کۆمەڵگەی چەقبەستوو نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم کارکردنی ژنان

ژنانی شارۆچکەی چەمچەماڵ بە هەمان شێوەی ژنانی ناوچەکانیان دیکە بە پشتبەست بە خۆیان دەستیان کردووە بە کاری سەربەخۆ، چیا تاریق دەڵێت"پێویستە بۆ دەستکەوتنی کار بچینە دەرەوەی ماڵ".

شنیار بایز

 

چەمچەماڵ- شارۆچکەی چەمچەماڵ بە بەراورد بە سالانی ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەگەڵ بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتێکی چەقبەستوو، بەڵام پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیووە، لە ئێستادا ژنان لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوەو کاری سەربەخۆ دەکەن، پشت بە خۆیان دەبەستن و  گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نادەن، تواناکانیان کۆکردۆتەوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵەکان.

 

"ماوەی شەش ساڵە وەک فرۆشیارێکی خوێندنگەیەکی چەمچەماڵ کاردەکەم"

چیا تاریق، دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵە، پڕۆسەی خوێندنی لەو شارۆچەکەیە درێژەپێداوە، تا گەیشتووەتە بەشی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٧دا بڕوانامەی بەدەستهێناوە، لەگەڵ تەواوکردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ بەهۆی دانەمەزراندنەوە چیا ڕاستەوخۆ دەستی کردووە بە کارکردن لە فرۆشگای یەکێک لە خوێندنگەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ.

 

ماوەی شەش ساڵە لەو فرۆشگایەدا کار دەکات، نەک تەنها یەک دەوامی خوێندنگەکە بەڵکو دوو دەوام بەڕێدەکات، دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی لە فرۆشگای خویندنگەیەکدا و هەڵبژاردنی ئەو پیشەیە ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ خزمێکیدا دەستیان کردووە بەو کارە و حەزی بە خزمەتکردنی خوێندکاران بووە.

 

"لەگەڵ کارکردنمدا، بەڵام هیوام وایە لە بوارەکەی خۆمدا کاربکەم"

چیا بەیانیان کاتژمێر ٨ لەسەر کار دەبێت و تا ٤ی پاش نیوەڕۆ کار دەکات، بەهۆی دوری ماڵیان لە شوێنی کارەکەی ڕۆژانە ڕێگەیەکی دوور دەبڕێت تا دەگاتە شوێنی کارەکەی وتی "ئەو خواردنانەی ئامادەی دەکەین بۆ خوێندکاران بریتین لە بریانی، لەفە و زەڵاتە"، جگە لەوانە پاکردنەوە دەکەن و کەلوپەلەکان ڕێکدەخەن، دەبێت لە ماوەی کاتی پشووی خوێندکارەکاندا خواردنەکان بفرۆشن بۆ ئەوەی نەمێنێتەوە.

 

چیا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە ئێستادا خاوەن کاری خۆیەتی بەڵام بێهیوا نەبووە لە کاری بنچینەی خۆی و ئەو بوارەی زانکۆی تیادا تەواو کردووە بۆیە کاتێک فۆڕمێک یاخود دامەزراندنێک هەبێت چیا هەوڵی بۆ دەدات لە پێناو کارکردن لە بوارەکەی خۆیدا کە پەلەوەرییە.

 

"بنچینەی کارکردنی ئێمە پاکوخاوێنییە"

دەربارەی مامەڵەی خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەکە چیا تاریق باسی لەوەکرد، خوێندکاران بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، هەروەها مامۆستایان وەک هاوڕێی خۆیان تەماشای دەکەن و ڕێزی دەگرن، پێی دەڵێن، تۆش هیچ جیاوازییەک نییە لەگەڵ ئێمەدا ئەگەر دابمەزرایتایە مامۆستایەک بوویت وەک ئێمە، نەک تەنها خوێندکارەکان بەڵکو مامۆستاکانیش خواردنەکانی چیایان بەدڵە، هەندێک کات دەیبەنەوە بۆ منداڵەکانیان.

 

چیا ئاماژەی بەوەدا، گرنگی زۆر دەدەن بە پاکوخاوێنی چونکە منداڵ پێویستە خواردنی پاک بخوات، سەرجەم ئەو لیژنانەی سەردانیان دەکەن یاخود لە کۆبونەوەی دایکان و باوکاندا هەموویان لە خواردنەکانیان ڕازین و دەزانن پاکوخاوێنن.

 

"کار نایەتە ماڵەوە بۆت بەڵکو دەبێت لە دەرەوە بە دوایدا بگەڕێییت"

چیا وەک خاوەن بڕوانامەیەکی دانەمەزراو باسی لەوەکرد، هەموو خوێندکارێک بەو هیوایە دەخوێنێت لە دواڕۆژدا کار بە بڕوانامەکەی بکات، لە پێناو خزمەتکردنی کۆمڵگە و دابینکردنی بژێوی ژیانی بەڵام کاتێک دامەزراندنیش نەبێت ناکرێت لە ماڵەوە دانیشن، دەڵێت "کار خۆی نایەتە ماڵەوە بۆت بەڵکو دەبێت خۆت هەوڵی بۆ بدەیت لە دەرەوە و بەدوایدا بگەڕێیت".

 

هەموو کەسێک حەزی بە کاری ئاسانترە بەڵام تا کارێکی قورس نەکەیت ناگەیت بە کاری ئاسان، دەربارەی کاری ژنان و پشتبەستن بە خۆیان وتی "گرنگە هەموو ژنان بێنە دەرەوەی ماڵ و کار بکەن پشت بە خۆیان ببەستن، چ کارێک لە توانایاندا هەیە یاخود هیوا دەخوازن چ کارێک بکەن، لێی نەترسن و دەستپێبکەن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی ژیانیان، پشت بە هیچ  پیاو و کەسایەتییەک نەبەستن و خۆیان پاڵپشتی خۆیان بن، لە ناو چەمچەماڵیشدا چەند ژنی لەو شێوەیە هەیە".