ژنانی ڕاگەیاندکار لە چالاکییەکانی ٨ی مارسدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە

ژنان بە پشتیوانی خۆیان کاری ڕاگەیاندن ئەنجام دەدەن، لە کارکردندا جیاوازییەکیان نەهێشتووەتەوە لە نێوان خۆیان و پیاواندا.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ژنان لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا دەستێکی باڵایان هەبووە، ژنانی ڕاگەیاندکاریش جگە لە چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژانی ٨ی مارس بەردەوام لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و کارەکانیاندان، بەردەوامن لە پێشخستنی کارەکانی خۆیان و هەوڵی پێشکەشکردنی باشترینەکان دەدەن، گرنگە ژنان کار بۆ پێشخستنی ژنان بدەن و تایبەت لە بواری ڕاگەیاندندا کە دەتوانن دەنگی هەموو ژنان بن و پەیامی ژنان بە کورد و هەموو جیهان بگەیەنن.

 

درێژەی چالاکیەکانی تایبەت بە ٨ی مارس، ژنان لە هەوڵی خۆئامادەکردنیدان، ژنانی ڕاگەیاندکاریش بوونەتە هۆکارێک و پشتیوانێک بۆ بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکانی ئەو ژنانە و ڕوماڵکردنیان، لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی ٨ی مارسدا لە بەردەقارەمان،ژنانی ڕاگەیاندکار ئاهەنگەکەیان بە شێوازی تایبەت ڕوماڵ کرد، لە پاڵ پەیامنێری، کامێراومان و ڕێکخەریش بوون.

ژنها وەک تیمێکی چالاک دەچێتە لای ئەو ژنانەی کە لە ژن-تی ڤی و کۆمپانیای چەتر کاری ڕاگەیاندنیان دەکرد و ئاهەنگەکەیان بەڕێوە دەبرد.

 

ماندوبوونی ئێمە هۆکارێکە بۆ دڵخۆشیمان، ئێمە لە پێناو ژنان دا ماندوو دەبین

جیهان خەلیل کامێراومانی کۆمپانیای چەترە و پەیامی خۆی بۆ ژنان دەنێرێت و دەڵێت: "ئێمە ماندوبوونی خۆمان پێشکەش بە ژنان دەکەین تا بتوانین ڕێگربین لە ئەقڵیەتی پیاو سالاری، کاری ڕاگەیاندن دەکەین لەپێناو سەلماندنی توانای ژنان، دڵخۆشین کە دەتوانین خزمەت بە ژن و گەلی کورد بکەین".

 

ژنان وەک پەیامنێر و کامێراومان کاری ڕاگەیاندن دەکەن

ژوان قادر ئاماژە بەوە دەکات ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئێمەیە و هەرگیز هیلاک نابین لە کارکردن هەروەها دەڵێت: "ڕاگەیاندن هەرچەند ئاستەنگی هەبێت بەڵام ژنان دەتوانن ئاستەنگەکان ببڕن، ئەوەی ئەمڕۆ جێی سەرنج بوو بۆ کاری ڕاگەیاندن جیاوازیەک نەبوو لە نێوان ژنان و پیاوان، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ پێشکەوتنی ژنان کە بتوانن کارەکانیان بە پشتیوانی خۆیان ئەنجام بدەن".

 

ڕاگەیاندن ئەرکێکی پیرۆزە بە تایبەت بۆ ژنان

ساکار عەبدوڵا وەک ژنێکی ڕاگەیاندکار دەڵێت "هەمیشە لە ئاهەنگ و چالاکیەکاندا ئێمە ئەرکی قورسمان لەسەرشانە بەهۆی ئەوەی ئێمە کاری ڕوماڵکردن دەکەین، بەڵام بۆ ئێمە دڵخۆشکەرە و دەبێتە ئەزموونێک، نەک لە کاری ڕاگەیاندندا بەڵکو لە هەموو کارێکدا ژنان دەبێت ژنبوونی خۆیان بپارێزن و ڕێگە نەدەی سنورەکان ببەزێنن بەرامبەرت".

 

ت.پ