تەمامزەر: هەر کاتێک ژنان دەست بکەن بە کارکردن درەنگ نییە

تەمامزەر، ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ئێستادا کاری فرۆشیاری بۆ ئەو جل و پێداویستیانە دەکات کە لەگەڵ ژنانی هاوپیشەی ڕازاندویانەتەوە و دەڵێت هیچ ساتە وەختێک بۆ دەستبەکاربوون درەنگ نییە، چونکە ژنان توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکیان هەیە.


تەمامزەر، ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، و کاری فرۆشیاری بۆ ئەو جل و پێداویستیانە دەکات کە لەگەڵ ژنانی هاوپیشەی ڕازاندویانەتەوە و دەڵێت هیچ ساتە وەختێک بۆ دەستبەکاربوون درەنگ نییە، چونکە ژنان توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

تەمامزەر توبا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ولە شاری سنە نیشتەجێیە، ئەم ژنە لە شارەکەی خۆی کاری ڕازاندنەوەی جلی کوردی ژنان دەکات کە مۆرکی نەتەوەی کوردە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کارگەکەیدا ٤٠ ژن کار دەکەن و لە باشوری کوردستان بەرهەمەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەفرۆشێت، تەمامزەر بە ژنهای ڕاگەیاند هیچ ساتەوەختێک بۆ دەستبەکاربوونی ژنان درەنگ نییە.

ئەم ژنە ماوەی ١٠ ساڵە دەستی بەم کارە کردووە، هەروەها بۆ ماوەی ٦ ساڵە لە ڕۆژهەڵات کارگەیەکی تایبەتی بەم بوارە داناوە و بێبەرامبەر ئەو ژنانە فێردەکات کە نازانن و ئارەزووی کاری ڕازاندنەوەی جل و بەرگی کوردییان هەیە، پاش فێربوونیان تەمامزەر لە کارگەکەدا کاریان پێدەدات و ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێستادا دەست بەکاربوون زیاتر لە ٤٠ ژنە.

تەمامزەر باس لە کارەکانیان دەکات و دەڵێت خۆم و ئەو ژنانەی لە کارگەکەدان کارەکانمان بەشێکی لەناو کارگە و بەشێکی دیکەشی لە ناو ماڵەکانمان ئەنجام دەدەین، بەمەش هەم دەتوانین کارەکانمان ئەنجام بدەین و ماڵەکانیشمان بەڕێوە بەرین.

تەمامزەر لە ساڵی ٢٠١٩دا پارچە چنراوەکانی ئەو ژنانەی هێنایە باشووری کوردستان و لە یەکێک لە بازارە داخراوەکانی سلێمانیدا پارچەکانی فرۆشت، ئەم ژنە فرۆشیارە دەربارەی ئامانجی کارەکەی وتی "پێم خۆشە جلوبەرگی کوردی هیچ کاتێک لەیاد نەکرێت و بناسێنرێت بە هەموو دونیا"

ئەم خاوەنکارە باس لە ماندوو بوونی خۆی دەکات و دەڵێت کاتێک کۆتای کارەکەی دەبینێت ماندوویەتی لە یاد دەکات، پەیامیشی بۆ ژنان ئەوە بوو کە ئەگەر خۆیان بیانەوێت دەتوانن هەموو کارێک ئەنجام بدەن، ژنان پێویستە پشت بە خۆیان ببەستن و هەرکاتێک دەستبەکار بکەن درەنگ نییە.