خوانی ئالا؛ ناوەندێک کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت

خوانی ئالا دوای دوو ساڵ کارکردن، کارەکەیان فراوانتر کردووە، سەردانیکارێکی خوانی ئالاش دەڵێت: کە دەچیتە ئەو شوێنانەی ژن بەڕێوەی دەبات هەست بە پاكوخاوێنی دەکەیت.

شیا كۆیی

 

کۆیە- خوانی ئالا، خواردنگەیەكی شارۆچکەی كۆیەیە و خاوەن و سەرجەم كارمەندەكانی ژنانن، ماوەی دوو ساڵە کار دەکات و لە ئێستاشدا بە شێوازێكی مۆدێرنانە كارەكەیان فراوانتر كردووە.

 

ئالا شوان، خاوەنی خواردنگەی ئالا، سەبارەت بە تایبەتمەندیی و هۆكاری فراوانکردنی خواردنگەکەی بۆ نوژنها وتی: خەڵکێکی زۆر ئاشنایە بە خواردنگەی ئالا، كە ماوەی دوو ساڵە ئەو خواردنگەیەم داناوە و یەکەم ژن بووم لە سنووری شاری کۆیە کە خواردنگەیەک بکاتەوە و کارمەندەکانی هەموو ژن بن. شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە توانیم بەردەوام بم و ئەمڕۆ خواردنگەکە فراوانتر بکەم و بەشێوەیەکی جیاواز بیکەمەوە، تایبەتمەندی خوانی ئالا ئەوەیە خاوەنەکەی و شێف و سەرجەم کارمەندەکانی ژنن و ژنان بەڕێوەی دەبەن.

 

لە بارەی جۆری خواردنەکانیشەوە ئالا شوان وتی: خوانی ئالا سەرەتا تەنیا خواردنی ڕەسەنی کوردەواری بوو، بەڵام لەمەودوا هەمو جۆرە خواردنێک و شیرینی و کافێشمان هەیە، کارەکەمان فراوانتر کردووە و ژنانی زیاتر کاری تیادا دەکەن، ژنان توانای باشیان هەیە و هەوڵی زۆر دەدەن و گرنگی بە سەرکەوتنی خۆیان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەیەکی باش و چاویان لەوە نییە پیاو خەرجییان بکات.

 

شیلان سیامەند یەکێك لە میوانەکانی خوانی ئالایە و خۆشحاڵە بە کردنەوەی خواردنگەكە و دەڵێت: زۆر گرنگە خواردنگە ژن بەڕێوەی ببات، بەڕای من خواردنگەیەک کە ژن بەڕێوەی دەبات زۆر جیاوازترە لەوەی پیاو بەڕێوەی ببات، کە دەچیتە ئەو شوێنانەی ژن بەڕێوەی دەبات هەست بە خاوێنی دەکەیت و زۆر دڵنیایت لە پاکوخاوێنییەکەی.

 

ژیوەر حسێن، کارمەندێكی خوانی ئالایە و دەستخۆشی لە خاوەن كارەكەی دەکات و دەڵێت: بەهۆی ئەو خواردنگەیەوە چەندین هەلی كار بۆ ژنان ڕەخساوە و ئێمە ١٠ ژن لەو خواردنگە هەلی کارمان هەیە. 

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ژن زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا لە کارێک وەسف بکرێت، چونکە ژن جگە لەوەی لە ماڵەوە کار دەکات دەتوانێت لە دەرەوەش کار بکات.