لە گۆشەگیرییەوە بۆ کاریگەری... ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبازی دیموکراتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داڕشت
سەحەر حەسەن، لێکۆڵەری میسری لە مێژووی هاوچەرخدا جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی، ئاسۆی نوێ بۆ گفتوگۆی دیموکراتیک و بونیادنانی ئاشتی دەکاتەوە.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ-لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکانی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، هەڵمەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تادێت گرنگیی زیاتر لەخۆدەگرن لە ئاراستەکردنی بۆچوونی گشتی و هێنانەدی گۆڕانکاریی بنەڕەتی، لەنێو ئەو هەڵمەتانەدا هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم" هەیە کە بە هەنگاوێکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی دیموکراتی.
لە نێوان پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سیاسیدا، هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم" وەک تەڤگەریەکی سیاسی و مرۆیی سەریهەڵداوە کە ئامانجی بوژاندنەوەی ڕۆڵی خۆی لە گفتوگۆی سیاسیدا لە هەمان کاتدا هاودەنگیی نێودەوڵەتی بۆ دۆسی کورد بەهێزتر بکات، ئەم تەڤگەرە پشت بە بەشداری ژنانی کورد دەبەستێت، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاڵنانی هەڵمەتی بەرەو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە وتاری سیاسی باو، سەپاندنی دیدگایەکی هەمەلایەنەتر لەسەر بنەمای بەشداریکردن و دادپەروەری.
بۆ ڕۆشنکردنەوە لەسەر هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم"، یەکێک لە دیارترین هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی گفتوگۆی سیاسی و ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها بۆ پێداچوونەوە بە کاریگەرییە قووڵەکانی ئەم هەڵمەتە لەسەر دیمەنی سیاسی ناوچەکە، چۆن بەشداریی کردووە لە دووبارە داڕشتنەوەی تێڕوانینەکان بۆ پرسی کورد، ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ سەحەر حەسەن، دکتۆر توێژەری مۆدێرن و مێژووی هاوچەرخ ئەنجامدا:
لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتی وای لە هەندێک وڵات کردووە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیاندا بکەن، بەڕای ئێوە بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتی چۆن کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ لەسەر پرسی کورد هەبووە؟
ئەو بانگەوازەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، یەکەم بانگەواز نەبوو، پێش ئەوەش لە ساڵانی پێشوودا چەندین هەوڵ بۆ دامەزراندنی ئاشتی درا، بەڵام ئەم بانگەوازە تەواو جیاواز بوو، بەو پێیەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە سروشتی ململانێی ناوچەکەدا هێنایە ئاراوە، پرسی کورد لە چوارچێوەی بەرفراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکردەوە، نەک تەنها لەناو خاکە کوردییەکان، بەم کارە بەشداری کرد لە خستنەڕووی پرسی کورد وەک پرسێکی دادپەروەرانەی دیموکراتی، نەک تەنیا هەڕەشەیەکی ئاسایشی، کە نوێنەرایەتی دەستکەوتێکی بەرچاو بۆ خەباتی تاکەکەسی دەکات.
ئەم بانگەوازە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وتاری نەریتی ئاسایشی هەیە، کە بە شێوەیەکی نەریتی هەر بانگەوازێک بۆ ئاشتی بە ڕێوشوێنی ئاسایشی و سەربازی جێبەجێ کردووە، ئەگەر پێشنیازێکی کوردی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هەبێت، پێویستە ئەو وڵاتانەی تر کە تووشی ململانێ دەبن، ئەم پێشنیازە پەسەند بکەن، نەک بە ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی وەڵام بدەنەوە، جگە لەوەش ئەم بانگەوازە بەشداری کردووە لە دووبارە داڕشتنەوەی تێڕوانینەکانی ناوچەیی بۆ پرسی کورد، وێنەی تەڤگەری کوردی لە ئاستی ناوچەییدا پێناسە کردووەتەوە، نەک وەک تەڤگەرێکی چەکداری، بەڵکو وەک تەڤگەرێکی دیموکراتی پێشکەشی کردووە کە داوای ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمدا دەکات، لە هەمان کاتدا ناسنامە و مافی مرۆڤیش دەپارێزێت.
جگە لەوەش ئەم بانگەوازە دەتوانێت نوێنەرایەتی فشارە نێودەوڵەتییەکان بکات لەڕێگەی تیشک خستنەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە لە دژی کورد ئەنجامدراون و بڵاوکردنەوەیان هەیە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی سەرکوتگەرانە بەرامبەریان، هەروەها دەتوانێ هاوکاریی کوردی سنووربەزان لەنێوان پێکهاتە ناوچەکاندا بەرز بکاتەوە، چونکە ڕێبازی دیموکراتی دەتوانێ مۆدێلێکی هاوبەشی کوردی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری پێشکەش بکات، هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیڕەوی دەکرێت، ئەم مۆدێلە کە لەسەر بنەمای پلۆرالیزمی سیاسی و کولتووری دامەزراوە، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەماهەنگی نێوان زلهێزە ناوچەییەکان لەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدایە، بەتایبەتی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق.
ئەگەر بتوانن باسی پاشخانی مێژوویی و ئامانجەکانی هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم"مان بۆ بکەن، چۆن ڕەنگە کاریگەری لەسەر داینامیکی سیاسی هەبوو؟
لە ڕاستیدا هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم" چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزی سیاسی و مرۆڤایەتیدا دەستیپێکرد، زیاتر لە ٢٥ ساڵ تێپەڕیبوو، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕفێندرا و خرایە ژووری تاکەکەسی لە دوورگەی ئیمرالی، ناچارکرا زیندانی تاکەکەسی بکات.
لە ساڵی ٢٠١١ ترسی حکومەت زیاتر بوو، ئەمەش وایکرد تورکیا گۆشەگیرییەکەی زیاتر بکات بە ڕێگریکردن لە سەردانیکردنی پارێزەر و ئەندامانی خێزانەکەی و ڕەتکردنەوەی هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم" وەک وەڵامێکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ بۆ ئەم دۆخە سەریهەڵدا، سەرەتا بە هەوڵی کورد لە چوارچێوەی خاکە کوردییەکان دەستی پێکرد، پێش ئەوەی فراوانتر بێت بۆ هەموو ناوچە کوردنشینەکان و دواجاریش بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی.
ئامانجەکانی هەڵمەتەکە فرەن، دیارترینیان داوای هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە و ڕێگەدان بە سەردانەکان، ئامانجێک کە لەم دواییانەدا دەستی بە بەدیهێنان کردووە، ئامانجی هەڵمەتەکەش چالاککردنەوەی ڕۆڵی سیاسییەتی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کرد، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ ڕەخساندنی هەلی نوێ بۆ گفتوگۆی سیاسی، جەخت لەسەر گرنگی ئەو ڕۆڵە دەکاتەوە کە دەتوانێت ببینێت لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ململانێ بەردەوامەکان.
لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا زۆر کەس ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک بیرمەندێک و خاوەنی پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی ڕێنێسانس بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن، بەتایبەتی لە ڕێگەی چارەسەری دیموکراتییەوە کە ناوچەکە کەمی هەیە، بەم پێیە هەندێک پێویستی ئازادکردنی یان بوژاندنەوەی ڕۆڵی سیاسیی دەبینن بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاشتی.
هەروەها ئامانجەکانی هەڵمەتەکە بریتین لە بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد، بەو پێیەی سەرقاڵکردنی بۆچوونی گشتی بیانی زۆر گرنگە، ئەم هەڵمەتە هەوڵ دەدات پرسی کورد بکاتە جێگای سەرنجی نێودەوڵەتی، کە دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری سیاسی فراوانتر.
کاریگەری ئەم هەڵمەتە لەسەر داینامیکی سیاسی هەبوو بەرچاو و ڕوونە، دەتوانێ چەقبەستوویی سیاسی هەرێم تێکبدات، بە فشار خستنەسەر حکومەتەکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا، دەتوانێت پاڵیان پێبدات بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە ڕێبازی خۆیان بۆ پرسی کورد و هاندانی دووبارە کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆی و دانوستان، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەستراون، جگە لەوەش، هەڵمەتەکە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دروست بکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دینامیکی نوێ لەناو تەڤگەری کورددا بکاتەوە، هەماهەنگی سیاسی بەهێز دەکات و پشت بەستن بە چارەسەری سەربازی و ئاسایشیی کەم دەکاتەوە.
هەروەها ئەم هەڵمەتە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هاوسۆزی نێودەوڵەتی لەگەڵ کورددا لەڕێگەی تیشک خستنەسەر ئەم بابەتە، لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و بەرگریکردن لێی لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی و کەلتوورییەوە نەک لە ڕێگەی چارەسەری سەربازی و ئاسایشییەوە بۆیە دەتوانین بڵێین هەڵمەتی "دەمەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسم" تەنیا داواکارییەکی مرۆیی تێدەپەڕێت و دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی بنەڕەتی کە هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد دەدات، بە پێشنیارکردنی مۆدێلێکی ئاشتیخوازانە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی دیموکراسی، بەشداری و هەمەچەشنی نەتەوەیی.
لە چوارچێوەی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داکۆکیکردن لە سیاسەتی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر، لەسەر بنەمای ئەم ڕۆڵە، ژنان چۆن دەتوانن لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە بەشداری لە فشارە سیاسییەکان بکەن بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە گفتوگۆی دیموکراتیدا؟
پرسیارەکە لەڕادەبەدەر گرنگە، بەو پێیەی ڕۆڵی ژن لە خەباتی کورددا، بەتایبەتی لە هەڵمەتە سیاسییەکانی وەک ئەم هەڵمەتەدا، پەراوێز نەبووە، بەڵکو ناوەڕۆکی و ستراتیژی بووە لە بنیاتنانی وتارێکی سیاسی نوێ کە لەسەر بنەمای دیموکراتی و یەکسانی و ڕزگاری بۆ هەمووان دامەزرابێت، بەشداری ژنانی کورد لەو هەڵمەتەدا تەنیا ڕەمزی نییە، پایەیەکی بنەڕەتییە لە داڕشتنی دیمەنی سیاسیدا، ڕۆڵێکی یەکسان لەگەڵ پیاوان دەگێڕێت لە پێناسەکردنەوەی چەمکی سیاسەت لە ڕوانگەیەکی بەکۆمەڵەوە، لەسەر بنەمای هاوکاری هاوبەش.
ژنان وەک ئاشتیخوازان لەم هەڵمەتەدا تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە، لە بوارە جیاجیاکاندا ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە، لە ڕووی مێژووییەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە نووسینەکانیدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ژن پایەی بنەڕەتی پڕۆژەکەیە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، پێی وایە ڕزگاری ژن بە واتای ڕزگاریی کوردستانە، ژنی ئازاد بە واتای کوردستانێکی ئازاد دێت، لەسەر بنەمای ئەم ڕێبازە، ژنان دەبنە توخمێکی سەرەکی لە هەر دەستپێشخەرییەک یان هەڵمەتێکی سیاسیدا، بەو پێیەی بەشداریکردنیان تەنها لە ئامادەبووندا سنووردار نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی کاریگەرتر دەگێڕێت، هەندێکجار تەنانەت زیاتر لە پیاوان، لە پرۆسەکانی دانوستان و گفتوگۆدا.
ژنان جۆرەها فشاری سیاسی ئەنجام دەدەن، ئەوان نەک هەر بەشداری گفتوگۆی سیاسی دەکەن، بەڵکو دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن، وەک لە کۆنگرەی ژنان کە لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان و لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ژنانی مەدەنی، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بەدی دەکرێت. ئەم ڕێکخراوە ژنانە دەتوانن یەکبگرن بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵمەتەکان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، ئەمەش زەبری زیاتریان پێدەبەخشێت، بەتایبەتی بە بوونی ژنانی دیار کە بەشدارن لە داڕشتنی بیروڕای گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
جگە لەوەش ژنان دەتوانن بیروبۆچوونی گشتی کۆبکەنەوە بە قسەکردن لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی ژنان، بازنەکانی مافی مرۆڤ، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی و نێودەوڵەتی، پێگەی خۆیان وەک هێزێکی کاریگەر بەهێزتر بکەن، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆی سیاسی ناو تەڤگەری کوردی بە پاڵنانی کەناڵەکانی گفتوگۆ و دانوستان، نەک گەڕانەوە بۆ پەرەسەندنی سەربازی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی ببێتە ڕێگای سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، لەم کارەدا ژنان بەشداری دەکەن لە داڕشتنی چەمکێکی نوێی سیاسەت، کە لەسەر بنەمای بەشداریکردن دامەزراوە، نەک هەژموونی پیاوانە یان سەربازی، گ
وتاری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو ژنانی لەخۆگرتبوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕە بوو کە پڕۆژە سیاسییەکەی ئامانجی بەدیهێنانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەکەدا بە گشتی و چارەسەرکردنی پرسە پڕ لە ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بەم شێوەیە ئەم پڕۆژە دیموکراتییە جێگرەوەیە هەوڵدەدات ژن وەک توخمێکی تەواوکەر، نەک تەنیا وەک لایەنگرێک، لە چوارچێوەی مۆدێلێکی سیاسی نوێدا بخاتەڕوو کە بەشداری ژنان لە بڕیارداندا چەسپێنێت، متمانە لە نێوان کورد و دەوڵەتدا دروست بکاتەوە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژە بە وتەی بودا دەکات و وتی: تا ئەو چەقۆیەی لە پشتی کۆمەڵگەدا گیربووە لانەبرێت، هیچ شتێک ناکرێ.
ئەم چەقۆیە کۆیلەکردنی ژنانە، چۆن دەتوانرێت ئەم کۆیلەکردنە بە شێوەیەکی کردەیی هەڵبوەشێنرێتەوە؟ چ ئامرازێکی فیکری و ڕێکخراوەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەقۆیە بەکاربهێنرێت؟
پرسیارەکە قووڵ و گرنگ و بوێرانەیە لە هەمان کاتدا، هەروەک ئاماژەم پێکردووە کە ژن بابەتێکی بنەڕەتییە لە پرۆژەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا، بەپێی دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەوان ناوەکی ئەو شتانەن کە لە پڕۆژە کولتووری و سیاسییەکەیدا خستووەتەڕوو، بەتایبەتی لە پەرتووکی "کۆمەڵناسی ئازادیدا"، لەم پەرتووکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیاوسالاری و کۆیلەکردنی کۆمەڵایەتی تەنیا لادانێکی مێژوویی نییە، بەڵکو ڕەگی سەرەکی هەموو سیستەمەکانی ستەمکاری و زاڵبوونە. پێی وایە یەکەم فۆڕمی کۆلۆنیالیزم لە مێژوودا کۆلۆنیالیزەکردنی ژنان بووە لەلایەن پیاوانەوە.
ئەگەر بمانەوێت بە کردەوە ئەم کۆیلەکردنە هەڵبوەشێنینەوە، ئەمە پێویستی بە پڕۆژەیەکی فرە ئاست هەیە کە هۆشیاری فیکری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری سیاسی تێکەڵ بکات، ئەم سێ میحوەرە بۆ شکاندنی سووڕی باڵادەستی پیاوان و کۆمەڵگەی پیاوسالاری زۆر پێویستن، لە ڕووی مێژووییەوە، باڵادەستی پیاو تەنیا پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی نییە، یەکەم سیستەمی مێژوویی بوو کە لە سەرەتای دروستبوونی نێوان ژن و پیاوەوە سەریهەڵدا، یەکەم داگیرکاری لە مێژوودا داگیرکردنی زەوی نەبوو، بەڵکو چەوساندنەوەی جەستەیی و فیکری و ئابووریی ژنان بوو لەلایەن پیاوانەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەبێ ڕەچاوکردنی پێداویستی و ئارەزووەکانیان.
بۆیە ڕزگاری ژن پێشمەرجێکە بۆ ڕزگاری کۆمەڵگەکان، بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەمە لە داڕشتنی هۆشیارییەوە دەست پێدەکات بە هەڵوەشاندنەوەی چەمکە بۆماوەییەکان کە دەسەڵاتی پیاوسالاری و باڵادەستی پیاوان بەردەوام دەکەن، وەک سەرپەرشتیکردن، شەرەف، پێشەنگایەتی پیاو و سروشتی ژنانە، ئەم چەمکانە دەبێ بگۆڕدرێن بۆ چەمکگەلێک کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و فرەیی دامەزراون، دوور لە چەوساندنەوەبو کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵایەتی، جگە لەوەش، دووبارە دامەزراندنەوەی فەلسەفەی ژیانی هاوبەش بە واتای سەیرکردنی ژنان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، توانای بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان هەبێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات بەشێک بن لە سیستەمی بەرژەوەندییەکانی پیاو.
جگە لەوەش پێویستی بە دووبارە خوێندنەوەی مێژوو هەیە لە ڕوانگەی ژنەوە، بەو پێیەی مێژوو لەلایەن پیاوانەوە دەنووسرێت، کە زۆرجار ڕۆڵی ژن پەراوێز دەخەن یان بە تەواوی تەمومژاوی دەکەن، بۆیە دەبێت مێژوو بە چاوی ژنەوە بپشکنرێتەوە و لەلایەن ژنانەوە بنووسرێتەوە، نەک تەنها لە ڕوانگەی پیاوەوە، بەشێکی ناوەڕۆکی ئەمەش دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنانە کە ملکەچی پیاوان یان دامودەزگاکانی پیاوان نین، بەڵکو بەپێی دیدێکی تەواو تەنیا ژنانە کاربکەن، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، کە یەکەی کۆمەڵایەتی ژنانی سەربەخۆ هەن وەک "كومين"، کە ژنان کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن و بڕیار دەدەن.
جگە لەم مۆدێلە، سیستەمی بەڕێوەبردنی هاوبەش نوێنەرایەتی ئامرازێکی گرنگی ڕێکخراوەیی و سیاسی دەکات، بەو پێیەی هەر پۆستێکی پێشەنگایەتی دەبێت دوو هاوسەرۆکی هەبێت، ژن و پیاو، دەسەڵاتی یەکسانیان هەبێت، بەبێ ئەوەی یەکێکیان زاڵ بێت بەسەر ئەویتردا. ئەم مۆدێلە دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە بەرەوپێش دەبات نەک تەنها دادپەروەری یاسایی، بەو پێیەی پێویستی بە دامەزراندنی دادگای تایبەت هەیە بۆ ژنان بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی هەراسانکردن و دەستدرێژی، جیا لە دەسەڵاتی دادوەری سەربازی تەقلیدی لەسەر بنەمای عەقڵیەتی پیاو.
لە کایەی ڕۆشنبیری و پەروەردەییدا پێویستە ئەکادیمیا ژنان دابمەزرێنن بۆ بەرهەمهێنانی زانستی نوێ دەربارەی ژن لە ڕوانگەی خۆیانەوە، بەو پێیەی ژنان باشتر توانای ئەوەیان هەیە لەسەر خۆیان بنووسن نەک پیاوان، هەروەها پێویستە بابەتی پەروەردەیی بخرێتە ڕوو کە بەهاکانی یەکسانی و کەرامەت چەسپێنێت، ڕۆڵی ڕەگەزی کۆنەپەرستانە لە منداڵییەوە هەڵبوەشێنێتەوە، بەجۆرێک بیرکردنەوەی هەردوو ڕەگەز لەسەر بنەمای بەشداریکردن بنیات بنرێتەوە نەک باڵادەستی یان خاوەندارێتی.
ڕزگاری ئابووریش بەشێکی ناوەڕۆکییە ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژە هاوبەشەکانی ژنان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانیدا دەبێت هان بدرێت، سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان بەدەستبهێنرێت، لە پشتبەستنی ئابووری بە پیاوان ڕزگاریان بێت، لە گرنگترین ئامرازە فیکرییەکانی ژنان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی پیاوان پشتی پێ ببەستن، فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک هەیە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری کردووە، کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و فرەیی و قبوڵکردنی ئەوانی دیکە لە هەمان کاتدا پاراستنی شوناسی نەتەوەیی دامەزراوە.
جێبەجێکردنی مۆدێلێکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی پێگە و ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنان، بەتایبەتی لە ڕێگەی سیستەمی کۆنفیدڕاڵی ژنانەوە، وەک کۆمۆنەکانی ژنان و بەڕێوەبردنی هاوبەش، جگە لە کولتوور و شانۆ و هونەرە ئازادەکانی ژنان، ژنان لە ڕێگەی ئەم ئامرازانەوە دەتوانن وێنەیەکی نوێ لە خۆیان بخەنە ڕوو، سووڕی ژێردەستەیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە بشکێنن و بە شێوەیەکی ڕیشەیی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا پێناسە بکەنەوە.
لە کۆتاییدا ئەوەی پێویستە تەنها هەڵوەشاندنەوەی چەمکی باڵادەستی پیاو نییە، بەڵکو دەبێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە یاساکانی هاوسەرگیری و میراتدا هەبێت، هەروەها شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە پێکهاتە دەروونییەکان کە ئەم جیاکارییە بەردەوام دەکەن، ئەمەش پێویستی بە دیدگایەکی نوێ هەیە بۆ ژنان لە کۆمەڵگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی ڕزگارکەری ڕاستەقینە کە گۆڕانکارییەکی قووڵ و بەردەوام لە پێکهاتەی کۆمەڵگەدا دەهێنێتە ئاراوە.
دەمەوێت بە ژنان بڵێم: بەهێزبە و هەرگیز کۆڵ مەدە، چونکە وازهێنان خودی لاوازییە، هێزی ژن لە زانین و بیرکردنەوە و پەروەردە و گۆڕانی هۆشیاریدایە، خاوەنی زانست بە، خەونەکانت بەدەست بهێنە و هەرگیز لە هەوڵدان بۆ ڕزگاری ڕاستەقینە نەوەستێت.