هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە کرایەوە
هەفتەبازاری کشتوکاڵی لە شاری هەڵەبجە کرایەوە و بڕیارە هەموو کۆتایی هەفتەیەک بەڕێوەبچێت، تێیدا بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکانی تێدا نمایش دەکرێت و ژنانیش بەشداری بەرچاویان هەیە تێیدا.
هەڵەبجە
ئێوارەی دوێنێ ١ی تەمموز، لەژێر چاودێری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان و بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە، ژمارەیەک خاوەن دوکان و هاوڵاتیان هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی کرایەوە لە شاری هەڵەبجە کرایەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا حسێن عبدالکریم وتەبێژی وزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە کارانە لەڕووی ئابوریەوە سودێکی زۆر بە هاوڵاتیان و خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، چونکە بەرهەمەکان بە تازەیی و هەرزانی دەستدەکەوێت.
ئەو بەرهەمانەی لە هەفتە بازاڕدا نمایش دەکرێن بەرهەمی سەوزە، میوەن و ئەو بەرهەمانەی کە جوتیاران داهێنانیان تێدا کردووە وەک شوتى زەرد و باینجانی سپی و چندان بەروبوومى دیکە.
پرۆژەی هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان تێیدا بەشدارن و ژنانیش ڕەنج و بەرهەمەکانیان پێشکەش بە سەردانیکاران دەکەن، ئەدیبە فازیل ژنێکی دەستڕەنگینی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە، بەدەم دروستکردنی کەلانەوە وتی: ئێمە پێشتر ئامادەکاریمان کردووە و سەرجەم بابەتەکانمان گەنم و ئارد و کەلوپەلەکانمان خۆماڵییە.
خانمان و ژنان دەستێکی باڵایان هەیە لە پێگەیاندن و ساغکردنەوەى بەرهەمەکاندا
نوخشە ناصیح، قائیمقامى ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، تایبەت بە ژنها دوا و وتى: لای هەموان ئاشکرایە زەوییەکانى دەورووبەری هەڵەبجە و شارەزوور بەپیتن بۆ کشتوکاڵ و باخداری، پشتگیریی خۆمان بۆ خاوەن باخ و سەرجەم جوتیاران دووپات دەکەینەوە.
هەروەها وتیشی: خۆشحاڵم ژنان دەستێکی باڵایان هەیە لە پێگەیاندن و ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان و دەست خۆشیان لی دەکەین و بەهیوای بەردەوامی لە کارەکەیاندا.
ئەو بەرهەمانەی لەلایەن ژنانەوە دروستدەکرێن بەرهەمێکی بەپێز و جوانن
کوێستان ئەکرەم فەرەج، سەرۆکی شارەوانى هەڵەبجە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە کردنەوەى هەفتە بازاڕ و بەشداریکردنى ژنانی بە گرنگزانى و وتى: ئەو کارانەى کە بەشداریکردنی ژنانی تێدابێت بە دڵنیایەوە شێوازێکی جوان و سەرکەوتووە.
باسیشی لەوە کرد بەرهەمە خۆماڵییەکان بەرامبەر ئەو بەرهەمانەی کە هاوردە دەکرێت پاک و خاوێنتر و بەسودترە، سودی بۆ کڕیار و فرۆشیاریش هەیە.
وابڕیارە هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی هەموو کۆتاییەکی هەفتە لە ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بۆ نۆی شەو بەردەوام بێت، تێیدا سەرجەم پێداویستییە کوردی و خۆماڵیەکان لە بەباتی سەوزە و میوە دەستدەکەوێت.
ت.پ