ژنانی گوندنشین؛ کرێکارانی بێ مووچە

ژنانی گوندەکان هەموو بەیانیەک زوو لە خەو هەڵدەستن، پێیان خۆش بێت یان نا، دەبێت ئەو ئەرکە ماندووانەی ژیانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن کە وەک ئەرکێک بۆیان دیاری کراوە.

سارا محەمەدی

 

جوانڕۆ - لە ساڵی ٢٠٠٧ نەتەوە یەکگرتووەکان ١٥ی تشرینی یەکەمی وەک "ڕۆژی جیهانی ژنانی گوندنشین" ناساند.

 

دوابەدوای قەیرانی کەمی خۆراک و فراوانبوونی بیرۆکەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی خۆراکی بەردەوام، گرنگی بە پێگەی ژنانی گوندنشین لە کشتوکاڵ و دابینکردنی خۆراک و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری درا، هەر بۆیە بە ئامانجی جەختکردنەوە و گرنگیدان بەڕۆڵ و کاریگەری ژنانی گوندنشین، ناونانی ئەم ڕۆژە ئەنجام درا.

 

نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی جیهان ژنانی گوندنشینن و نزیکەی یەک لە سێ ژنی کرێکار لە جیهاندا سەرقاڵی کشتوکاڵن، ئاشکرایە کە ژنانی گوندنشین ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنووسسازیان لە ئابووری و بژێوی بنەماڵەکانیاندا هەیە و هەروەها بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی بنەماڵەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام ژنانی گوندنشین لە کۆمەڵگەی ئێرانیش بە هۆی نەبوونی یاسایەک کە پشتیوانییان لێ بکات، لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەبن.

 

بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دراون، لە هەموو جیهاندا، ٪٧٦ی حاڵەتەکانی هەژاری ڕەها لە ناوچە گوندنشینەکاندایە، هەروەها ژنانی گوندنشین ڕووبەڕووی جیاکاری جۆراوجۆر دەبنەوە.

 

شەهین . ڕ ٣٦ ساڵان، دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی شاری جوانڕۆیە کە لەگەڵ خوشکە گەورەکەی، گوڵزار و سەرگوڵ خوشکە بچوکەکی کە خاوەن پیداویستی تایبتە و  باوکە ٧٥  ساڵانەکەی ژیان دەکات، جیا لە کارەکانی گوند، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و دوو خوشکەکەی دروومان دەکات، وتی: یەکێک لە ژنەکانی دراوسێکەمان تەمەنی ٧٥ ساڵە، بەڵام دەبێت هەموو بەیانیەک لە خەو هەڵسێت و گەوری تاکە مانگا پاک بکاتەوە کە بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی پشتی پێ دەبەستێت.

 

شەهین چیرۆکی "ئازار و سەختی ژیانی" خۆی و دوو خوشکەکەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: ژنانی گوند هەمیشە ناچارن خەمی داهاتوویان بخۆن، هەرچەندە  کاری کشتوکاڵی دەکەن، بەڵام لە ژیانی هاوبەشیان و لە خێزانەکەیاندا هەرگیز ئەوەندە بەشداری ناکەن، هەرگیز وەک کوڕان مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، ئێمە سێ خوشکین کە جگە لە کاری ماڵەوە و چاودێریکردنی ئاژەڵ، کاری کشتوکاڵیش لە سفرەوە تا سەد دەکەین، بەڵام کاتێک پارەی خەرمانی گەنم دەدرێت، سێ براکەم کە ئەوانیش باری داراییان باشە دیار دەبن و بە بیانووی جیاواز لە باوکم پارە وەردەگرن، لە کاتێکدا ئێمە تەنانەت توانای چاککردنەوەی ددانەکانمان نییە، خوشکەکەم کەخاوەن پێداویستی تایبەتە، مووچەیەکی کەم وەردەگرێت کە کارتی مووچەکەی لە دەستی یەکێک لە براکانمدایە.

 

شەهین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ژنانی گوند خوێنەوارییان باش نییەو وتی: بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆ بژێوی ژیانی خۆم و خوشکەکانم وانەیەکی دوورینم وەرگرت، ئێستاش خەریکی کاری دوورینم بۆ خەڵکی گوندەکە، چونکە ئێمە هاوسەرگیریمان نەکردووە، هەمیشە لەلایەن خێزانەکەمان و کەسانی دەوروبەرمانەوە ڕەخنەمان لێدەگیرێت و بە بەزەییەوە سەیری ئێمە دەکەن، بەڵام هەموو شتێک هاوسەرگیریکردن نیە، ئێمەی ژنان، بەتایبەتی ژنانی گوندەکان، پێویستە بتوانین سەرچاوەی داهات جگە لە کاری گوندەکان، بۆ خۆمان بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا پشت بە خۆمان ببەستین.

 

قەدەم خەیر. م، ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵ کە لەیەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری شاری جوانڕۆ دەژی و خاوەنی ١٢ منداڵە، باسی لەوە کرد کە ژنانی گوندەکان هەرگیز ماندوو نابن و هەمیشە کار و چالاکن تا نەخۆش دەکەون یان دەمرن: لەکاتی هاوسەرگیریمەوە تا ئەمڕۆ وەک هاوژینەکەم کارم کردووە، جگە لە کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی 12 منداڵ و چاودێریکردنی مەڕێک و چەند مانگا و گوێدرێژ، کاری کشتوکاڵیشم کردووە، لەڕابردوودا کە غاز و نەوت نەبوو، ژنان لە سەرەتای بەهارەوە تا کۆتایی هاوین پەیینیان بۆ سووتەمەنی کۆدەکردەوە، بەڵام لەم ژیانەدا هیچم بەسەر نەهاتووە، جگە لە نەخۆشی و ماندوێتی و ماندووبوونی جەستە و ڕۆحم نەبێت، ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هیچ مافێکیان نییە، لەکاتێکدا ژنانی گوندنشین زیاتر لە پیاوان کاردەکەن.

 

والیە مورادی، ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵە و لەیەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری شاری ڕەوانسەر نیشتەجێیە و خاوەنی دوو کچ و کوڕە و چیرۆکی ژیانی خۆی بەم شێوەیە باس کرد: کاتێک کوڕەکەم تەمەنی ٣ ساڵ بوو، لەڕووداوێکدا هاوژینەکەمم لەدەستدا، لە سەرەتای گەنجیدا بووم، بەڵام نەمتوانی منداڵەکانم بەجێبهێڵم، هەر بۆیە لە گوندەکە مابوومەوە و بەبەخێوکردنی مانگا و مەڕ و کشتوکاڵی منداڵەکانم گەورە دەکرد، منداڵەکانم نەیاندەتوانی یارمەتیم بدەن لە کارەکەدا، سەرەڕای چەندین سەختی و کێشە کە لە گوند بەسەرمدا هات، هەرگیز پشتم لە ژێر بارگرانی سەختیدا نەچەماندەوە و توانیم منداڵەکانم بە باشترین شێوە پەروەردە بکەم، خەڵکی دەوروبەرم هەمیشە دەڵێن هەڵەیەکت کرد کە ژیانت بەفیڕۆدا و هاوسەرگیریت نەکردەوە، بەڵام هەرگیز پەشیمان نیم لەو بڕیارەی کە داومە، پێویستە ژنان بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن بەبێ ئەوەی پشت بە پیاوان ببەستن، ژنانی گوندنشینی وەک من، کەڕێگەیان پێنەدرابوو بخوێنن و نەخوێندەوارن، دەبێت بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، هیچ کارێک تەنیا بۆ پیاوان تەرخان نەکراوە، هەرچەندە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری قورسە، بەڵام بیانەوێت و ئیرادە بکەن دەتوانن هەر شتێک بکەن.

 

ژنانی گوندنشین، بە ئەنجامدانی ئەرکی بێبەرامبەر وەک پاراستن و گرنگیدان بە ئاژەڵ و پەلەوەر، دابینکردنی ئاو، گرنگیدان بە شوێنی نیشتەجێبوون، بونیاتنانی فەرش، بەرهەمهێنانی شیر و ماست، نان، شیردان، پاککردنەوەی ماڵ، چێشت لێنان، شوشتن جلوبەرگی خەڵکی ناو خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ و هتد، ژیانێکی سەخت ئەزموون دەکەن، هەرچەند زۆرێک لەو ئازارانەی کە بەسەر ژناندا سەپێندراون لە ئێراندا بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوەن، بەڵام ڕژێمی ئیسلامی بە دەرکردنی یاسای کۆنەپەرستانە لە دژی ژنان بە شێوەیەکی تەواو یاسایی و دامەزراوەیی سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل کردووە.