تێڕوانینی کۆمەڵگا ڕێگر نییە لە کارکردنی ژنانی گەنج

نەبوونی کار و قەیرانی دارایی و خواستی ژنان لەسەر کارکردنیان هۆکارە بۆ دەستبەکار بوونی ژنانی گەنج لە کایە جیاوازەکاندا، ژنێکی گەنجیش دەڵێت کار بکەن و با تێڕوانینی کۆمەڵگا کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر خواستی کارکردنتان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- کارکردن بەشێکە لە ژیانکردن، بۆ فێربوونی کایە جیاوازەکان و دابینکردنی پێداویستەکانی ژیان، بەهۆی قورسی ژیانەوە هەوڵ و تێکۆشان بۆ کارکردن لە بەردەوامیدایە، ژنانیش بەشێکن لەو هەوڵ و ماندووبوونە، لە ئێستادا ژنان لە تەمەنە جیاوازەکاندا هەوڵ دەدەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان و خۆشگوزەرانکردنی خۆیان و خێزانەکانیان، ژنان سەلماندیان بۆ کۆمەڵگە کە بەڵێ ژنانیش دەتوانن کار بکەن، و لە هەوڵدان ئەو تێڕوانینە لەناو ببەن کە دەڵێت ژن پێویست ناکات کار بکات و دەبێت لە بەشێکی ماڵەکانیاندا داواکارییەکانی خێزانەکانیان جێبەجێ بکەن.

لە کۆمەڵگای کوردیدا، کارکردنی ژنان تا ڕادەیەکی بەرچاو بە پێویست نازانرێت گەر بەو بڕوانامەیە نەبێت کە لە ڕێی خوێندنەوە بە دەستی دەهێنن، لە لایەکی دیکەشەوە هێشتا بەشێکی کۆمەڵگا هەیە کە نەک تەنها کار کردن بە نائاسایی سەیر دەکات بەڵکوو خوێندنی ژنان بە پێویست نازانێت، لە بەرامبەر ئەم تێڕوانینانەدا ژنان بەردەوامن لە کارکردن و ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵگایە بونەتەوە کە لاوازیان دەکات، لە شوێن و کایە جیاوازەکاندا کار دەکەن و پشت بە خۆیان دەبەستن، لەپاڵ بە دەستهێنانی دەستکەوتەکانی ژیانیان بوونەتە هۆکارێک بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا و گۆڕینی تێڕوانینەکانیان و جێگەی شانازیشن بۆ خێزانەکان.

ئاژانسی ژنها سەردانی یەکێک لە مۆڵەکانی شاری سلێمانی کرد تا گوێبیستی ئەو ژنە گەنجانە بن دەربارەی کارەکانیان چی دەڵێن، یەکێک لەو گەنجانە سۆمایە، کە خوێندکاری پۆلی دوانزەیە و لەپاڵ خوێندنەکەیدا دەستی کردوە بە کارکردن، سۆما دەڵێت: "ماوەی دوو ساڵە کاردەکەم، پێویستە هەموومان پشت بە خۆمان ببەستین، چاوەڕێی حکومەت و کار کردن بە بڕوانامەکانمان و دامەزراندن نەکەین" هەروەها باسی لەوەش کرد کۆمەڵگا چۆن بیردەکەنەوە جیاوازە لەوەی ئێمە چۆن کار دەکەین، لە کارەکانماندا سەربەرزانە کار دەکەین و خانەوادەکانمان پاڵپشتمانن.

 

نەبوونی هەلی کار گرفتە بۆ خوێندکاران

لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی دارایی و قورسی دابینکردنی بژێوی ژیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بە بڕوانامەکان ناکات و دامەزراندنی خوێندکارانی دەرچووی ڕاگرتووە و ناتوانن ببنە خاوەن کار لە دەزگا فەرمییەکاندا، هەلی کار لە کەرتی تایبەتیشدا مەرجی قورسی بۆ دادەنرێت و داوای ئەزمونی کار لە خوێندکارە دەرچووەکان دەکەن، گەنجان بەم گرفتانە و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵینن.

چاوان دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیە و دەڵێت: "ئەمساڵ خوێندنم تەواو کردووە، ڕاستەوخۆ دەستم کردووە بە کارکردن، سوپاس بۆ خودا کۆمەڵگاکەمان لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە بەرەو پێش چووە و کارکردن ئاسایی بووە لەلای خەڵکەوە" هەروەها دەشڵێت: "پێوست ناکات ژنان ئەرکی خۆیان بخەنە سەر شانی خیزانەکانیان و چاوەڕێی دەستی کەسێک بن بەخێویان بکات، پێویستە ئەو ئامانجانەی هەمانە خۆمان هەوڵی بۆ بدەین و بەدیان بهێنین".

 

هۆکاری کارکردنیان قەیرانی داراییە

زۆربەی ئەو گەنجانەی لە شوێنە گشتیەکاندا کار دەکەن یان خوێندکارن یان دەرچووی زانکۆکانن، نەبوونی مووچە و خراپی باری دارای هاوڵاتیان هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر بەدوای کاردا بگەڕێن و کار بکەن.

 هێڤی وەک دەرچوەیەکی کۆلێژی IT، دوای تەواو بوونی خوێندن دەستی کردووە بە کارکردن و دەڵێت: "حکومەت ڕێگەی خۆشنەکردووە بۆ ئەوەی من لە بوارەکەی خۆمدا و بە بڕوانامەکەم خۆم بۆ کارێکی تر تەرخان دەکەم."

نەبوونی کار و دانەمەزراندنی خاوەن بڕوانامەکان وا لە گەنجان دەکات پەرە بە بوارەکانی خۆیان نەدەن و بەرەو پێشچوونیان پێوە دیار نەبێت، بەم هۆکارەش لەچاو وڵاتانی تردا ئاستی کەسانی زیرەک، کەسانێک خولیای داهێنان و بەرەو پێشچوونیان هەبێت کەم دەکات یاخود دەرناکەوێت لە کوردستاندا. 

 

"کار بکەن و پشت بە خۆتان ببەستن"                                   

دێکان یەکێکە لەو ژنانەی کار دەکات ماوەی سێ ساڵە، دەرچووی زانکۆیە لە بەشی دارایی و بانک، باس لەوە دەکات پێویستە ژنانی گەنجیش وەک کوڕان کار بکەن، دەشڵێت: " ئامانجم ئەوەیە داهاتی خۆمم هەبێت و ئەو ئاواتانەی هەمە پێی بگەم، و ببمە خاوەن کاری خۆم لە داهاتوودا" دێکان ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی کاردا ڕووبەڕووی تانە و توانج دەبنەوە بەڵام ناکرێت ئەو کردەوانە بیانوەستێنێت لە کارکردن و دەڵێت: "پێویستە بەهێز بین".

بەهەمان شێوەی ئەوانی تر نورا خوێندکارێکە و لەپاڵ خوێندنەکەیدا هەوڵی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بەردەوامە، پەیامی خۆی بۆ ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن دەنێرێت و دەڵێت" کار بکەن و پشت بە خۆتان ببەست، با ڕێگری کردن لە کار کردنی ژنان و زوو بەشودانی ژنانی گەنج نەمێنێت، ڕەخنە گرتنی کۆمەڵگە لەسەر من وەک ژنێک کە کار دەکەم ساردم ناکاتەوە لە کار کردن"، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت خوێندنەکەم ڕێگر نەبووە لە کار کردنم و من بەردەوام دەبم.

 

ت.پ