لە تاکە خانەیەکەوە بۆ پڕۆژەیەک؛ ژنێکی دێرەزوور سەرکەوتن تۆمار دەکات
لە ناوچەیەک زۆرینەی گوندنشین، ژنێکی هاوڵاتی گوندنشینی دێرەزوور، بە بەدەستهێنانی خۆبژێوی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک ژن، چیرۆکێکی سەرکەوتنی لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا داڕشتووە.

زەینەب خەلیف
دێرەزوور- چیرۆکەکە بە ڕێکەوت دەستیپێکرد، کاتێک شانە هەنگێک لە ژوورێکی بچووکدا لە ماڵی بنەماڵەی ڕەوزە سەمحان دانرا، ئەو ساتە سۆزێکی لێکەوتەوە کە وای لێکرد قووڵبێتەوە لە جیهانی هەنگەکاندا، فێربوون و گەڕان بەدوای وردەکارییە ئاڵۆزەکانیدا، سەرپێچی لە سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و ڕاستی دەوروبەری بکات.
بەبێ هیچ پشتیوانییەک و بە ئیرادەی کەسی، ڕەوزە سەمحان پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی هەنگوینی تەواو یەکگرتوی دەستپێکرد، ئەوە تەنها بازرگانیەک نەبوو، بەڵکو سەکۆیەک بوو بۆ بەهێزکردنی ژنانی گوندەکەی، هەلی کاریان بۆ ڕەخساند و بەرهەمەکانی لە پێشانگە ناوخۆییەکان نمایش دەکرد.
ڕەوزە سەمحان بە سەرکەوتنە تاکەکەسییەکانی خۆی ڕازی نەبوو، بەڵکو کردی بە دەروازەیەکی هیوا و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ژنانی دەوروبەری، چیرۆکەکەی گۆڕی بۆ نمونەیەکی ئیلهامبەخشی پێشەنگایەتی و بەهێزکردن.
ڕەوزە سەمحان، ئەندامی کۆمەڵەی هەنگەوانان لە شارۆچکەی هەجین، یەکێکە لە یەکەم ژنانی ناوچەکە کە خۆی دەخاتە بواری هەنگەوانییەوە، بوارێک کە لە مێژە دۆمەینی تایبەتی پیاوان بووە، یان دوورە لە نیگەرانییەکانی ژنانی گوندنشین کە لە خەباتدان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا.
"لە سفرەوە دەست پێدەکات و بە ڕێکەوت بەڕێوە دەچێت"
ڕەوزە سەمحان سەرەتاکانی خۆی دەگێڕێتەوە، هێشتا خوێندکاری ئامادەی بوو و کشتوکاڵی دەخوێند کاتێک یەکەم شانە هەنگ بە ڕێکەوت هاتە ناو ژیانیەوە، وتی: لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ یەکێک لە خزمەکانمان شانە هەنگێکی بۆ ناردین و لە ژوورێکی بچووکدا دامان نا، هیچمان لەو بارەیەوە نەدەزانی، سەرەتا پێم وابوو مێروویەکی زیانبەخشە، بەڵام هەستم بە کنجکاوییەکی قوڵ کرد سەبارەت بەم بوونەوەرە سەرسوڕهێنەرانە، چۆن کاردەکەن و چۆن هاوکاری یەکتر دەکەن و چۆن بەرهەمی دەهێنن؟
ئەوەی وەک کنجکاوی دەستی پێکرد، گۆڕا بۆ خولیایەکی ڕاستەقینە کە وای لێکرد داوای لە ئەندازیارانی کشتوکاڵ بکات و هەموو ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیدایە بخوێنێتەوە، بۆی دەرکەوت کە ئەم شانە دەتوانێت سەرەتای پڕۆژەیەکی ئابووری ڕاستەقینە بێت.
تەنها چەند مانگێک تێپەڕی تا یەکەم شانەی لەدەستدا بەهۆی بەرکەوتنی هەنگەکان بە قڕکەری کیمیای کە لە کێڵگە پەتۆییەکانی نزیکدا بەکاردەهێنرێن، سەرەڕای بێزارییەکەی، ڕەوزە سەمحان وازی لێ نەهێنا، ئەمەش تەنها ئیرادەی ئەوی بۆ تێگەیشتن و کارکردن و بەرهەمهێنان زیاد کرد.
"ئەزمون بە تێپەڕبوونی کات دروست دەبێت"
بەهۆی کەمی سەرچاوە و پشتیوانی، ڕەوزە سەمحان بڕیاریدا شانە هەنگێکی نوێ بکڕێت، هەرچەندە لەو کاتەدا گران بوو، وتی: نزیکەی ٢٠٠ دۆلاری تێچوو، کە ئەمەش بۆ من پارەیەکی زۆر بوو، بەڵام دڵنیا بووم ئەم پڕۆژەیە شایەنی هەوڵەکانە.
داوای شارەزای ناوخۆی لە هەنگەوانێکی ناسراوی ناوچەکە کرد، کە ڕێنمای زانستی بۆ دابین کرد و پێشنیاری کرد کە پەیوەندی بە کۆمەڵەی هەنگەوانانەوە بکات، لەوێ دەستی کرد بە فێربوونی زیاتر دەربارەی چاودێری هەنگ، چاودێریکردنی شانە، بەرهەمهێنانی هەنگوین و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی و حاڵەتە فریاگوزاریەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە هەر پێنج شەش ڕۆژ جارێک شانەکەم دەکردەوە و چاودێریم دەکرد و قۆناغەکانی گەردەنکردنم بەدوادا دەهات و تەندروستی شاژنەکەم مسۆگەر دەکرد، وەک ئەوەی بەشێک بن لە خێزانەکەم مامەڵەم لەگەڵ هەنگەکاندا دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە هەر پێنج شەش ڕۆژ جارێک شانەکەم دەکردەوە و چاودێری نەمامگەم دەکرد و پرۆسەی گەردەنکردنم پەیڕەو دەکرد و دڵنیابوومەوە لە باشبوونی شاژنەکە، مامەڵەم لەگەڵ هەنگەکاندا وەک ئەوەیە کە بەشێک بن لە خێزانەکەم.
لە پێشانگای هەنگوینەوە بۆ براندی ناوخۆی
بە تێپەڕبوونی کات ئەنجامی پڕۆژەکە دەستی بە دەرکەوتن کرد، و بەرهەمهێنانی هەنگوین باشتر بوو، متمانەی ڕەوزە سەمحانیش زیاتر بوو، بڕیاریدا بەشداری لە یەکەم پێشانگای هەنگوینی ناوخۆییدا بکات کە لەلایەن کۆمەڵەکەوە ڕێکخرابوو، کە ئەمەش خاڵی وەرچەرخانێکی لە ژیانی پیشەییدا بوو.
ڕوونیشیکردەوە، کە بەرهەمە هەنگوینییە کوالیتی بەرزەکانی خستۆتە بازاڕەوە و خواستێکی زۆری لەلایەن کڕیارانییەوە بەدی کردوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر ناوچەکەی، پاشان فراوانتر بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوچەکانی دراوسێی، هەندێکجار ڕووبەڕووی خواستی زیاتر بووەوە کە لە دابینکردنی بەردەستی زیاتر بوو.
هەنگ بەخێوکردن لە تەنها خولیایەکەوە گۆڕا بۆ چالاکیەکی ئابووری تەواو کە پاڵپشتی خێزانەکان دەکات و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەکەیان بەهێز دەکات و سەرچاوەیەکی سەقامگیری داهات لە ژینگەیەکدا دابین دەکات کە لە ڕووی دەرفەتە ئابوورییەکانەوە بە یەکێک لە هەژارترینەکان دادەنرێت.
"هەنگ و ژن... لێکچوون لە کار و توانای بەخشین"
ڕەوزە سەمحان هەنگەکانی نەک تەنها وەک ئامرازێکی قازانج دەبینی، بەڵکو وەک خوێندنگەیەکی تەواو لە بنەما و بەرهەمهێنان و هاوکاریدا دەبینی، ئەو هەنگی کارکەری وەک وێنەیەکی ئەو ژنە گوندنشینە خۆڕاگر و بەرهەمدارە دەبینی کە هەرگیز لە بەخشین نەوەستاوە، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخدا، وتی: هەنگ بە هێمنی و بە سەبرەوە و بە وردی کاردەکات، گلەی و پاشەکشە ناکات، تەنها شانە بەرهەم دەهێنێت و خزمەت دەکات، ئێمەی ژنانیش بە هەمان شێوە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان بە بێدەنگی کار دەکەین و زۆر شت بەدەست دەهێنین، سەرەڕای پەراوێزخستن.
لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەکە، ڕەوزە سەمحان دەستیکرد بە دامەزراندنی ژمارەیەک ژن لە وەرزی لوتکەدا، بەتایبەتی لە وەرزی کۆکردنەوە و ڕیزکردنی هەنگویندا، کە ئەمەش کاریگەری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی بە پڕۆژەکەی بەخشیوە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ژنانی دیکە و دابینکردنی سەرچاوەیەکی داهات، تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت.
ئاواتەخوازە پڕۆژەکە فراوانتر بکات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی مۆم و جەلی شاهانە و ڕەگ لەخۆبگرێت، ئەمە جگە لەوەی کۆبوونەوەی هۆشیاری بۆ ژنان سەبارەت بە هەنگەوانی و ئەگەری چوونە ناو ئەم بوارە دابین دەکات.
سەرەڕای کەمی سەرچاوەکانی و ڕاستیە سەختەکانی، ڕەوزە سەمحان سەلماندی کە ئیرادەی کەسی و زانستی کۆکراوە دەتوانێت موعجیزە بکات، تەنانەت لە ناوچە لەبیرکراوەکانیشدا، ئەمڕۆ نموونەیەکی زیندووەکە ژن پێویستی بە موعجیزە نییە، بەڵکو دەرفەت و شوین بۆ دەربڕینی تواناکانی.
چیرۆکی ڕەوزە سەمحان تەنها گێڕانەوەی هەنگەوانی یان بەرهەمهێنانی هەنگوین نییە، بەڵکو چیرۆکێکی کۆڵنەدان و ئەو باوەڕەیە کە پڕۆژە بچووکەکان دەتوانن گۆڕانکاری بەرچاو لە کۆمەڵگەدا بهێنن ئەگەر کەسێک بدۆزنەوە کە لە باوەشیان بگرێت و باوەڕیان پێیان هەبێت.