لە وەرزی خۆیدا عەفرین ناتوانێت زەیتوون بچێنێت

دانیشتوانی شێراوای عەفرین بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە ناتوانن بچنە ناو خاکەکانیان و زەیتوونەکانیان بچێنن.

حەسنا محەمەد

شەهبا- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و گروپە چەکدارەکانی سەربە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرینیان داگیرکرد  بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ٤٤ هەزار داری زەیتوون لەلایەن چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورکەوە بڕدراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش دەکرێتە سەر دانیشتوانی ناحیەی شێراوا کە دەیانەوێت زەیتوون کۆ بکەنەوە لە وەرزی زەیتون و بەهۆی بۆمباران و تەقەکردنەوە ناتوانن بچنە ناو زەوییەکانیان، ژنانی ناوچەی شێراوا کە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد ئاماژەیان بەوەکرد کە بەهۆی بۆمبارانی ڕۆژانەوە ناتوانن بچنە ناو خاکەکانیانەوە.

 

ساڵانێکە نەچوونەتە ناو خاکی خۆیانەوە

نارین محەمەد عەلی، دانیشتووی گوندی سوخۆنەکی سەر بە شارۆچکەی شێراوای عەفرینە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان سەرەڕای هێرشەکان لە گوندەکانیان دەژین، بەڵام بەهۆی هێرشی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە ناتوانن زەیتوونەکانیان بچێنن و بچنە ناو زەوییەکانیان، وتی: "هەموو ساڵێک لە کاتی کشتوکاڵدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئاگر لە کێڵگەکان بەر دەدەن و دەیسوتێنن،  ئێمە نزیکەی یەک هەزار و ٥٠٠ داری زەیتوونمان هەیە وەرزی زەیتون بژێوی ئێمە بوو، بەڵام ئێستا ناتوانین ئەو کارە بکەین داواکاری ئێمە ئەوەیە کە ئەم شەڕە بوەستێنرێت و بتوانین بێ ترس بچیتە ناو خاکەکانمانەوە".

 

"زەیتوون سیمبولی عەفرینە"

هاوڵاتییەکی گوندی خیرێبک، مەدیحە شێخ خەلیل، باسی لە هێرشی گروپە چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک کرد و ئاماژەی بەوەکرد هەرچەندە داواکاری دەوڵەتی تورک بۆ چۆڵکردنی هەرێمەکە بە گشتی خەون و ئامانجەکانی ناپێکێت، وتی: "دروشمی ئێمە لە ژیاندا یان مردنێکی شکۆدارە یان سەرکەوتنە، دەستبەرداری هەموو شتێک نابین لە خاکەکەمان، زۆربەی زەوییەکانی شێراوا لەژێر دەستی چەتەکاندایە یان لەسەر هێڵی سنوورن، خەڵکەکە ناتوانن بچنە ناوەوە"، ئەو زۆر ئازار دەچێژێت کاتێک ناتوانێت بچێتە ناو زەیتوونەکان و وتیشی: "زەیتوونەکان سیمبولی عەفرینن".

 

"ئەوان بە گولـلە هێرش دەکەنە سەرمان"

نازیلیە عومەر جمۆ باسی لە هاتنی وەرزی زەیتوون کرد و وتی: "ئێمە بۆ ماوەی پێنج ساڵە نەمانتوانیوە زەیتی زەیتون بخۆین ئەردۆغان و چەتەکانی زەیتوونەکانمان دەدزن، هەروەها داری زەیتوونی پیرۆز دەبڕن و داری ئاگرین دەفرۆشن، ناتوانین بچینە ناو کێڵگەکان و زەویەکانمانەوە بۆ خزمەتکردن  چنینەوەی بەروبوومەکانمان، ئێمە تەنها جارێک چووینە ناو خاکەکانمان و چەتەکان بە گولـلە هێرشیان کردە سەرمان، بەڵام هەتا دوا هەناسەمان لە گوندەکەمان بەرخۆدان دەکەین".

 

"خۆزگە جارێکی تر دەگەڕاینەوە ناو خاکەکانمان"

زۆزان حەبەش هاوڵاتییەکی ناوچەی مابێتای عەفرینە و ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆی کۆچی کردووە بۆ کامپی بەرخۆدان لە شەهبا و بە گەیشتنی وەرزی زەیتوون باس لە ڕۆژانی خۆی لە عەفرین کرد و وتی: "لە عەفرین ژیانێکی ئارام هەبوو، لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکاندا کۆچمان کرد بۆ شەهبا و لە کامپەکاندا ژیاین، ئەمە مانگێکی زۆر بە ئازارە بۆ خەڵکی عەفرین بەهۆی مانگی زەیتوونەوە لەم مانگەدا هەموو خەڵکی عەفرین دەڕۆیشتن بۆ ناو کێڵگەکان، بەڵام ئێستا لە شەهبا بەو شێوەیە ناژین، چونکە داری زەیتوون زۆر کەمە،  ئێمە لە دار زەیتونەکان سودێکی زۆرمان وەرگرت، بە ڕۆحێکی هاوبەشەوە پێکەوە دەچوینە ناو زەوی و بە خۆشحاڵییەوە زەیتوونەکانمان کۆدەکردەوە خۆزگە جارێکی تر دەگەڕاینەوە سەر خاکەکانمان و بە ئارامی بەرهەمەکانمان کۆ بکردایەتەوە".