لە پیرەمەگرون ژنان پێکەوە سەنتەرێکی خولی پیشەیی و دیزاینی جلوبەرگ بەڕێوەدەبەن

ژنان لە شارەدێی پیرەمەگرون وەک ژنانی هەموو شارو شارۆچکەکانی تر بەردەوام لەخۆبەرەوپێش بردندان و لەهەوڵدان لەهەموو بوارەکانی ژیاندا شوێن بگرن، کۆمەڵێک ژن پێکەوە لە "سەنتەری HF دیزان" خولی پیشەیی بۆ فێرخوازان دەکەنەوەو هەروەها دیزاینی جلوبەرگ دەکەن.

کەژان زاهیر

 

پیرەمەگرون- لە شارەدێی پیرەمەگروندا چەند ژنێکی خاوەن بەهرەی تیا دەرکەوتووە کەخاوەنی کارو پیشەیی خۆیانن لەوانە چەند سەنتەرو ڕێکخراوێکیان کردۆتەوە، یەکێک لەو سەنتەرانە "سەنتەری   HFبۆ دیزاین" بۆ دروست کردنی مۆم و سابون و ڕاهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان و ژنانی ناوچەکەیە.

 

بەهۆی ئەو سەنتەرەو چەندین سەنتەرو ڕێکخراوی ترەوە، ژمارەیەک ژنی سنوورەکە بوونەتە خاوەنکارو فێری پیشەیەک بوون، چونکە گەیشتوون بەوەی کە ژن خاوەنکارو ئابووری سەربەخۆی خۆی بێت ئەوا دەتوانێت خۆی بەرەوپێش ببات، هەروەها هەموو ئەو ڕێگرییانە بشکێنن کە بەربەست بوون لەبەردەم کارکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کاردا یان هەر بوارێکی دیکەدا.

 

 فەریدە حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری سەنتەری HF بۆ دیزاین" لە شارەدێی پیرەمەگروون کەدەرچووی بەشی تەلارسازییە لەزانکۆی سلێمانی، ئەزموونی ۱۰ ساڵ کارکردنی هەیە لەبوارەکەدا، ماوەی ساڵێکە ئەم سەنتەرەی کردۆتەوە ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر بەشداربوو سودمەندبوون لەسەنتەرەکەیداو لەئێستادا دوو ژن لە سەنتەرەکە کاری لەگەڵدا دەکەن و بەردەوام خول و ڕاهێنان بۆ فێرخوازان دەکاتەوە وتی: ئامانجم لەکردنەوەی ئەم سەنتەرە هەلی کار بۆ ژنان و گەنجانی شارەدێکەو سنوورەکەیی بڕەخسێنم، لەئێستادا دەرچوویەکی زۆری پەیمانگەو زانکۆکان هەن و بێ ئیش و بێ کارن کەدەرفەتی کاریان زۆر کەمە، لە کردنەوەی ئەم سەنتەر و خول و ڕاهێنانە یارمەتیان بدەین و ببنە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان.

 

"ئەگەر ژن خاوەنکار بێت بۆ خۆی و ناچەکەشی گرنگە"

فەریدە حەمە ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژن خاوەن کاری خۆی بێت زۆر گرنگە لەڕووی باری ئابووریەوە بۆ خۆی و ناوچەکەشیم دەبێتە هۆی زیاتر برەودان بەخود و ژنان و وردە وردە هەوڵی کاری خۆیان دەدەن، لە سەرەتادا ڕێگری هەیە بەڵام بەپێی کەسەکەو دەرکەوتنی چەند کەسێک ئەو ڕێچکەیە بشکێنن ئەو ڕێگریانە کەم دەبێتەوە، دەرفەتی کارو هاتنە دەرەوەیان زیاتر بۆ دەڕەخسێت، لە لایەنە کارگێڕییەکەشەوە تاڕادەیەکی باش هاوکاری ئەو ژنان کە دەیانەوێت ببنە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشیخستەڕوو کە لایەنی ئیداری شارەدێی پیرەمەگرون و شارۆچکەی دوکان زۆر هاکاری بوون، بەوەی زۆر هاوکاری ژنان دەکەن تا ببنە خاوەن کارو پڕۆژەی خۆیان، لەپای ئەو هەوڵ و ماندووبونانەی نازناوی حەپسەخانی پیرەمەگرونیان لێناوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسانەی کرد کە هاوکاری بوون.

 

خۆشحاڵن کە خاوەن کارەکەیان ژنە

نەرمین فەرەیدون یەکێک بوو لەبەشداربووانی خول و ڕاهێنانەکەنی "سەنتەری HF دیزاین" وەک خۆی وتی: زۆر سودی لەخول و ڕاهێنانەکان وەرگرت، بەهۆی ئەم سەنتەرو ڕاهێنانەوە چەند فێرخوازو ژنێک بوونەتە خاوەن کارو پیشەیی خۆیان.

 

هەروەها سوپاسی فەریدە حەمەئەمینیان کرد کە زۆر هاکاریان بووەو زۆر خۆشحاڵن کە مامۆستاو خاوەن کاریان ژنێکە چۆن بیانەوێت پرسیاری دەربارەی کارەکەی لێ دەکەن و بەشێوەیەکی زۆر باش وەڵامییان دەداتەوە.