فەرش چنین؛ هونەری ژنان و ڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی ئابووری

لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسای پیاوسالاری هەیە، بە توندی ڕێگری لە دروستکردنی هەلی کار بە تایبەت بۆ ژنان دەکرێت بۆ ئەوەی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بن، بەڵام ژنان بە تێکۆشان و ڕەنجی خۆیان ڕووبەڕووی ڕێگری و بەربەستەکان دەبنەوە.

سایدا شێرزاد

 

ناوەندی هەواڵ- لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسای پیاوسالاری هەیە، بە توندی ڕێگری لە ڕەخساندنی هەلی کار بە تایبەت بۆ ژنان دەکرێت، بۆ ئەوەی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ نەبن، بەهۆی وابەستەیی ئابووری ژنان بە پیاوان لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا تاوان و توندوتیژی دژی ژنان زیاد دەکات و ژنانیش بە ناچاری بێدەنگ دەبن لە بەرامبەری، لەلایەکی ترەوە هەندێک کارە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە بوارە ئەکادیمییەکان کە بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکەن، بە هۆشدارییەک بۆ کۆمەڵگە پیاوسالارەکان دادەنرێت، چونکە هۆشیاری ژنان زیاد دەکەن.

 

فەرش چنین یەکێکە لەو هونەرە جوان و سەختانەی کە زیاتر بە سەرچاوەی داهاتی ژنان ناسراوە، ژنانی خوێندەوار ، بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو لە بواری خوێندنەکەیان، بە ناچاری فێری هونەری فەرش چنین دەبن تا لە ڕێگەیەوە بژێوی خۆیان دابین بکەن، ئەم کارە بووەتە جێی بایەخی ژنان و سەرچاوەیەکی داهاتیانە.

 

"بیرم لەوە کردەوە ئەم کارگەیە بۆ ژنان دابنێم"

شادان.م، تەمەنی ٣٨ ساڵە، بەرپرسی کارگەی فەرش چنینە لە شاری سنە، دەڵێت: ئەوەندەی بیرمە، بەهۆی کێشەی داراییەوە هەمیشە ئازارم چەشتووە، دایکم پێشتر فەرشچنی دەکرد، بەڵام باوکم هەموو پارەکەی دەبرد، هەرچەندە باوکم کاری دەکرد و داهاتێکی باشی دەستدەکەوت، بەڵام هەرگیز هیچی بۆ خۆشگوزەرانی ئێمە نەدەکرد،  تا ئێمە لەسەر پێی خۆمان بوەستین، دوای تەواو کردنی زانکۆ و هاوسەرگیری کردنم، سەرچاوەیەکی ئابووری باشم دەستکەوت و بڕیارم دا ئەم کارگەیە بکەمەوە بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بن.

 

جیهان.ق، تەمەنی ٤٧ ساڵە، دایکی ٣ منداڵە، بەهۆی یاسای پیاوسالارییەوە لە منداڵدا هاوسەرگیری کردووە و ئێستا لەم کارگەیەدا کار دەکات، دەڵێت: هاوژینەکەم کەسێکی خراپ و ئەخلاق خراپە، دۆخی دارایی باشی هەیە، بەڵام بە زۆر پێداویستییەکانی ماڵەکە دەکڕێت، کوڕ و کچی یەکەمم هاوسەرگیریان کردووە و کوڕە بچووکەکەم دەستی بەسەر دوکانەکەی باوکیدا گرتووە و لەوێ کار دەکات، ئەگەر نەخۆش بکەوتمایە هەزار تۆمانم نەبوو بچمە نەخۆشخانە و هەندێک جار کوڕەکەم دەهات و پارەی پێ دەدام، باوکیشی ئەوەندەی پێدەدام کە بە دەگمەن بەشی پێداویستییەکانی دەکرد، قسەی ناشرینی دەکرد و هەندێک جار لێی دەدام، لە ڕۆژدا کە هاوژینەکەم لە ماڵەوە نییە، دێمە ئەم کارگەیە و کار دەکەم بۆ ئەوەی پارە بۆ خۆم پەیدا بکەم، ئێستا کەمتر لە ماڵەوە دادەنیشم و کەمتر خەمبار دەبم، چونکە لێرە کاتێکی خۆش بەسەر دەبەم.

 

مەحبوبە. ف، ٥١ ساڵە و دایکی ٤ منداڵە، دەڵێت: لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیریم کردووە، هەر لەسەرەتاوە فەرشم دەچنی و پارەکەیم دەدا بە هاوژینەکەم، تا کارێک بۆ خۆی بنیاد بنێت، دواتر بووە خاوەنی کاری خۆی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ من خراپ بوو و ڕێگەی پێنەدام کار بکەم، چونکە کاتێک ویستمان خانوو بکڕین، داوام لێکرد نیوەی خانووەکە بکات بە ناوی منەوە، ئەویش ڕەتیکردەوە، چەند ساڵێک تێپەڕی و منداڵەکانمان گەورە بوون و دوو کچەکەم هاوسەرگیریان کرد، لەگەڵ دوو کوڕەکەم ماینەوە تا ٣ ساڵ لەمەوبەر هاوژینەکەم لە ڕووداوێکدا بووە خاوەن پێداویستی و لە ماڵدا مایەوە، نەیدەتوانی کار بکات و جگە لە مووچەی کەمی بیمە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتمان نەبوو، ساڵێکە لێرە کار دەکەم و لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی ئەم کارگەیەوە هاتم و دەستم بە کار کرد تا بتوانم یارمەتیەکی داراییم دەست بکەوێت.

 

"ئەگەر کارگەکە نەبووایە نەمدەزانی چی بکەم"

سارا.م تەمەنی ٣٣ ساڵە و دایکی کوڕێکە، لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و سەبارەت بە ژیانی خۆی دەڵێت: بەهۆی ئەخلاقی خێزانەکەمەوە هاوسەرگیریم کرد، تا ئەو کاتە، کارم دەکرد و دەمخوێند، دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد، دوو گیان بووم، بۆم دەرکەوت کە هاوژینەکەم ئالوودە بووە، ئێستا ناچارم لێرە کار بکەم بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی خۆم و کوڕەکەم پەیدا بکەم، هەندێک جار هاوژینەکەم بە زۆر پارەم لێ وەردەگرێت، بەڵام پارەکەم خستۆتە سەر کارتێک و داومە بە دادە شادان تا هەرکات پێویستم پێی بێت لێی وەربگرم، ئەگەر ئەم کارگەیە نەبوایە نازانم چیم دەکرد.

 

ناهیدە.م و مریەم.ک ژنانی بەڕێوەبەری ماڵن کە پێکەوە کارگەیەکی فەرشچنینیان داناوە تا داهاتێکی خۆیان هەبێت و هەلی کاریش بۆ ژنانی دیکە دەستەبەر بکەن، ناهیدە دەڵێت: دوو ساڵ لەمەوبەر هاوژینەکەم بە ڕووداوێک گیانی لەدەستدا و منیش بە دوو منداڵەوە مابوومەوە، بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو پارەیەی پێیانداین چی بکەین، تا مریەم پێشنیاری بۆ کردم ئەم کارگەیە دابنێم.

 

ژنانی کارگەکە خۆیان بەڕێوەبەری خێزانەکەن

مریەم.ک، تەمەنی ٥٤ ساڵە و دایکی دوو منداڵە و بەڕێوەبەری ماڵە، دەڵێت: کاتێک هاوژینەکەم لەدەستدا منداڵەکانم بچووک بوون، بە موچەی هاوژینەکەم گەورەم کرد و ناردم بۆ زانکۆ، ناهیدە دراوسێمانە و کاتێک قسەی لەگەڵ کردم و تێگەیشتم کە ئەویش دەزانێت فەرش بچنێت، ئەم بیرۆکەیە هات بە مێشکمدا، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری ژنانی دیکە بکەین کە بەڕێوەبەری خێزانن، ئێستا هەر ژنێک لێرە کار دەکات خۆی بەڕێوەبەری خێزانەکەیەتی.

 

مینا.ڕ و نەسرین.ش دوو ژنی گەنجن کە لەگەڵ چەند کەسێکی تر لەم کارگەیەدا کاردەکەن، مینا لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و منداڵێکی هەیە، هەفتەی چەند ڕۆژێک لەگەڵیدا بەسەر دەبات، دەڵێت: لەلایەک بۆ بژێوی ژیانم دەبێت کار بکەم، لەلایەکی تریشەوە دەمەوێت پارەم هەبێت بۆ کوڕەکەم کە دێتە لام خەرجی بکەم بۆی.

 

نەسرینیش دایکی دوو منداڵە و بەهۆی نەخۆشییەوە هاوژینەکەی لەدەستداوە، دەڵێت: خێزانی هاوژینەکەم دوای مردنی ئاگایان لە ئێمە نەبوو و لەگەڵ دایک و باوکم دەژیم، بەڵام بەو پێیەی باوکم پیرە و توانای کارکردنی نییە، بڕیارمدا بەدوای کارێکدا بگەڕێم، بۆ ئەوەی لانیکەم بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەکانم دابین بکەم.