لە مەراسیمێکدا ١٠ ژنی شاری سلێمانی خەڵاتکران
کۆمەڵەی زامی کوردستان ١٠ ژنی چالاکوان و کاسبکاری شاری سلێمانی هەڵبژارد و لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشكردن.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی کتێبخانەی جەمال عیرفان، بەبۆنەی پیرۆزکردنی ٨ی مارسەوە، ڕیکخراوی زامی کوردستان، لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ١٠ ژنی چالاکی شاری سلێمانی، ئەو ژنانەش چالاکوان، سیاسەتمەدار، خاوەنکار، ژنانی تێکۆشەری سەردەمی شاخ و ژنانی شاری سلێمانی بوون.
لە سەرەتادا چالاکوان ئاڵا کەمال لە وتاری دەستپێکدا، باسی مێژووی ٨ی مارس و توندوتیژییەکانی سەر ژنان و ڕۆڵی ژنانی لە شۆڕشە یەک لەدوا یەکەکەندا کرد و بەراوردی لە ڕەوشی ژنانی کرێکار لە کارگەکانی کۆن و ئێستادا کرد و وتی: "بڵێسەی ئاگری کارگەکان لە ویلایەتی ئەمریکاوە تەشەنەی سەند و تا بەدەستخستنی هەندێک لە مافەکان بەردەوام بوو، بەڵام بارودۆخی ژنانی کرێکاری کورد لە ئێستادا بەراورد بە ١٩٥٠ خراپتر بووە، ئەو ئامارانەشی لەبەردەستدان ئەوە دەردەخەن، ژنانی کرێکار ١٦ کاتژمێر کار دەکەن بەهەمان موچە لەکاتێکدا یاساکان باس لەوە دەکەن دەبێت کارکردن ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت".
هەر لە مەراسیمەکەدا بەیان ئیبراهیمی شاعیر، چەند پارچە شیعرێکی خوێندەوە و لە کۆتایشدا خەلاتی ڕێزلێنان بەسەر ١٠ لە ژنانی شاخ و هونەرمەند و کاسبکاری شاری سلێمانی بەخشرا، لە پای هەوڵ و ڕەنجەکانیان.
ت.پ