"دەوڵەتی تورکیا هۆکارێکە بۆ خراپبوونی دۆخی هەرێم"

دواکەوتنی مووچە و دابەشنەکردنی بووەتە هۆی خراپی دۆخی ژیان کردن و دروستبوونی هەژاری، مامۆستایەکیش دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە و پاشەکەوت کردنییەوە دۆخی ئابووری ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و پەکخستنی بازاڕەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە نەوتی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی تورکیا دەفرۆشرێت، لە بەرامبەردا ڕۆژانە خاکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیاوە داگیر دەکرێت و حکومەتی هەرێم و عێراقیش مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

 

"تورکیا هەمیشە حەزی بە شکستی کورد کردووە"

نەسرین ئەحمەد، مامۆستا ئاماژەی بەوەکرد، دواکەوتنی مووچە و کاریگەرییەکانی بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٣دا تورکیا و هەرێمی کوردستان ڕێکەوتننامەیەکیان لەسەر هەناردەکردنی نەوت واژۆ کرد، دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی هەرێـمی کوردستان نەوت بنێرێت و لە بەرامبەردا تورکیا پارە بنێرێت، تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت، بەڵام تورکیا پابەند نەبوو بەو ڕێککەوتنە و وای لە هەرێمی کوردستان کرد بکەوێتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، لە ئەنجامدا حکومەت بۆ دانەوەی قەرزەکانی پاشەکەوتی لە مووچەی فەرمانبەران کرد، تورکیاش وەکو هەمیشە حەزی بە شکست و لەناوبردی کورد کردووە و هەوڵی کۆتایی هێنانی بە شۆڕشەکانی کورد داوە، بۆیە هەر تورکیا هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە.

 

"دواکەوتنی مووچە کاریگەری لەسەر کەسانی بێ مووچەش کردووە"

نەسرین ئەحمەد ڕوونی کردەوە، هەر دواکەوتنی مووچە نییە، بەڵکو چەند ساڵێک نیو مووچەمان وەردەگرت، بەڵام فەرمانبەران هەر ڕازی بوون بەو دۆخە، من وەکو مامۆستایەک کە کەمترین مووچەم هەیە لە قوتابخانەکەمدا، بەڵام بەوەشەوە حکومەت بڕە پارەیەکی زۆری من و هەموو فەرمانبەران قەرزارە، دواکەوتنی مووچە و ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم کاریگەری کردووەتە سەر هەموو بوارەکانی ژیان.

 

وتیشی: دواکەوتنی مووچە تەنانەت کاریگەری لەسەر ئەوانەش هەیە کە مووچە خۆر نین یان خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیانن، چونکە کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و تا مووچەخۆران مووچە وەرنەگرن دوکاندار و خاوەن کارەکانیش ناتوانن سوودمەند بن، بۆیە ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕووخانی ئابوری کەسانی سەربەخۆ و بێ مووچەش.

 

"ئابووری سەربەخۆی هەرێم سوودی نەبوو بۆ فەرمانبەران"

نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، دواکەوتنی مووچە بە گشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو توێژەکان و بوارەکانی ژیان هەیە، بەڵام کاریگەریەکەی لەسەر ژنان دوو ئەوەندەیە و بەتایبەتیش ئەگەر دابینکردنی بژێوی ژیانی لەسەر بێت، ڕێژەی هەژاری ڕوو لە زیادبوونە و هەندێک خێزان تەنانەت ناتوانن ئاسانترین و هەرزانترین پێداویستییەکانیان بکڕن، فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە دڵیان خۆشبوو کە هەرێم بووە بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی و ئیتر مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرێت، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە بەرەو خراپتر ڕۆشت.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم وای کردووە هەموو فەرمانبەرێک خۆزگە بخوازێت مووچەکەی لەسەر بەغدا بوایە، لە کاتێکدا هەر حکومەتی بەغدایە بووە بە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە، دوو مانگە مووچە دابەشنەکراوە، بەڵام هاوڵاتیان بێدەنگن و حکومەتیش هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە، چینایەتی هەیە کە پەلەمانتاران بڕە پارەیەکی زۆر وەردەگرن و کارمەندانی شارەوانیش دوو مانگە مووچەیان پێ نەدراوە، لە کاتێکدا دەبوو پەرلەمانتاران لەم کاتە هەستیارەدا ئاگان لە چینی هەژار بوایە و یارمەتیان بدایە، بۆیە داوا لە هەموو توێژەکان دەکەم ڕووبەرووی بەغدا هەستین و خۆپیشاندانی مەدەنی بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دۆخە بهێنین.