ژنانی گوندەکان پێویستیان بە پاڵپشتی کردنە

زۆریک لە ژنانی گوندەکان، لە ئێستادا خەریکی کاری سەربەخۆی تایبەت بە خۆیانن و بچوکی شوێن و نەبوونی پاڵپشتی دارایی نەبووەتە هۆی ڕێگری کردن لە بەرەوپێشچوونیان و داوادەکەن سەنتەرو ڕێکخراوەکان هاوکار بن لە پالپشتی کردنیان.

میهرەبان سەلام

 

تەوێڵە-لە شارەدێی تەوێڵە ژمارەیەک لە ژنان بە مەبەستی دەرخستنی تواناکانیان فێستیڤالیکیان ساز کردووەو تێیدا بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و دەفرۆشن، ژنان کە وەک ڕابردوو بەربەستەکان ڕایانگرێت، ئێستا دەتوانن کارەکانیان بەرەوپێش ببەن و بوونەتە خاوەن کاری خۆیان، کاری سەربەخۆ بۆ ژنان بەدەر لەوەی لەڕووی داراییەوە ژیانیان پارێزراو دەکات، دەبێتە هۆکارێک بۆ متمانە بەخۆبوونیان و هەوڵدان بۆ ئەوەی زیاتر بەرەوپێش بچن، ژنانی گوندیش کە هەر لەمێژە سەرقاڵی کار بوون و بەدەر لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەستڕەنگینن و توانیویانە بە دوورینی جلوبەرگی نەتەوەیی و چنینی جل و کەلوپەلی ناوماڵ  کارێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، داوا دەکەن هاوکاری بکرێن تا شوێنی تایبەت بە کارەکانیان هەبێت و پاڵپشتی بکرێن.

 

هەرچەندە ناوەندو ڕێکخراوەکانی تایبەت بەکاری ژنان و بەرەوپێشبردنیان ناوە ناوە خول و پەروەردە دەکەنەوە بۆ ژنانی گوند، بەڵام وەک خۆیان دەلێن پێویستە ژنانیش خۆیان پەرەپیبدەن و پەیوەندی بە ناوەندەکانەوە بکەن تابەهاوکاری یەکتر کاری ژنان بەرەوپێش ببرێت.

 

 لەو بارەیەوە هەنا عەلی، ڕاهێنەر لە دروستکردنی شیرینی لە سەنتەری پاراستنی منداڵانی تەوێڵە لە دوای ئەوە خولێکیان کردۆتەوە بۆ ژنانی تەوێلە، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی دورەدەستی لە شارەوە پشگتیری ژنانیان کردووەو ئەم خولانەش بۆئەوەیە سودمەند بن.

 

"ژنانی گوند فێری کار بن پێویستیان بە دەستی دەرەکی نییە"

هەنا عەلی باسی لەوەکرد کە گرنگە پشتگیری لە ژنانی دەستڕەنگینی گوندەکان بکرێت، چونکە ئەگەر فێری پیشەو کارە دەستیەکان ببن پێویستان بەوە نییە لە کاری رۆژانە پەلە پەل بکەن و دەتوانن لەماڵەوە خۆیان ئەوەی پێویستیانە دابینی بکەن، وتی: پەیامم بۆ ژنان ئەوە کار لەسەر ئەوە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت و سەردانی سەنتەرەکان و ڕێکخراوەکان بکەن تا برەو بە بەهرەکانیان بدەن.

 

"بە پاڵپشتی سەنتەرەکان هاتمە دەرەوە چەندین کەسم فێری دروومان کردووە"

سۆما فەخرەدین، مامۆستای دروومان ئاماژەی بەوەکرد، بە پاڵپشتی سەنتەرەکان توانیویەتی لەماڵ بێتە  دەرەوە کاربکار لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کەسی فیری دروومان کردووەو وتی: پاش ٣٠ ساڵ هاتمە دەرەوەو لە سەنتەری پاراستنی منداڵانی تەوێڵە هاوکاری ژنان دەکەم و دەبیت پاڵپشتی هەبێت و بتوانن هاوکارمان بن، تاوەکو ئیێتا هیچ جیگەیەکمان نەبووە بەڵام ئێستا سەنتەروکان بوونەتە پاڵپشت بۆ ئیمە، تا بتوانین هەلی کار بۆ چەندین ژنی تر بڕەخسێنین.

 

سەرجەم ژنانی بەرشداربووی فێستیڤالەکە کە زۆربەیان خاوەن کاری خۆیانن، داواکار بوون پاڵپشتی بکرێن تا بەردەوام بن، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد ئەگەر بێت و هاوکاری بکرێن ئەوا بەردەوام دەبن لەکاری خۆیان و هەمیش خزمەت بە دەورووبەر دەکەن.