دەنگی ژنانی کورد؛ کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆڵەندا و دیدێکی نوێ بۆ داهاتوو

لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵات کوردستان کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت لە هۆڵەندا، ٤٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی سەبارەت بە ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئێران گفتوگۆیان کرد و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، بە جەختکردنەوەیەکی تایبەت لەسەر ڕۆڵی ژنان لە پێشهاتەکانی ئێستادا.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- کۆنفرانسی ڕاوێژکاری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥ لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە.

 

کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوەچوو و پانێڵی جۆراوجۆر بە بەشداریی ٤٠٠ کەس لە ئەکادیمیست و نووسەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی پێشکەشکرا. ژنان لە هەموو پانێڵەکانی کۆنفڕانسدا ئامادە بوون، بابەتی جۆراوجۆریان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و هتد پێشکەش کرد و ئەم بابەتەش سەرنجی میدیاکانی بەدەستهێنا.

 

بەشێک لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە، بە ئاماژەدان بە هۆکار و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە، هاتووە: "هەرچەندە بڕیاری بەستنی ئەم کۆنفرانسە دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەی سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان، بەڵام دواتر بە تایبەت لە شەش مانگی ڕابردوودا، کاریگەری لەسەر شەپۆلێکی گۆڕانکاری لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە هەبووە". "بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکان، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی هاوکێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ناوچەیی و جیهانییەکان، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕەوتە بگاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەلومەرجی نوێ و جیاواز دروستبکات".

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە سنوورداربوونی ڕووماڵە میدیاییەکانی کۆنفرانسەکە کراوە و ئاماژە بە هاوکاتی کۆنفرانسەکەی کردووە لەگەڵ دوو ڕووداوی دیکە، ئەوانیش "کۆنفرانسی یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکدەنگیی کورد لە ڕۆژئاوا" و "تەقینەوەی کارەساتبار لە بەندەر عەباس".

 

بە سەرنجدان بە گرنگی ئەم دیدارە لە کاتی ئێستادا و ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان تێیدا، لەگەڵ دیمەن سۆهرابی، شاعیر و چالاکی مەدەنی، کە هاوکات ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس بوو، سەبارەت بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم دیدارە قسەمان کرد.

 

دیمەن سۆهرابی لە سەرەتاوە وتی: "هەموو لایەنەکان، ئەکادیمیستەکان، و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بانگهێشت کران بۆ ئەم کۆنفرانسە. پرسی سەرەکی لە دەوری یەکڕیزی و هاوکاری نێوان لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان و ئێراندا بوو. بە تایبەتی لە پانێڵی کۆتاییدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتی هەنگاونان بەرەو یەکێتییەکی سیاسی کۆنکرێتی. پانێڵەکانی دیکە باسیان لە چەندین بابەت کرد، لەوانەش پرسی جێندەری، بارودۆخی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی کیو، و مافەکانی ژنان.

 

بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پرسی ژنان لەم کۆبوونەوەیەدا، زیادی کرد: پرسی ژنان یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە لە چەند پانێڵێکدا بە دیدگا و شیکاری جیاوازەوە گفتوگۆی لەسەر کرا. دەشڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە تەنیا لە ژناندا سنووردار نەبوون، بەڵکو چالاکوانە جیاوازەکان لە ڕوانگەی جیاوازەوە قسەیان لەسەر ئەو پرسە کردووە".

بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پرسی ژنان لەم کۆبوونەوەیەدا، زیادی کرد: پرسی ژنان یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە لە چەند پانێڵێکدا بە دیدگا و شیکاری جیاوازەوە گفتوگۆی لەسەر کرا. دەشڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە تەنیا لە ژناندا سنووردار نەبوون، بەڵکو چالاکوانە جیاوازەکان لە ڕوانگەی جیاوازەوە قسەیان لەسەر ئەو پرسە کردووە".

 

ناوبراو لە بارەی کاریگەرییەکانی ئەو کۆنفرانسە و بە تایبەت لە سەر ئایندەی ئێران و گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامییەوە باسی کرد: یەکێک لەو پرسانەی کە هاتە ئاراوە، پرسی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی بوو. لایەنە سیاسییەکان چۆن دەتوانن هاوکاری یەکتر بکەن ئەگەر یەکگرتوو بن، و ئەگەر یەکگرتوویی نەمێنێت، لێکەوتەی چی دەبێت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ئەکادیمیستەکان و چالاکوانان کە ڕەنگە ئەندامی هیچ حیزبێک نەبن – یان تەنانەت ئەگەر مەیلیان لە هەندێک ڕەوتی نزیکەوە هەبێت – دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بگێڕن. توانای پێشکەشکردنی دیالۆگی شیکاری و هەمەلایەنەیان هەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی و حزبی. بە بڕوای من ڕێبازێکی لەم شێوەیە دەتوانێت یارمەتی حزبەکانیش بدات کە لە سنووری حزبی و ئایدیۆلۆژی دەربچن و گرنگییەکی جددیتر بە کۆمەڵگەی مەدەنی و داواکاری و پێداویستییەکانی بدەن.

 

"ئەکادیمیستەکان لە دەرەوەی حزبەکان دەڕوانن بۆ پرسی کۆمەڵگەی مەدەنی"

دیمەن سۆهرابی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڕای من ئەکادیمییەکان لە ڕوانگەیەکی دەرەوەی حزبەکانەوە سەیری پرسی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەو پێشنیارانەی ئەم کەسانە پێشکەشی دەکەن دەتوانن زۆر بەسوود بن. ئەم پێشنیارانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕوانگەی لایەنەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەندێک بواردا. دەشڵێت "بێگومان کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان خۆئاگادارە و زۆرێک لە سەندیکا و کۆمەڵە و دامەزراوەکان تێیدا چالاکن، بەڵام پێموایە ئەو کەسانەی بەشداری ئەو کۆنفرانسانە دەکەن توانای ئەوەیان هەیە تەنانەت لەدەرەوەی بازنەی کۆمەڵگەی مەدەنیشەوە چارەسەری کێشەکانی کوردستان بکەن".

 

هەروەها سەبارەت بە نەبوونی یەکڕیزی نێوان لایەنەکان ڕایگەیاند: "ئەگەر لایەنەکان، بە هەر هۆکارێک بێت، نەیانەوێت لەم قۆناغەدا یەکبگرن، پێشنیار و چارەسەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و ڕێنماییکار بگێڕن".

 

سەبارەت بە ئاسۆی کۆنفرانسەکانی داهاتوو، دیمەن سۆهرابی وتی: لە کۆتایی ئەم کۆنفرانسەدا باس لەوە کرا کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام دەدرێن. دەشڵێت "هەوڵەکان ئەوەیە کە لە کۆنفرانسی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکان لە پانێڵەکاندا ئامادەبن و بۆچوونەکانیان بخەنەڕوو و هەنگاوێک لە یەکڕیزی نزیک ببنەوە".

 

هەروەها جەختی لە ڕۆڵی ژنانی چالاک کردەوە، چ لە کوردستان و چ لە ئێران و زیادی کرد: ژنان توانای بەشداری لەم جۆرە کۆنفرانسانەیان هەیە و گفتوگۆی جددی و بەرچاو پێشکەش بکەن. لە کوردستان بە هۆی مێژووی چالاکییە بەردەوامەکانیان و پاشخانی مێژوویی، پێموایە ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشیار بوون کە بوونی بەرچاوتریان دەتوانێت لە ئامانجەکانیان نزیکیان بکاتەوە. لەم کۆنفرانسەدا، هەرچەندە لە هەموو پانێڵەکاندا باس لە دۆخی ژنان کرا، بەڵام هەوڵەکان درا بۆ ئەوەی ژنان تەنانەت بە شێوەی ئۆنلاینیش بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن. "هەروەها بەشدارییان لە دیدگاکانیان کرد لە هەموو بوارەکاندا و دۆزینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر بابەتگەلێکی جیاواز باسکرد."

 

"سەرکردایەتی ژنان لە کورستان پاشخانێکی مێژوویی هەیە"

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرکردایەتی ژنان لە کوردستان ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە. بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە لە حیزب و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکاندا، ژنان گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە بەبێ ئامادەیی چالاک و ڕاستەوخۆی خۆیان، ناتوانرێت لەسەر ڕێبازەکە بەردەوام بن. "ئەوان درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە تەنیا ئەوان دەتوانن دەنگی ژنانی کورد بن".

 

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە کاریگەریی پێشڕەوی کردنی ژنانی کورد وتی: پێشڕەوی و ثێشەنگایەتی کردنی ژنانی کورد، بەبێ هیچ مەرجێک، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژنانی چالاک لە سەرتاسەری ئێراندا هەبووە. لە ئێستادا ژنانی کوردستان لە زیندانەکانی ئێراندان، بە نامە و کۆڵنەدان و خۆڕاگری خۆیان ئیلهامبەخشن بۆ ئەوانی تر. کاریگەری ئەوان لە نێو ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشدا دەبینرێت؛ "ئەم ژنانە پاڵنەر و بوێری و ئومێدیان بەدەستهێناوە. تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانیش کاریگەری ئەم ڕەوتەمان لەسەرە".

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: "ئەم پێشکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی خەباتی کورد، بەردەوامی چالاکییەکان، هەروەها پەرەسەندنی هۆشیاری ژنان لە توانای دەربڕینی ئارەزوو و بیرکردنەوەکانیان". "بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ژنان ئامادەیی چالاک و کاریگەریان هەبێت لەم جۆرە کۆنفرانسەدا".

 

"ژن لە بنەڕەتدا ئاشتیخوازن"

دیمەن سۆهرابی سەبارەت بە گرنگیی ئامادەبوونی ژنان لەم جۆرە کۆنفرانسەدا وتی: ژنان لە بنەڕەتدا ئاشتیخوازن و بە دیدێکی جیاوازەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەرەوپێشبردنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. لە دڵی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەژین و قووڵتر و وردتر لە زۆر بابەت تێدەگەن. کاتێک ئەزمونی ژیانی ژن لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەت بابەتەکانی پەیوەست بە ژن و جیاکاریی ڕەگەزی هەبێت، بە سروشتی شیکاری ژن بۆ ئەو بابەتانە دەتوانێت ڕوونتر و واقیعیتر بێت لە شیکاری پیاو. "بە بۆچوونی من پێویستە دیدگاکانی ژنان لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا لەبەرچاو بگیرێن و پێشنیارە پراکتیکییەکانیان بە جددی وەربگیرێن".ناوبراو بە ئاماژەدان بەو فەزایە پیاوە باڵادەستەی کە زاڵە بەسەر پێکهاتەی دەسەڵات و بڕیاردان، وتی: ئەو جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین جیهانێکی پیاوسالارە؛ ئەو شەڕانەی کە شاهیدی دەبینین، ئەو شەڕانەن کە لەلایەن پیاوانەوە پلانیان بۆ داڕێژراوە و ئەنجام دەدرێن ئێستا "من پێموایە گفتوگۆ لە نێوان دیدگا جۆراوجۆرەکاندا، لەوانەش ژنان و پیاوان، ئەنجامە بەرهەمدارترەکانی لێدەکەوێتەوە."

 

دیمەن سوهرابی درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "پێویست نییە ژنان تەنیا باسی خۆیان بکەن. هەروەها باس لە ژینگە و پرسی حیزبی و دەروونناسی منداڵ و گەورەساڵان و چەندین بابەتی دیکە دەکەن. تێڕوانینی ژن بۆ ژینگە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ تێڕوانینێکی زاوزێدا هەیە. بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان کەمتر گرنگی بەو ڕەهەندانە دەدەن. هەوڵدەدەین چالاکانە ئەو ژنانە بەشدار بکەین کە توانای شیکردنەوە و قسەکردنیان هەیە لەم کۆنفرانسەدا. چونکە میدیاکان و دامەزراوەکان بەزۆری بانگهێشتی پیاوانی زیاتر دەکەن بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەکان "ئێمە ئەم ڕەوتە دەگۆڕین و ئامادەبوونی ژنان لەم کۆبوونەوانەدا لە پێشینەدا دەدەین."