ژنان چاندنی زەعفەران لە کرماشان گەشە پێدەدەن

ژنانی کرێکار و خاوەنکار لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کشتوکاڵی کرماشان و چاندن و دروێنەکردنی زەعفەران هەبووە، بەجۆرێک کە لە قۆناغی دروێنەکردندا نزیکەی تەواوی پرۆسەکە لە ژێر بەرپرسیارێتی ژناندایە.

 

 

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- چاندنی زەعفەران لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای کرماشان وەک دیاردەیەکی نوێ سەریهەڵدا و لە ئێستادا بەشێک لە شارەکانی پارێزگای کرماشان زەعفەرانی تیایدا دەچێنرێت، یەکێک لەو ناوەندانەش گوندی سەرفیروزئابادی سەر بە شارۆچکەی "هەڵەشی"یە لە پارێزگاکە.

 

سەرفیروزئاباد بەشێکە لە دەڤەری لەکستان و خەڵکی ئەم ناوچەیە خەڵکی عەشیرەتی زەنگانە و لەکن و باوەڕیان بە شیعە و ئایینی یارسانە، سەرەڕای کەمی ژمارەی دانیشتووانی شارەکان، هەڵشی دانیشتووانی گوندنشینی زۆرە و زیاتر لە ١٢٠ گوندی هەیە و بوونی دەشتە بەرفراوان و بەپیتەکانی وایکردووە زۆرینەی دانیشتوانی شار و گوندەکانی خەریکی کشتوکاڵ بن، کە ئاویان لە ناوچەی حەوزی دوو ڕووباری سیمرە لە پارێزگای ئیلام و قوڕەسوو لە پارێزگای کرماشانەوە بۆ دێت.

 

گەنم، جۆ، نۆک، چەوەندەر، گەنمەشامی، گوڵەبەڕۆژە، کەرەوز و جۆرەکانی تری بەرهەمی هاوینە لە بەرهەمە کشتوکاڵییە باوەکانی ئەم هەرێمەن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا چاندنی بەروبوومی تازە لەم ناوچەیەدا بووەتە جێی بایەخ، ئەویش چاندنی "زەعفەران"ە، کە بەرهەمێکی بەنرخ و گرانبەهایە بەهۆی تایبەتمەندییە چارەسەری و خواردن و پیشەسازییەکانییەوە، بە هۆی دەگمەنییەکەیەوە زەعفەران تەنها هاوردە دەکرێتە وڵات، بەڵام پاریزگای کرماشان بە چاندنی زەعفەران و بەرهەمهێنانی ئاڕاستەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە دەگۆڕێت و خۆی دەبێتە بەرهەمهێن.

 

بەهۆی ئەوەی زەعفەران بەرهەمێکە پێویستی بە ئاوی زۆر نییە، هەروەها بەهۆی گەرمبوونی جیهان و وشکەساڵی یەک لە دوای یەک و کەمی ئاو، گرنگی و لەباری چاندنی ئەو جۆرە بەرهەمانە لە پارێزگاکەدا دەرکەوتووە، لەم دۆخەدا چاندنی زەعفەران بەدیلێکی گونجاوە بەرامبەر چاندنی ئەو بەرهەمانەی ئاویان پێویستە، وەک هەموو جۆرە سەوزەیەکی هاوینە، چەوەندەر، گەنمەشامی، گوڵەبەڕۆژە و ..هتد، لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی چاندنی ئەم بەرهەمە لە پارێزگای کرماشان، ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان بینیوە و ئەمەش داهێنان و دەستپێشخەری و مەترسی گرتنەبەری ژنان نیشان دەدات.

 

چنور محەمەدی، خەڵکی شاری ڕەوانسەرە وەک یەکێک لە پێشەنگانی خاوەنکارانی ئەو پارێزگایە، یەکێک بوو لە یەکەم جووتیارانەی پارێزگای کرماشان کە دەستی بە زەعفەران چاندن کرد، لە دوای سەرکەوتنی چنوریشەوە چەندین جووتیاری دیکە لە ناوچەکانی شاباد، سەحنە، سەنقر، سەرفیروزئاباد دەست بە چاندنی زەعفەران بکەن.

 

ژنانی کرێکار لە قۆناغە جیاوازەکانی چاندن و پاراستن و دروێنەکردنی ئەم بەرهەمەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، بە شێوەیەک کە لە قۆناغی دروێنەکردندا نزیکەی تەواوی پرۆسەکە لە ژێر بەرپرسیارێتی ژناندایە، بەهۆی هەستیاری گوڵی زەعفەران و دروێنەکردنی، هێشتا کاری مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا بە میکانیزەکردن و کشتوکاڵی میکانیزەکراو جێی نەگرتووەتەوە و ئەم کارە لەلایەن ژنانی ناوچەکەوە لە گوندی سەرفیروزئاباد و دەشتە بەرفراوان و بەپیتەکەی ئەنجام دەدرێت، ئەم ژنانە کە وەک گروپ خۆیان ڕێکدەخەن، هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەمدا زەعفەران دەچێنن.

 

دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت، کە وەک زۆربەی بوارەکانی کار و بازاڕ لە ئێران و جیهان، حەقدەستی ژنان کەمترە لە پیاوان و ئەمەش کاریگەری لەسەر کاری ژنان لەو بوارەدا هەبووە، بەڵام بە وتەی جووتیارانی ناوچەکە، ژنان وریاتر، هەماهەنگ و بەرپرسیارترن لە کار و بواری کشتوکاڵ و هەروەها پەیوەندی نزیکتریان بە زەوی و سروشت و ژینگەوە هەیە، بە وتەی یەکێک لەو ژنە کرێکارانە لە کێڵگەکانی زەعفەرانی سەرفیروزئاباد، ئەمساڵ دووەم ساڵە بەرهەمی زەعفەران لەو زەویانەدا دەچێنرێت و ژنان لە زۆربەی قۆناغەکانیدا ڕۆڵێکی دیار دەگێڕن، بەڵام حەقدەستەکان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان کەمن، یاخود حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا نادرێت و کاتی کاریان بۆ زیاد دەکرێت، نەبوونی بیمەش یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی کرێکار دەبێتەوە.