دوو ساڵ بەبێ گوڵستان و هێرۆ؛ چیرۆکێکی زیندوو

٢٣ی ئاب، دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، دوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە هێرشی درۆن تێدەپەڕێت؛ دوو ساڵە دەنگیان لای بنەماڵەو هاوکارەکانیان نەبیستراوە، بەڵام یاد و چیرۆکیان هێشتا زیندووە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ ئێرە تەنها شوێنی کار نەبوو بۆ هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا؛ شوێنی ڕۆژانێک بوو کە بە کامێرا و پێنووسەکەیان، دەنگی خەڵک بوون، بۆ هێرۆ و گوڵستان، ڕۆژنامەوانی تەنها پیشە نەبوو؛ بەڵکو بوارێک بوو بۆ خەبات و نزیکبوونەوە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە، ئەوان لە مەیدانی ڕۆژنامەوانیدا هەڵگری پەیامێکی پیرۆزبوون، بەڵام ئەو خەباتە، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، کاتێک هێرشی درۆنی دەوڵەتی تورکیا بووە هۆی شەهیدبوونی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، بە ڕووداوێکی تراژیدی پچڕا.

 

ئەمڕۆ، لە شوێنی کار و خەباتیانەوە، بەڕێزەوە بەبیریان دەهێنینەوە، لەگەڵماندا بمێنن، بۆ ئەوەی بزانین هێرۆ و گوڵستان کێ بوون، چییان کرد و بۆچی یادەوەرییان هێشتا لەگەڵمانە.

 

" ئێمە درێژەدەری کارو خەباتی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەبین"
         

هاوژین شوانە، ڕۆژنامەنووس کەهاوڕێ و هاوکاری هەردوو شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینە ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆڵ و کاری هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس پلەی بەرزی لە خەباتی ڕاگەیاندنی ئازادا هەبووە وتی: کارکردنی گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین لە ناو ڕاگەیاندنی ئازاددا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی بووە، باوەڕیان بە هەبوونی دیموکراسی، ئازادی ژن و کارکردن لەسەر ژینگە هەبووە،  لە زیهنی ئەواندا جیاواز کارو خەبات لە پێناو ڕاگەیاندنی ئازادا ئەنجامدەدرا، لە ناوچەکەدا هەر کێشەیەک هەبوایە ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە کاریان لەسەر ئەنجامدەدا، باس لە خەبات و تێکۆشانی شەهید گوڵستان تارا بکەین، نیوەی تەمەنی بەخشییە کاری ڕاگەیاندنی ئازاد، ئێمە چەند خوێندکارێکی سەرەتای بووین هاتینە ڕاگەیاندنی ئازاد، بەڵام گوڵستان تارا ئێمەی لەسەر فکرو فەلسەفەی ڕاگەیاندنی ئازاد پەروەردە کرد، کارو خەباتی ئەوان لەلای ئێمە هەردەم زیندووە، کاتێک ئیمە بە ڕۆحێکی ئازاد فکرێکی ئازادەوە کارو خەبات بەردەوام دەکەین ئەوان هەردەم لە زهنی ئێمەدا دەهێڵێتەوە، هەروەها شەهید هێرۆ بەهادین، ژنێکی گەنجی باشووری کوردستان بوو، کە هەمیشە ڕەنگی کارەکانی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی جیاوازتربوو لە هەموو ژنانی دیکە کە لە ڕاگەیاندندا کارو خەباتی دەکرد، زۆربەی کات باسی دەکرد، کە ئەو ئەندازیارە هاوڕێکانی پێیان دەوت تۆ ئەندازیاری بۆچی ڕاگەیاندنت هەڵبژاردووە، بەڵام هێرۆ ئەشقی بۆ ڕاگەیاندن هەبوو، پێش شەهیدبوون و دوای شەهید بونیشیان ئەو خەبات و تێکۆشانەیان بە هەمان ڕۆحییەتی ئەوان بەردەوامی هەبوو.

 

"ئێمە ڕێگەی ئەوانمان بەرنەدا"

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: سەرەتای کارکردنی ئێمە چەند ژنێکی گەنج بووین، خوێندکاری زانکۆ بووین کاتێک هاتینە ڕاگەیاندنی ئازادەوە بەر شەهید هێرۆ کەوتین، هەردەم بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشیبوو ژنێکی ئازاو خاکی و بوێر بوو، کۆنتڕۆڵی بابەتەکانمانی دەکرد، هەمیشە سەرنجی لەسەر کارەکانمان هەبوو، سەرنجی لەسەر کارو چالاکی میدیاکانی دەرەوەشی دەدا، ئەو شەهیدانە بەردەوام کاریان لەسەر بەرەوپێشبردنی ناوەڕۆک دەکردەوە بۆیە ئێمەی زیاتر بەرەو ڕۆحی خۆیان نزیک دەکردەوە، هەروەها ڕەخنەو پێشنیارەکانیان ئێمەی تابێت زیاتر بەهێزتر دەکرد، ئێمەیان کردە ڕۆژنامەنووسێک کە بتوانین لە جەوهەر و ناوەڕۆکدا خۆمان زیاتر بەرەو پێش ببەین و کارو خەباتمان لەسەر فکر و ئایدۆلۆژیایەکی ئازاد بێت، بتوانین لەسەر ئەو هێڵە ئازادییەی کە هێڵی ئازادی ژنە بەردەوام کارو خەبات بکەین، هەروەها کارو خەباتی ئەوان بەردەوام لە زهنی ئێمەدا بە زیندووی مایەوە، دوای شەهید بوونیان ئەو ئیرادەیەیان دروستکرد، کە ڕوبەڕووی هەر کێشەیەک بوینەوە چۆن ئەو ڕۆڵ و پێگەیە بە زیندووی بهێڵینەوە، ئەو ڕێی هەڤاڵێتییەی بتوانین هەزاران خەباتکاری ڕاگەیاندنی ئازاد بهێنینە سەرهێڵ، ئێمەی هاوکاریان ئەو هێزەی خۆمان لە کاتی شەهید بوون و لە دوای شەهیدبوونیشیان نیشاندا، هەموو ئەو ژنانەی لە ناو ڕاگەیاندنی ئازادا کارمان دەکرد، ڕێو ڕێبازی هەردوو ژنە شەهیدمان گرتەوە، ڕەنگە لە بەشێک لە کارەکاندا کەموکورتی هەبێت، ڕەنگە نەتوانین جێگەی ئەوان بەهچ شتێک پڕبکەینەوە، بەڵام بە هەموو کەموکورتییەکانەوە ئێمە ڕێگەی ئەوانمان بەرنەدا و بەردەوام و درێژەدەری کار و خەباتی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەبین.

 

"کارو خەباتیان لە میدیای ئازادا جێگەی ڕێز و پێزانینە"
         

ژیان سان، هاوڕێ و هاوپیشەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، پاش ڕێێزلێنان لە ڕۆحی هەردوو شەهید  و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی ئاماژەی بەوەدا، کارو خەباتی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستاندا وەک کارێکی پیرۆز دەنرخێندرێت، وتی: کارو خەباتیان لە میدیای ئازادا جێگەی ڕێز و پێزانینە، هەردوو  ڕۆژنامەنووس لە پێناو گەیاندنی دەنگی ئازادا کار و خەباتیان دەکرد، شەهید گوڵستان تارا لە باکووری کوردستانەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی ڕاگەیاندن لە میدیای ئازادا دێتە باشووری کوردستان و خەباتی بەردەوام دەکات، ئەمە نیشانەیەک بوو بۆ دەربڕینی ئەوەی، کاری ڕۆژنامەنووسی لە چوارچێوەیەکی بچووکدا قەتیس نامێنێت، دەرچەیەکی بەرفراوانە و پێویست دەکات ئێمە ڕێگەی کاری خەباتگێڕی بگرینەدەست تا بتوانین بەردەوامی بە پیرۆزی ڕاگەیاندنی ئازاد بدەین.

 

 وتیشی: ئەوڕۆژەی هەردوو هاوکارمان شەهید بوون، ئەو ڕۆژە ئێمەی وەستان، ئێمەی لە ژیان نەوەستاند بەڵام لە ناخەوە ئێمەی وەستاند، ڕۆژی دوای شەهید بوونیان نوێبونەوەیەک بۆ ئێمە نەبوو، بەڵام ئێمە بۆ درێژەدان بە کاری ڕۆژنامەگەری و بە خەباتی گوڵی و هێرۆ بەردەوامبووین لە کارکردنمان، کاری ڕۆژنامەنووسی کارێکی بەردەوام بەرفراوانە، شەهادەت و برینداربوونی تێدا دەبێت، ئەم دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە و چەندین کەس و ڕۆژنامەنووسی دیکەش لەم ڕێبازادا شەهید بوون، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی و شانازییە، ڕۆژنامەنووسمان ڕۆژ بەڕۆژ لە ژنان و پیاوان زیاد دەکەن، لە ئێستادا لە شوێنی کارکردنمان سەرجەم هاوکاران بە ڕۆحیەتی گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین درێژەدەری کار و خەباتی ڕاگەیاندنی ئازادین.

 

"هێرۆ لە دوای شەهیدبوونیشی ئیلهامێکە بۆ ژیانی خێزانەکەمان"
         

   

بێریڤان بەهادین، خوشکی شەهید هێرۆ بەهادین باسی لەوەکرد، دووساڵ بەسەر شەهیدبوونی هێرۆدا تێدەپەڕێت، بەڵام بۆ ئەوان تەنها دوو ڕۆژ تێپەڕیوە، ڕۆشتنی هێرۆ خەمێکی قوڵی لە لای خێزان و هاوڕێکانی دروست کردو وتی: لەدوای شەهید بوونی هێرۆ هەموو ڕۆژێکمان گریان و دڵتەنگییە، دایکم و باوکم ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخیان خراپتر دەبێت، بەڵام سەرەڕای ناڕەحەتییەکان، هاوڕێ و هاوکارەکانی، لە ناو هاوڵاتیاندا بەردەوام یادو یادەوەریان بەرز دەنرخێنن، لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران بێباکانە لەسەر گیانی گەنجەکانیان کاردەکەن، هیچ هەڵوێست و ڕاوەستەیەکیان بۆ شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووس نەبوو، بەڵام هاوڕێ و هاوکارەکانی جێگەی دڵخۆشین بۆ ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید، کە بەردەوام لە یادو یادەوەری ئەواندا زیندوو ماونەتەوە، هەروەها بەشێک لە ڕێکخراوەکان و هاوڕێکانی بەردەوام سەردانی ماڵباتی ئێمە دەکەن، یان دەچینە شوێنی کارەکەی یان ڕێکخراوێک وێنەی شەهید هێرۆیان هەڵواسیوە، ئەمە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە، هێرۆ کەسێکی گرنگ بوو لە لای ئێمەو هاوڕێکیانی.

 

لە کۆتای قسەکانیدا بێریڤان بەهادین ئاماژەی بەوەشدا، هێرۆ بۆ خانەوادەکەی بووە ڕێگایەکی ڕۆشن، هەموومان بە ڕێی و ڕێبازی ئەودا گوزەردەکەین وتیشی: لە دوی نەمانی هێرۆ هەموومان دەژین بەڵام جەستەیەکی بێ گیانین، ئەو سۆز و خۆشەویستییەی هێرۆ بە ئێمەی دەدا، ئێستە ئێمە لەگەڵ خوشک و براکانماندا بەیەکی دەدەین،  کۆسپی لەدەستدانی هێرۆ بووە چوار دیوارو ئێمەی لە ناودا بەندکرد، دایکم و باوکم هەر کارێک دەکەن لە پێناو هێرۆدا دەیکەن، لە ناو خێزانەکەماندا منداڵەکان بەردەوام بیری هێرۆ دەکەن، چونکە هێرۆ کەسایەتییەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ منداڵەکاندا، بەردەوام هەوڵی دڵخۆشکردنی منداڵەکانی دەدا، هەردەم لەگەڵیاندا یاری دەکرد، بەڵام لەدوای شەهیدبوونی هێرۆ مندآڵەکان و لە ناویاندا خوشکەزاکەم بە ناوی کۆڤان زۆر خەمباربوو، تا ئێستاش کۆڤان لە شۆکی لەدەستدانی هێرۆدا دەژی، بەردەوام یادی هێرۆ دەکەینەوە، ژیانمان بەستراوە بە خەیاڵەکانمانەوە لەگەڵ هێرۆدا.