ماتریۆشکا؛ سیمبولی خۆشەویستی خێزان و گەورەیی دایکایەتی

بووکەڵەی ماتریۆشکا، یارییەکی کۆنی ڕووسییە و ئاماژەیە بۆ خۆشەویستی خێزان و گەورەیی دایکایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ماتریۆشکا، یارییەکی کۆنی ڕووسییە، لە چەند بووکەڵەیەکی هێلکەیی قەبارە جیاواز پێکدێت و لە ناوەڕاستەوە کراوە بە دوو بەشەوە، لە ٥ دانەوە دەستپێدەکات و هەندێک جار تا ٣٠ دانە لەناو یەکتردا لە گەورەوە بۆ بچووک ڕیزکراون، بۆ یەکەمجار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا دروستکراوە.

 

ماتریۆشکا بە واتای دایکی بچوک دێت، کە لە وشەی ماترۆن'ەوە وەرگیراوە و ئاماژەیە بۆ دایکایەتی، بە پێی هەندێک سەرچاوە، دەوترێت، ماتریۆشکا ئاماژەیە بۆ خۆشەویستی خێزان و گەورەیی دایکایەتی، هەندێکی تر دەڵێن ماتریۆشکا ئاماژەیە بۆ نەوەی خێزانێک لە داپیرەوە بۆ منداڵەکانی و چەندەها ئەفسانەی ڕووسی جۆراوجۆری لەسەرە.

 

بووکەڵەکانی ماتریۆشکا لەناو یەکتردا هەڵدەگیرێن و بە جلوبەرگی نەتەوەیی ساراڤان ڕووپۆشکراون، کە جلوبەرگێکی نەتەوەیی ژنانی ڕووسیاییە، لە کراسێکی درێژی فۆلکلۆر پێکدێت و لە کۆندا جوتیارە ژنەکان لەبەریان دەکرد، لەسەر بووکەڵەکانیش بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و هونەرییانە نەخشێندراوە.

 

بیرۆکەی دروستکردنی بووکەڵەی ماتریۆشکا دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانێکی ڕووسی بە ناوی سێرگی مالیوتین و ڤاسیلی دارتاش کە هاوکاری کردووە لە دروستکردنیدا، ئەم بووکەڵانە هەر زوو بوو بە هێمایەکی تایبەت لە ڕووسیا، کە منداڵەکان ئارەزوویان دەکرد یاری پێ بکەن.