێدەکەین، بەڵام کەسانی تر تەداخول دەکەن و ناتوانن ڕێگری لێبکەن.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا باسی چۆنیەتی کارکردنی سەنتەرەکەیانی کرد، ڕایگەیاند: ئێمە شێوازی کەیسات بەکاردەهێنین، دابەشبووین بەسەر سێ شەفتدا، ٥٢ منداڵ لێرە سودمەندەبن و ١٤ مامۆستاین، ئەو میتۆدەی ئێمە ئیشی پێدەکەین، میتۆدێکە تایبەتە بەسەنتەرەکەی خۆمان بەناوی" میتۆدی ڕەگ"، هەم بۆ هەڵسەنگاندن و هەم بۆ کارکردنیش، ئێمە لەبەرئەوەی سەنتەرەکەمان خێرخوازیە، چەند میکانیزمێکمان هەیە بۆ وەرگرتنی منداڵەکان لەوانەش، دەبێت باری ماددی خێزانەکە لاوازبێت، خێزانمان هەیە زیاتر لە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، هەروەها ئەو حاڵەتانەی ئێمە وەریدەگرین. ئۆتیزم، دواکەوتنی ژیریە.

 

"هەر منداڵە و دەبێت بەپێی پێویستی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت''

سانا کامەران، ڕاهێنەری پەروەردەی تایبەت، باسی مامەڵەکردنی ڕۆژانەی خۆیانی لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کردو وتی: هەر منداڵە و دەبێت بەپێی پێویستی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا جیاوازن، لەوانەیە منداڵێک پێویستی بەوەبێت زۆر بەنەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام منداڵێکی تر پێویستی بەوەیە تۆزێک توندتربیت لەگەڵیدا زۆر پێنەکەنی بەدەمیەوە، چونکە بەشێک لەو منداڵانە پێکەنینی بێ هۆکاریان هەیە، لەبەر ئەوە ئەگەربە سروشتی خۆشت مامۆستایەکی ڕووخۆش بیت، ئەوا کاریگەری دەخاتە سەر منداڵەکە و ناتوانی ئەو پێکەنینە بێهۆکارەی کۆنتڕۆڵ بکەیت، بۆیە تا ڕاهێنەرەکە زیاتر لەگەڵ منداڵەکە بێت شارەزای زیاتری دەبێت، بۆئەوەی بەشێوەیەکی باشتر مامەڵەی لەگەڵدا بکات و لێی تێبگات.

 

"هەندێک جار دایک و باوکەکان بە پێی پێویست ناتوانن هاوکاربن بەهۆی هەندێک بارودۆخەوە''

ئەم ڕاهێنەرە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو کێشە و گرفتانە کرد کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتی: یەکێک لەو منداڵانەی لێرە ڕاهێنان دەکات، کاتێک دەچێتە ماڵەوە ئەرکی ماڵەوەی بۆ دەنووسین، پێویستە ئەو ڕاهێنانەی لێرە ئەنجامی دەدات لەماڵیشەوە بەشێکی دووبارە بکاتەوە، بەڵام هەندێک جار دایک و باوکەکە بە پێی پێویست ناتوانن هاوکاربن بەهۆی هەندێک بارودۆخەوە، بۆیە کاتێک ئەم منداڵە بەیانی دێتەوە هیچ شتێکی نەکردوە لەماڵەوە، بۆیە پێویستە ئەو ڕاهێنانەی لێرە پێیان دەکرێت لەماڵێشەوە ئەو ڕاهێنانەیان پێبکرێتەوە، یاخود ئێمە لێرە جۆرە مامەڵەیەکیان لەگەڵدا دەکەین، پێویستە لەماڵیشەوە هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێتەوە، هەروەها ڕاشیگەیاند: کێشەی سەرەکی من ئەوەیە کە ئەم منداڵانە زۆربەیان بەناز و نازدارن، منیش لەدڵی دایک و باوکیان تێدەگەم دەزانم منداڵێکی تایبەتە و خۆشەویسترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت نازی پێبدرێت، چونکە ئەو منداڵە کە نازی پێدەدرێت کە دێت بۆ ئێرە پێوەی دیارە، لێرە ئێمە ناتوانین منداڵەکە هەرچیەکی وت بە گویی بکەین و بڵێین باش، هەروەها کێشەیەکی تریش پێدانی مۆبایلە لەلایەن خێزانەکانەوە بۆ منداڵەکان، ئەمەش کاریگەریەکی زۆری هەیە، چونکە ڕەنگە منداڵەکە ئاستێکی خراپی نەبێت، بەڵام کاتێک مۆبایلی دەدرێتە دەست بێگومان ئاستی خراپتر دەبێت، جاری واهەبووە منداڵەکە هاتۆتە ئێرە گۆرانیە ئینگلیزی و کوردیەکانی هەمووی وتوەتەوە، بۆیە کاتێک ڕاهێنانی پێدەکەیت ئەو شتانە هەمووی دووبارە دەکاتەوە و دەردەکەون.

 

لەکۆتایی قسەکانیشیدا چەند ڕێنماییەکی بۆ دایک و باوکان هەبوو وتی: ئەمە تاقیکردنەوەیەکی خوای گەورەیە کە ئەم منداڵە دەبەخشێت پێیان، بۆیە یەکەم شت ئەو منداڵە قبووڵ بکەن، چونکە کە قبوڵیان کرد زووتردەتوانن بینێرنە سەنتەرەکان، چونکە گرفتێکی تریشمان ئەوەیە دایک و باوکەکە حاڵەتی منداڵەکەیان قبوڵ نیە، کە قبوڵیشاین نەبوو ناینێرنە سەنتەرەکان، ئەمەش زیان بەمنداڵەکە دەگەیەنێت.